١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ئەو (بەڵێ)یە خواستی کوردی گەیاند

سەرچاوە: KDP.info

لە ڕۆژی 7/6/2017دا ئەنجومەنی باڵایی ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پیرمام کۆ بوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریان دا 25ی ئەیلوولی هەمان ساڵ وەک ڕۆژی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دیاری بکرێت.

بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سەرەتای مانگی ٩ دەستی پێ کرد و سەرۆک بارزانی شار بە شار بانگەشەی دەکرد و لە دواین ڕۆژی بانگەشەدا لە شاری هەوڵیر بەسەدان هەزار کەس بەشدار بوون و فۆکسی جیهانی لەسەر هەولێر بوو، سەرۆک بارزانی هەموو ئەو دەنگۆییانەی ڕەت کردەوە کە ڕیفراندۆم دوا دەخرێت.

دوایی ئەوە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی زۆرینە بڕیاری بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی پەسەند کرد و بڕیار درا ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بکرێت، حەماسی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم گەورەتر بوو.

لە ١٢ی مانگی ئەیلوول سەرۆک بارزانی و کۆسرەت ڕەسووڵ چوونە کەرکووک و ڕایانگەیاند، کەرکووک شارێکی کوردستانییە و ڕیفراندۆم لە شارەکە دەکرێت. بەمەش بازنەی ڕیفراندۆم فراوانتر کرا.

'' بۆ سەربەخۆیی، هەموو فیداکارییەک ئاسانە'' ئەمە دواقسەی سەرۆک بارزانی بوو بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ڕیفراندۆمەوە دەڵێت، ڕیفراندۆم سەرفرازترین قوناغی خەباتی سیاسیی دیموکراتیی کوردایەتییە و، ئەمڕۆ یادی چوارەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی خواستی ڕەوای گەلەکەمان و ئاگادارکردنەوەی سەرتاپای جیهان لە شاڵاوی مەدەنیانەی (بەڵێ)ی کوردستانییان و خستنە ڕووی ئیرادەی سەربەخۆییخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ڕابەرایەتیی ڕێبەری بزووتنەوەی حەقخوازی گەلەکەمان، سەرۆک مەسعود بارزانییە و گوتیشی: ''ئەم یادە و ئەم کاروانە لە ڕاوەستان نایەت تا  شادبوون بە مافی چارەنووسی یەکجارەکی''.

لە ڕیفراندۆمد 93٪ خەڵک دەنگیان بە (بەڵێ) دا و زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس دەنگیان دا و زیاتر لە ٧٢٪ پشکدارییان لە ڕیفراندۆمەکەدا کرد.

لەو بارەیەشەوە، ڕێبوار تاڵەبانی، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوایە و بە سەدان ساڵە میللەتی کورد خەباتی کردووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی، ڕۆژێکی شکۆدار و پڕشنگدار و پیرۆزە و جەژنێکە بۆ هەموو میللەتی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، ئەو ڕۆژەی لە یادی هەموو کوردێکدایە، بەڵام نەیارانی کورد وەک شەمشەمەکوێرە چاویان بە کورد هەڵنایەت و دوژمنانی کورد پیلانگێڕی دژی گەلی کورد دەکەن بۆ ئەوەی گەلی کورد داوای مافی ڕەوای خۆی نەکات."

گوتیشی: ''زەمەن تێ پەڕی و هەمووان بە سزای خۆیان گەیشتن و لە مێژوودا ناویان بە ڕەشی تۆمار کرا، بەڵام گەلی کورد هەر ماوە و ئەم ڕۆژە شکۆدارەیشی هەر دەمێنێتەوە.''

ڕێبوار تاڵەبانی بۆچۆنی وایە کە ناوچە کوردستانییەکان زۆر زۆر تامەزرۆری سەربەخۆیی بوون، ئەم ڕۆژە بۆ ناوچە کوردستانییەکان دوو جار جەژن بوو، لەبەر نەهامەتی و ئەنفال و کوشتن و ڕەڤاندن و تەعزیب و تەعریب و شەهیدکردن، بۆیە  بە گوڕوتینێکی زۆر چوونە سەر سندووقی دەنگدانی ڕیفراندۆم.

''پاڵپشتیکردنی ڕیفراندۆم ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە، هەموو کوردێک لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە پاڵپشتی هەمووانە، بەڵام بەداخەوە دنیا پشتی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کورد کرد، بەڵام ئەمە خاکی کوردە و خودا بە کوردی داوە، مرۆڤ دەتوانێت دژی هەموو شتیک بوەستێت، بەڵام ناتوانێت دژی ناسنامە و بوونی خۆی بوەستێت، ئێمە خودا بە کوردی ئافراندووین و دەبووایە هەموو کوردێک پشتیوانی ڕیفراندۆم بووایە، بەڵام دەبێ لێی گەڕێین، چونکە میژوو خۆی سزایان دەدات، ئەوانە گرنگ نین، ئەوەی سەنگی مەحەکە ئەنجامی ڕیفراندۆم بوو، ئەویش 93٪ گوتیان (بەڵێ)، ئەوەی گرنگ بوو ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو نەک ڕۆژەکانی دوایی ڕیفراندۆم.'' ڕێبوار تاڵەبانی وای گوت.

کــاروان بــاعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار