جیهانبینیی كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێم
پ. د. محەمەد سەدیق
سه‌رۆكی زانكۆی لوبنانی فه‌ره‌نسی
ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا له دیمانه‌یه‌ك و وتارێكمدا كه له میدیای عه‌ره‌بی و كوردیدا بڵاو بوونه‌وه، باسی په‌روه‌رده‌م له عێراق كرد و پێگه‌ی په‌روه‌رده‌یشم لای پارتی دیموكراتی كوردستان له شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه تا دوایین په‌یامی سه‌رۆك بارزانی خسته ڕوو. چه‌ند ڕۆژێك پاش ئه‌وه، ڕێكه‌وتێكی باش ڕووی دا، كه بینیمان به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕێزدار مه‌سرور بارزانی، كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی – كوردستان له 19ی ئه‌م مانگە به‌ڕێوه چوو.
كۆنفرانسه‌كه هه‌م وه‌ڵامگۆیییه‌كی ئه‌رێنی بوو بۆ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی، كه تێیدا ته‌كه‌زی له بایه‌خدان به په‌روه‌رده كرده‌وه، هه‌م جێگه‌ی دڵخۆشیی ئێمه‌ش بوو، وه‌ك شاره‌زای په‌روه‌رده‌یی كه‌وا به‌كرده‌یی بینیمان چاكسازی له سیستمی په‌روه‌رده یه‌كێكه له كاره له‌پێشینه و مه‌زنه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م، ئه‌وه‌تا حكوومه‌ت له‌پاڵ چه‌ند كارێكی مه‌زنی دیكه‌ی وه‌ك: بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ، چاكسازیی له مووچه، دروستكردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگاوبان، دروستكردنی به‌نداو، خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌كییه‌كان، دروستكردنی فڕۆكه‌خانه‌ی دهۆك، به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رتی پیشه‌سازی و زیادكردن و چاودێریكردنی داهاتی خاڵه سنوورییه‌كان، خه‌ریكی جێبه‌جێكردنیانه. هه‌موو ئه‌مانه له كاتێكدایه کە كابینه‌كه له سه‌رێكی دیكه‌وه شه‌ڕی قه‌یرانه‌كان ده‌كات و خۆشبه‌ختانه خه‌ریكه شكستیان پێ ده‌هێنێت.
له كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ییدا چه‌ند خاڵێكی گرنگ سه‌رنجی ئێمه‌یان ڕ‌اكێشا، كه زاده‌ی جیهانبینی (World View)ی ڕوون و قووڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده، بۆ نموونه: سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، گوتی: "ناكرێت هه‌ر له‌سه‌ر سیستمى كۆنی خوێندن به‌رده‌وام بین ... به‌ڵكوو ده‌بێت بوێرانه له بڕیاری ڕابردوومان بكۆڵینه‌وه تا بزانین له كوێ شكستمان هێناوه و له كوێ سه‌ر كه‌وتووین.''
له‌دوای ئه‌م فلاشباكه، سه‌رۆكی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به خێراییی پێشكه‌وتنه‌كانی ئێستا كرد كه به شێوه‌یه‌كن چی تر میتۆدی كۆنی خوێندن به‌كه‌ڵكمان نایه‌ت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌رچی زووه، چاكسازی له كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا بكه‌ین، ئه‌ویش به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ته‌كنۆلۆژیای نوێ، چونكه په‌روه‌رده "ڕۆڵێكی گرنگی له گه‌شه‌كردنی ئێستا و داهاتووی نه‌وه‌كانمان هه‌یه، خوێندن له هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له قۆناغی باخچه‌ی منداڵانه‌وه تا بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی و خوێندنی باڵاش پێویستی به چاككردن و چاكسازی هه‌یه". به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ستانداره جیهانییه‌كاندا بگونجێت، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم، چه‌ند وڵاتێكی به نموونه هێنایه‌وه، له‌وانه: سه‌نگافوره، هیندستان، ئوردن و كۆریای باشوور كه له‌ڕێگه‌ی چاكسازیی په‌روه‌رده‌یییه‌وه پێش كه‌وتوون.
هەر لەم پەیوەندییەدا ڕێزدار سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه له به‌ردوامیی پرۆسه‌ی چاكسازی، وه‌ك هه‌میشه گوفتار و كرداری به یه‌كه‌وه گرێ دا، ستراتیژییه‌تێكی تۆكمه‌ی حكوومه‌تی سه‌باره‌ت به كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركردن خسته ڕوو كه زاده‌ی جیهانبینییه‌كی زانستی و هه‌مه‌لایه‌نه و واقیعییه، به شێوه‌یه‌ك کە ده‌توانێت ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بنیات بنێت. یه‌كێك له پنته سه‌ره‌كییه‌كانی جیهانبینییه‌كه به‌ستنه‌وه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنه به بازاڕی كار و پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌مه‌وه كه ئێمه ساڵانێكه وه‌ك پسپۆڕی په‌روه‌ده‌یی داوای ده‌كه‌ین. ئه‌مه جگه له دروستكردنی حه‌زی فێربوون، به شێوه‌یه‌ك کە قوتابی ته‌نها بۆ بڕوانامه‌وه‌رگرتن نه‌خوێنێت.
چه‌قی دنیابینیی ستراتیژییه‌ته‌كه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له بواری په‌روه‌رده و فێركردندا، چاندنی تۆوی خۆشه‌ویستییه له نێوان مامۆستا و قوتابیدا كه هه‌وێنی خۆشه‌ویستییه‌كانی دیكه‌یه، وه‌ك خۆشه‌ویستیی نێوان قوتابی و نیشتمان و قوتابی و ژینگه، قوتابی و پێكهێنه‌ره ئه‌تنی و ئاینییه‌كانی وڵات، كه هه‌موو ئه‌مانه له ستراتیژییه‌ته په‌روه‌رده‌یییه‌كه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا ڕه‌چاو كراون له‌پێناو ئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌كی لێوڕێژ له ئاشته‌واییی كۆمه‌ڵایه‌تی (Social peace) فه‌راهه‌م ببێت و هه‌موو كه‌سێك خۆی تێدا ببینێته‌وه و هه‌مووانیش له‌ڕێگه‌ی به‌شداریكردن له چاككردنی سیستمی په‌روه‌رده‌وه ئاینده‌یه‌كی پێشكه‌وتوو بۆ وڵات دابین بكه‌ین، "چونكه وێنای داهاتووی ئێمه له قوتابخانه‌كانی ئه‌مڕۆی ئێمەوە ده‌كێشرێت، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت کە بزانین داهاتووی وڵاته‌كه‌مان چۆن ده‌بێت، پێویسته سه‌یری په‌روه‌رده‌ی خۆمان بكه‌ین، ئه‌مڕۆ ئه‌گه‌ر توانیمان په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروست و باش بنیات بنێین، دڵنیا بن كه ده‌توانین ئاینده‌یه‌كی زۆر گه‌شتر بۆ وڵاته‌كه‌مان دروست بكه‌ین، پێشتر هه‌وڵێكی وا درا بۆ ئه‌وه‌ی كه زۆر له گه‌نجه‌كانمان دڵ‌سارد ببنه‌وه له‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كی خۆشه‌ویستییان له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌یان هه‌بێت، پێویسته په‌روه‌رده‌ی ئێمه ئه‌م دیارده نادروسته ڕێك بخاته‌وه و چاكی بكاته‌وه."
ئه‌م قسانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، ته‌كه‌زكردنه له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و په‌یامه په‌روه‌رده‌یییه‌ی كه‌وا سه‌رۆكی هێژا مه‌سعود بارزانی له میانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و له یادی شۆڕشی ئه‌یلوولى مه‌زندا، له ڕۆژی شه‌ممه، ڕێكه‌وتی 11/9/2021 ئاڕاسته‌ی كرد و (بیت القصید)ـه‌كه‌ی بریتی بوو له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ''گه‌نج'' و ''نیشتمان'' له ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌وه. ئاخر دوژمنان به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆداڕێژراو، به چه‌ند ئامرازێكی جۆراوجۆر، كاریان له‌سه‌ر لاوازكردنی ئینتیمای لاوان و ته‌واوی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان بۆ وڵات كردووه، باشترین ڕێگاش بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی تاكه‌كان و وڵات – له پێش هه‌موویانه‌وه گه‌نجان – به مێژووی پڕسه‌روه‌ریی گه‌ل و نیشتمان و ڕێگریكردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كانی ڕابردوو، بنیاتنانی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر و ڕێگریكردن له جێبه‌جێكردنی پلانی دوژمنان، په‌روه‌رده‌یه‌كی ته‌ندروسته.
كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌ییی ئه‌م جاره، له دوو ڕووانگه‌ی دیكه‌وه جیاواز بوو، ئه‌وانیش ''هه‌مه‌لایه‌نی'' و ''هه‌نگاوی كرده‌یی''ن، مه‌به‌ستمان له هه‌مه‌لایه‌نی ئه‌وه‌یه كه تێیدا سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازی قوتابی و مامۆستا و خه‌ڵكی ئه‌كادیمی له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، واته ستراتیژییه‌ته‌كه كۆنكریتی نییه و به شێوه‌یه‌ك نییه له سه‌ره‌وه داڕێژرابێت و فه‌رز كرابێت. مه‌به‌ستیشمان له هه‌نگاوی كرده‌یی ئه‌وه‌یه ده‌سته‌یه‌ك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و متمانه‌به‌خشین به داموده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كان پێک بهێنرێت كه پێی ده‌گوترێت: ده‌سته‌ی نیشتمانیی متمانه‌به‌خشین (National Accreditation Body) بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی داموده‌زگا ئه‌كادیمییه‌كان به‌پێی پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خوێندن، به ئامانجی پێشخستنی داموده‌زگا په‌روه‌رده‌یی و فێركارییه‌كان و دانانی پلانێكی ستراتیژی، بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه په‌یوه‌ندیداره‌كان به بواری په‌روه‌رده و خوێندن، ده‌كرێ ئه‌و ده‌سته‌یه ببێته نموونه‌یه‌كیش بۆ سه‌رتاسه‌ری عێراق، كه لێرەدا ده‌بێت ئێمه‌ی كاندید بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و ئه‌ركه له‌ئه‌ستۆ بگرین.
ئه‌مه سه‌رباری هه‌نگاوێكی كرده‌ییی دیكه كه تیمی جێبه‌جێكاری ئه‌ركه‌كان (Task Force)ـە و له پسپۆڕان و شاره‌زایان و مامۆستایان پێك دێت، به ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ قوتابیان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به شێوه‌یه‌كی واقیعی كێشه‌كانی خوێندن دیاری و چاره‌سه‌ر بكرێن و خاڵه لاواز و به‌هێزه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ش دیاری و پته‌وتر بكرێن.
له‌بیرمان نه‌چێت له وتاری هه‌ریه‌ك له به‌ڕێزان وه‌زیری خوێندنی باڵا، د. ئارام محەمەد قادر و وه‌زیری په‌روه‌رده، ئالان حه‌مه سه‌عیددا ئومێدی نوێ و باش به‌دی كرا، وه‌ك: په‌ره‌پێدان به پرۆسه‌ی دڵنیاییی جۆری (Quality assurance) له‌ناو قوتابخانه‌كان به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ واقیعی هه‌رێمی كوردستان بگونجێت، زیادكردنی هه‌ماهه‌نگیی نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، پرۆسه‌ی بنیاتنانی تواناكان، هاوڕێی ڕه‌خنه‌گر، ڕیفۆرم له‌خوێندنی باڵا، ده‌ستوه‌رنه‌دانی ده‌ره‌كی له په‌روه‌رده و خوێندن، دیاریكردنی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌یی به‌پێی دیدگای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، چاكسازی له سیستمی وه‌رگرتن و نه‌رمكردنی سیستمه‌كه به شێوه‌یه‌ك حه‌زی قوتابی ڕه‌چاو بكرێت، په‌یبردن به توانا شاراوه‌كانی منداڵ و ئاماده‌كردنی بۆ زانكۆ، كۆتاییهێنان به ته‌ڵقینی قوتابی، فێربوونی كارامه‌یی، گرنگیدان به وانه‌ی پراكتیكی، ده‌سته‌به‌ری سه‌ربه‌خۆییی ئیداری و زانستیی ناوه‌نده‌كانی خوێندن.
ماوه‌ته‌وه بڵێین: مادام هه‌موومان هه‌ستمان به زه‌رووره‌تی چاكسازیی په‌روه‌رده‌یی كردووه و كێماسییه‌كان ده‌ستنیشان كراون، كابینه‌ی نۆیه‌میش چاكسازیی په‌روه‌رده‌ییی كردووه به كاری له‌پێشینه‌ی خۆی و له ڕووی تیۆری و پراكتیكییه‌وه هه‌نگاوی یه‌كه‌می ناوه، كه‌واته ئاینده‌یه‌كی ڕوون چاوه‌ڕێی وڵاته، له‌و ئاینده‌یه‌دا سیستمی په‌روه‌رده ده‌توانێت توانای مرۆییی پێویست بۆ كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و كه‌رته‌كانی دیكه ده‌سته‌به‌ر بكات كه حكوومه‌ت ده‌ستی به بووژاندنه‌وه‌یان كردووه، بۆیه من گه‌شبینم و ده‌ڵێم: ئاینده‌مان بێگه‌رد و پێشكه‌وتووه -ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌كی به‌هێزمان هه‌بێت- بێگومان ده‌توانین پێ به پێی كاروانی زانست و ته‌كنۆلۆژیای جیهانی به‌ره‌و ئاسۆ هه‌نگاو بنێین، به‌مه‌یش ئامانجی سه‌ره‌كیی چاكسازیی په‌روه‌رده‌یی به‌دی بهێنین.




