ڕیفراندۆم.. پرسێکی مەزن، بۆ سەربەخۆیی بەربەستێکی پۆڵاین، بۆ پاراستنی کوردستان

د.محمد خدر مولود
لە ساڵیادی چوارەمینی پرۆسەی مێژوویی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا نیشتیمانپەروەران و شەرەفمەندانی گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی هەڵوەستەیێک دەکەن و لە ئێستای خۆیان دەپرسن:
ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و کەوتنی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان روویدا بە شاڵاوهێنانی حەشد و مەشدی بەغدا و تاران و بەیروت، لە شنگالەوە تا خانەقین و دواتر بە سەرهەڵدانەوەی جمووجۆڵی داعش لەو ناوچانەی خاڵی بوون لە هێزی پێشمەرگەی کوردستا ن، گەر بەربەستی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و سەرکەوتنە مەزنەکەی و پاشان بەرگری و بەرخودانی داستانی پردێ و سحێلا لە 25 و 27ی ئەیلوول نەبوونایە ئێستا نەک هەر قەوارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گیانەڵا و ئاوزینگدان دا دەبوو، بەڵکو کەسایەتی تاک و کۆمەڵگای کوردستانیش تووشی شکستیی ولات و پاتی و نامۆیی و شکانی ئیڕادە و شکانی خواست و ویستە ڕەوایە نەتەوەییەکانی دەبوویەوە و وەک تاکێکی سەرکزی نێو مێژوویەکی شکستخواردوو بەرامبەر بە بەغدا و تاران و ئەنقەرە دەردەکەوت.
بە پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەوە، بارودۆخی ئێستایی نێو هزر و ناخی تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی ئامادەگی زیاتری پرسی سەربەخۆیی و خۆبەدەستەوە نەدانی ئیرادەی تێدایە، گیان و هێزی لەبن نەهاتووی بەرخودان و نەچەمانەوەی هەیە، بارگاوی بۆتەوە بە گیان و هێز و ئیرادەی پتەو پۆڵاینی سەربەخۆبوون. هاوکات کەسایەتی ئێستای کوردستانی دوای ریفراندۆم، دەسەڵاتدارانی بەغدای تووشی شەرمەزاریی و دەسەڵاتدارانی ئەمریکاشی تووشی ڕووداماوی کردووە.
ئێستا، دوای ریفراندۆم و داستانی پردێ و سحێلا، دەستە بژێران و چاودێران و سیاسیی و سیاسەتمەدارانی هەردوو حکوومەت و دەسەڵاتی بەغدا - واشنتۆن لەوە تێگەیشتوون کە هەردوو حکوومەتی ئەو دەمی بەغدا و واشنتۆن، ناتوانن خۆیان لە ( کەتن و تاوان ) بدزنەوەو ڕووداماوی خۆیان بەرامبەر گەلی کوردستانی عێراق بشارنەوەو بە روخساری دەمامکدراو و پاساو ئاین و ئۆین هێنانەوە بۆ نامەکەی تیلەرسەن ڕووی ڕاستی پرسەکە بشارنەوە.
ئێستا روخساری دژوناحەزانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە بەرامبەر ڕەوایی و پێداگیری سەرکردایەتی سیاسی و رابەری ڕیفڕاندۆم و بزاڤی رزگاریخوازی بۆ ئەنجامدانی لە کات و ساتی خۆیدا لە 25ی ئەیلوولی 2017 ئارەقەی شەرمەزارییان لێ دەتکێ.
ئێستا لە بەرامبەر جەماوەری گەلی کوردستان و سەرۆک و رابەری ڕیفڕاندۆمدا دۆش داماو ماتومەڵوولن، چونکە هەڵوێستی مەزنی گەل بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆم و هەلوێستی مەزنی سەرۆک بارزانی و ( خۆشەرمەزارنەکردنی بەرامبەر بە خوا و جەماوەر و مێژوو) دا، سەرفرازی و هێز و توانای ئیرادە بۆ سەربەخۆیی لای جەماوەر و خەڵکی کوردستان پتەوترکرد، بڕوابوون بە سەربەخۆیی لە ناخ و هزری کۆمەڵگای کوردستانی فۆڕمەڵەکردەوەو تۆکمەتری کرد بۆ ساتی پێویستی بریادان ئامادەی کردنەوە، ئامادەبوونێک ئیتر ببڕای ببڕ ( کورد سەپانی باوکی کەس نییە ).
ئێستا دوای چوار ساڵ لەو مێژووە سەرفرازییەی رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 گەلی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازییەکەی باشتر لە ڕووی راستەقینەی ( کۆبوونەوەکەی سحێلا ) تێدەگەن، ئەو کۆبوونەوە مێژووییەی وەک سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبە مێژووییەکەی دا ( بۆ مێژوو – لاپەرە 92) دا نووسیوویەتی و دەڵێ:
گرنگترین جموجۆڵە دبلۆماسییەکانی مانگی ئەیلوولی 2017 کۆبوونەوەکەی سحێلا و تەلەفۆنەکان و نامەی تیلەرسەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی سەرۆک ماکڕۆن، سەرۆکی فەڕەنسا بوو.
ئێستا.. برێیت مەگۆرگ، یان کۆبیچ، دۆگڵاس سلێمان و فڕانک بیکەر لە مالکی و عەبادی و مەبادی، باشتر و جوانتر تێگەیشتوون کە کوردستان: خاوەنی کارتی بەهێزی ئەنجامە سەرکەوتووەکەی ڕیفڕاندۆمەوە، نەخشە رێگای سەربەخۆیی لەبەردەستدایە و خودان تاپۆی پرسی سەربەخۆی خۆیەتی.
هەولێر 25-9-2021




