چاوتان دەیبینێ..؟ گوێتان دەیبیستێ..؟

چاوتان دەیبینێ..؟ گوێتان دەیبیستێ..؟
پێشکەوتن و سەرکەوتن و بووژانەوەی بەردەوامی هەولێر، دەستکەوتی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
د.محمد خدر مولود
رۆژەڤی ئەمرۆ لە کوردستان بە گشتی و لە شاری هەولێر بە تایبەتی، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقە، لێرە لە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە شاری دێرینی هەولێر و پایتەختی کوردستان بووەتەوە بە بابەت و بڕگەی سەرەکی گەرمی ریکلام پێکراوی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا کە لە رۆژی 10-10-2021 ئەنجام دەدرێ.
هەولێرییەکان دانیشتوان و هاوڵاتی و هاوشاریانی هەولێریی، وەک هاوشارییانی شارەکانی دیکەی کوردستان، شانازی بەوە دەکەن کە شارەکەیان هەردەم بابەتی گەرمی کەمپینی هەڵبژاردن بێ، بە سۆز و بەڵێن دان بە شارەکەیان بۆ باشتر پێشخستنی بێ، لە بەرامبەر کۆکردنەوەی دەنگی دەنگدەران بۆ بەربژێرانیان. گەر بە ریکلامکردن بە هەولێر هەر بۆ تاکتیک و گەرمە تای کەمپینی راکێشانی دەنگدەر نەبێ.
ئەوەیان گەر چەندین مانا لەخۆوە بگرێ، ئەو مانایەش لەخۆوە دەگرێ کە هەولێر و هەولێرییەکان خاوەن پێگەی تایبەتی ستراتیژی کوردستانن و شارەکەیان ناوەند و پایتەختی بریاری سیاسیی و هێزی بەرگری و ئابوورییە و شار و پێگەی قونسوڵخانەی وڵاتانی جیهانە و لە ناوچەکەدا ئاستی شان و شکۆی هەولێرییەک لە ئاست شان و شکۆی بەغدایی و تارانی و ئەنقەرەییەک دایە.
لەکاتێکدا تاک و کەسەکانی نێو کۆمەڵگای هەولێرێ وەک زۆربەی هەرە زۆری تاکەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستانی نیشتیمانپەروەرن و لەو جۆرە کەسانە و کەسایەتیانەن بیر تیژن، نەک بیرکۆڵ و خاوەن باوەڕو وەفا و دڵسۆزن، خودان هزری ئاوریشمی بیرکردنەوەو تێفکرینن، خاک و شار و نیشتیمانی خۆیان لا پیرۆزە. ئاشتی خواز و شارستانین، شارەکەیان لانە و شاری غەریب و لێقەوماوانە، مێوان دۆست و نان بدە و دەرگا گەورەی واڵا و کراوەن.
ئیدی، ئەوە هەولێر، هەولێرە، پشتی چیایە، ناوەندی باژێرە، قەڵا و سەفینی بەرامبەرە، هێشتا، دەستی بە هەویرە، هەموو شتێکی لەبیرە.
ئاخر، هەولێرییەکان نیگەران و دڵشکاوی لایەن و کەسانن، ئەوان، هەولێریان بە دەبەنگ و فەقیرۆکە و نەزان دەزانی، دێرینترین شاری زیندەگی جیهانیان لێ کردن بە (گوندێکی گەورەی وێران).
هەولێرییەکان مارانگەستە و ترساوی دەستی ئەتکراوی پیرۆزیەکەیەتی (هەولێر کوێی پیرۆزە، تا شەڕی تێدا نەکرێ......؟)
هەولێر و هەولێرییەکان مارانگەستەی ئەهلی سرنج و شروونقە تیزاب وەشێنەکانن، ئەوانەی بە نوێژی نیوەرۆ لە بازاری هەولێرێ تیزابیان بە پاوپوز و ڕانی کچان و ژنانی ڕووسووری هەولێر و هەولێرییەکان دادەکرد.
هەولێر و هەولێرییەکان، ئێستایش دیمەنە کۆمێدییە تراژیدیایە (لێکردنەوەی چوار تایەی ئۆتۆمبێل و دانانی لە سەر چوار بلۆک.....!!!!)یان لە بیرە، یا دیمەنی تراژیدیای کۆمێدی
لە جیاتی (فڕی فڕی قەل فڕی.. ههههه ..)، فڕینی بێ باڵی ئۆتۆمبێڵ و نیشتنەوەی لەسەر بانی ژووری پێشەوەی چەندین ماڵی ئەو هەولێرە.
هەولێرییەکان وەک کوردستانییەکانی شارەکانی کوردستان، مرۆڤی هێمن و لەسەرەخۆن، کەمدوون، لەوانەیە کەمتر لە خەڵکی تر حەزیان بە وەسف و پیاهەڵدان و خۆپەسندکردن و خۆ ڕەپێشکردن و مێچکە مڕێچک و ماستاوچیەتی و کووششکێشیی بێ. بەڵام هەمیشە دەپرسن:- ئەرێ ئێوە بۆ واتان بە سەر هەولێر و هەولێرییەکان هێنا..؟ ئەوەندە کەتنە چی بوو بەو هەولێرە نازدارەتان کرد...؟ لە ڕک و ڕقی پارتی و بارزانی بوو..؟ یا لە ڕک و ڕقی هەولێر و هەولێریان بوو...؟
وا ئێستایش هەولێری جەخت دەکەنەوەو دەپرسن:- خۆ هەردوولای هاوکێشەکە هەر یەک هاوکێشەی مەبەستدار بوو، ئامانج لێی (هەولێر و هەولێری، پارتی و بارزانی) بوو.
وا ئێستا هەولێر و هەولێرییەکان دەپرسن:- هەولێر، بە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئاینزایی، بە کورد و تورکمان و کرستیان و ئەرمەنی و بە کوردستانیانی گەرمیانی و کوێستانی و هەورامی و پشدەری و ئاکۆیی و کۆیی و شەنگالی و شێخانی و بادینی و تیرەو هۆزی رەسەنی عەرەبی و بە پشتیوانی خوێن و پشتی رۆژهەڵاتی و باکووری و ڕۆژئاڤایەوە... هەولێرە و بەسەرکەوتن فێرە.
گۆێتان لێییە..؟ چاوتان دەیبینێ..؟ هەولێر بە پارتی گەشاوەتر و ئاوەدانترە، چونکە پارتی و بارزانی ئەندازیاری گەشانەوەو بوژانەوە و پێشخستنی بوون و دەبن، لە گوندێکی گەورەی ناپیرۆزی بوو بە پایتەخی بریار و ناوەندی بەرخودان و نەچەمانەوە و هەمیشە سەرکەوتن.
بۆیە هەولێری وەفا و ئەمەک هەر دەنگی سەرکەوتنی پێ دەدا.
وا ئێستا هەولێر و هەولێرییەکان دەپرسن :
کوردستان، بە پارتی و بارزانی قەشەنگتر و پێشکەوتووترە، بۆیە هەر دەنگی سەرکەوتنی پێ دەدا.




