١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

کاندیدات و متمانە

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵڵا

هاوڵاتی بۆیە دەنگ بە بەربژێرێک دەدات کە بتوانێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوێنەرایەتی خواست و داواکانی خۆی و گەلەکەی بکات و داواکارێکی سەرسەختی بەرژەوەندییەکانی بێت و بوێرانە و چالاکانە بەرگری لە ماف و دەستکەوتەکانی لەو دامەزراوە گرنگەدا بکات و ئەو چوار ساڵی کاندیدایەتیەی سەرومڕ بۆ کاری پەرلەمانی تەرخان بکات و بەشداری وتووێژ و کۆبوونەوەکانی بکات و رۆڵی خۆی بە باشترین شێوە بگێڕێت کە جێی شانازی دەنگدەرانی و گەلەکەی بێت. بەڵام بەداخەوە لەم هەڵبژاردنانەی دوایی پەرلەمانی عێراقدا، چەندین نوێنەر دەبینرا، کە نەک ئەو ڕۆڵە پۆزەتیڤەی بۆ گەل و وڵاتەکەی نەدەگێڕا بەڵکوو هەمیشە لە سەنگەردا بوو، لەگەڵ نەیارانی گەلەکەی و پێچەوانەی بەرژەوەندی و داوا ڕەواکانی گەلەکەی هەڵسوکەوت و رەفتار و هەڵوێستی دەنواند کە هەندێکجار لە دوژمنانی گەلەکەمان زیاتر سنووری دەبەزاند و وێنەی گەلەکەمانی لە بەرچاوی ناحەزان زۆر بە چەوتی نیشان دەداو ئەمەش لە میدیاکاندا بە ئاشکرا رۆژانە دەبینرا.

هەندێک لەو نوێنەرانە، هەر بە گەیشتنیان بە بەغدا، بە پاساوی بێ جێ لە یەکڕیزی گەلەکەیان دەچوونە دەرەوەی فراکسیۆنەکەیان و وەک کاندیداتێکی “سەربەخۆ” خۆیان نمایش دەکرد و دەبوونە داردەستی لایەنە شۆڤینییەکانی نێو پەرلەمان و بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەوەستان.

نموونەش زۆرە و ڕۆژانە لە شاشەکانی تەلەفزیۆن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینرێن.

لەڕاستیدا بۆ دانیشتووانی هەرێم زۆر جێی سەرنج بوو کە حزبەکانی ئەو نوێنەرانە لە هەڵوێستەکانیان بێدەنگ دەبوون و ئەوانیش بێ باکانە بەردەوام دەبوون. خۆشبەختانە تەنیا فراکسیۆنێک کە ئەو دیاردە دزێوەی لێ دیاری نەدا، نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون کە هەمیشە بە ئاشکرا هەڵوێستی بوێرانەیان بەرامبەر نەیاران دەنواند و ڕەنگدانەوەی داخوازی گەلەکەمان بوو لە پەرلەمانی بەغدا.

بۆیە ئەگەر دەتەوێت، هاوڵاتی بەڕێز، نوێنەرێکی متمانەپێکراوت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت کە داکۆکیکارێکی راستگۆی گەلەکەی بێت، دەنگ بە کاندیداتەکانی پارتیمان بدە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار