١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نە هەولێر کابوولە و نە کوردستانیش ئەفغانستان

سەرچاوە: KDP.info

شرۆڤە بۆ پەیامی سەرۆک بارزانی 

نە هەولێر کابوولە و نە کوردستانیش ئەفغانستان

د.محمد خدرمولود 

پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئێوارەی رۆژی 22-8-2021 یەکێکە  لە پەیامی گرنگ و بەهاداری ئەمرۆی رووداوە گەرمەکانی ناوچە گڕگرتووەکەی رۆژهەڵاتی ناوین. ناوەرۆک و بابەتی پەیامەکە، هەڵقوڵاوی نێو رووداوەکانی ئەفغانستان و کارەساتی فرۆکەخانەی کابوولە و ئاراستەکەی رووی لە خەڵکی کوردستان و میللەتە تێکۆشەرەکەیەتی و ناراستەخۆیش رووی لە دۆست و نەیارانی دۆز و پرسی کوردستانیشە.

ئەم پەیامە، لە ستراتیژیەتی هەستکردن  بە بەرپرسیاریەتی سەرۆک بارزانی و پێگە و هێزی ئیرادە و رەوایی مافی نیشتیمانی گەلی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە. مەبەست لە گەیاندنیدا لەم کات و ساتەدا تەنیا هەر بەرپەرچدانەوە و رەواندنەوەی نیگەرانی و مەترسی و دڵەڕاوکێیی و نا ئومێدیی نییە لە لایەن کەسانێکەوە بە مەبەستەوە ئاراستەی خەڵکی کوردستان کراون وەک لە دێڕی یەکەمی پەیامەکەدا هاتووە (ماوەی چەند رۆژێکە تەوژمێکی سیاسی و میدیایی) بەو ئاراستەیە کار دەکەن، بەڵکو مەبەستی  تری پەیامەکە  پێشان دانەوەو خستنە بەرچاو و هێنانەوە و ئامادەگی نێو هزری میللەت و خەڵکی کوردستان و جیهان و دەوروبەرە بۆ رەوایەتی ماف و دۆزێک کە لە کوردستاندا میللەتە تێکۆشەر و پێشمەرگە قارەمانەکانی بە ئیرادەی پۆڵاینەوە خاوەنداریەتی دۆز و پرسە مێژووییە دەکەن.

کەوتنی حکوومەتی ئەفغانستان و گرتنە دەستی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە هەر چۆنێک بووبێ، هاتنەوەی تالیبان بۆ سەر شانۆی رووداوەکان و کشانەوەی ئەمریکا لەوێ و بە خۆنەکەوتنی هەزاران بەر هەزاری ئەفغانییان بۆ گەیشتنە نێو فرۆکەی ئەمریکی تاڵترین دیمەنی گەلێکی زوڵملێکراوی بێ فریادڕەسی غەفڵەتگیری فریودراوە، لەو دیمەنە گشتییە کارەساتبارەدا، چەندە ئەمریکییەکان و یارییە سیاسیەکەیان بەرپرسیارییەتییان دەکەوێتەوە ئەستۆ ئەوەندەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ولاتانی زلهێز و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ تێیدا زمان کورت و لچ شۆڕن بەرامبەر خەڵکە رەش و رووتە لێقەماوەکەی ئەفغان.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەی دا وێرای ئەوەی دڵنیایی و ئارامی دەبەخشێتەوە، تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانیش بە کۆمەڵگای بەهێزی خاوەن باوەر و گەل و میللەتی هوشیار و خۆراگری ئازا و جەربەزە و ئازارچەشتەی رۆژگارە سەختەکان پێشان دەداتەوە، نەک پێچەوانەکەی پێشاندانی گەلێکی بێ خاوەنی وەک (مێگەلی دەم رووداوەکانی پەرتکە و زاڵ)ی (تەوژمە سیاسی و میدیاکان) لە پەنای کابوول و تاڵیبانەوە وا وێنای گەلی کوردستان بە ناشیرینی و کرێتی نیشان بدەن. 

هەروا لە ناوەرۆکی پەیامەکەدا ئەوە دەخوێنینەوە کە گەلی کوردستان لە دەرەوەی سنووری پارت و حزبەکانیشەوە خاوەنی سەرۆک و رابەر فریادرەس و کاریزمای مێژوویی و مێژووکردەی خۆیەتی و لەژێر چەتری ئارام و دڵنیایی پێشمەرگە قارەمانەکانیدا ژیانی سەرفرازی و شکۆمەندی خۆی بەسەر دەبات، نەک ژیانی مێگەلی نێو گاڕانی حوشترەوان و گامێشەوانی ئەوم ئەو.

گەلی کوردستان و میللەتە تێکۆشەرەکەی چەتری دڵنیایی و پارێزراوی قارەمانیەتی و گیانفیدای وەک پێشمەرگەی هەیە. ئەو پێشمەرگەیەی ناوی پیرۆزی چۆتە نێو فەرهەنگی  دونیای بە ئاگا و وەک سومبوڵی بەرگری تێکۆشانی گەلانیش بۆتە هێما و ئاماژە.

سەیری ئەم چەند رستەیەی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بکەن و دواتر لایەنە  بەراوردکارییەکە دەخەینە بەر هزر و شرۆڤەکاری: 

(جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ئەفغانستان و کوردستاندا هەیە، جیاوازیەکی زۆریش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسکی گەلی کوردستانە، خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە، نموونەیان داستانی کۆڕێ و تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەکانی پردێ و سحێلان). 

ئەم بڕگەیەی  نێو ئەو پەیامەکە یەکێکە لە کڕۆکی مەبەستی پەیام دوای چەند کاتژمێرێک کەمتر لە 24  کاتژمێر دوای گەیشتنی تالیبان بە کابوول، لێرە لە کوردستان ئەو تەوژمە سیاسی و میدیایی لە شێوەی هەڵمەتی میدیایی ئاراستەکراو شرۆڤە و بۆچوونی وایان هێنا گۆڕێ کە هەڵقووڵاوی نێو نیگا و هزری (بە کابوول بوونی هەولێر و بە ئەفغانستان کردنی کوردستان)ەوە سەرچاوەیان گرتبوو مەرام و مەبەستیش لێی نانەوەی ترس و تۆقاندن و پشێوی و ئاژاوەی سیاسی و تێکدانی ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵگای کوردستانی بوو.

خاوەنی ئەم دیدگا و نیگا بینینانە، هەڵگری هەر ناو و نازناوێک بن و،  سەر بە پاشخانی هزری هەر لایەن و پارت و رێکخراو کۆمەڵێک بن ئەم هاوکێشە و پێکگرتن و بە بەراوردکردنە (بە کابوول بوونی هەولێر، بە ئەفغانستان کردنی کوردستان)، نەک هەر دەچێتە نێو خانەی زڕە خەون و خەونی حوشتر، بەڵکو  بەراوردکارییەکەی لە نێوان (هەولێر- کابوول، کوردستان - ئەفغانستان) هیچ ئەگەر و مەگەرێک هەڵناگڕێ جگە لە خەیاڵی سەقەتی نێو هزری سەقەت. 

ئەو بەراودکاری و پێکگرتنەی ئەوان لە کاتێکدایە جیاوازییەکانی نێوان ئەفغانستان و کوردستان، پێشمەرگە و سوپای ئەفغان ئاسمان و رێسمانە وەک سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی پێداوە.

ئاماژەکانی نێو پەیامەکە مانادار واتا  بەخشن ئەو رەهەندانە لەخۆ دەگرێ: داستانی کۆڕێ، تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش، داستانی پردێ و سحێلا.

 

رەهەندەکانی ئەم سێ داستانە مێژووییە، هاوچەرخی و سەردەمییەی بوونە، مێژوو و تەمەنیان لە ماوەی نێوان سی (30)ساڵ  دایە، هەرسێکیان بۆ بزاڤی رزگاریی نیشتیمانی کوردستان وەرچەرخان و خاڵی درەوشاوە و شکۆمەندی مێژوویین.

لە دەربەندی کۆڕێ بە قارەمانیەتی پێشمەرگە و هێزی ئیرادەی بەرخودان و بەرگری  سەرکەوتنی داستانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی 1991  هاتە دی. لە کاتێکدا کۆچی ملیۆنی خەڵک و گەلی کوردستان سنوورەکانی ئێران و تورکیایان بڕیبوو بە لێشاو لە ترسی پەلامار و هێرشی دیکتاتۆریەتی بەغدا شاریان جێ هێشتبوو، ئەوە تەنیا و تەنیا ئیرادەی  پێشمەرگەی گیانفیدا بوو بێ هاریکاری هاوپەیمانان و یارمەتییەکی سەربازی وڵاتانی دەرەکی لە دەربەندی کۆڕێ سەنگەری خۆنەچەماندنەوەو بەرخودانیان هەڵبژارد، ئەم بەرگرییە لە کاتێکیش دا بوو رێگا بە فڕینی فرۆکە جەنگییەکانی بەغداش درابوو، بەڵام  چەند ساتێ لە ساتەکانی بەرخودانی دەربەندی کۆڕێ سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتارە ناودارە گرنگە شۆڕشگێرییە جەماوەرییەکەیدا بەڕووی هەزاران لە جەماوەری گەلی کوردستاندا لە  شارۆچکەی سۆران  روون و رەوان و راشکاو و بوێرانە گوتی: (ئێمە کوردستان جێ ناهێڵین، مەگەر تانک و زریپۆشەکانی رژێم بە سەر جەستەی ئێمەدا تێبپەڕن).

ئەم گوتارەی سەرۆک بارزانی لە ئەو ساوە لە نیسانی ساڵی 1991وە  بۆ ئێستا و ئایندە، سەرباری رەهەندە سیاسیی و شۆرشگیرییەکەی لە مێژووی سیاسی بزاڤی رزگاری خوازیی گەلی کوردستاندا بە یەکەمین گوتاری شۆڕشگیڕی بەرگری نیشتمانی دادەنرێت، هەڵقوڵاوی ناخ و هزر و بەرنامەی کاری سەرۆک و رابەرێکە بەرپرسیارەتی مێژوویی گەلێکی لە سەرشانە و پێگە و رۆڵ و پایەی ئەوەی لێ قبووڵ ناکات خۆی شەرمەزاری میللەت و خەڵک و خوا و مێژوو بکا،  بۆیە راشکاو و بوێر و ئازا و جەسوور و لێبراوانە بڕیاری بەرگری و بەرخودان و خۆنەچەماندنەوە هەڵدەبژێرێ.

لە مێژووی گەلانی دونیاشدا، گەلانی تێکۆشەر و خەباتکار لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی ئەو جۆرە بڕیارانە هەر تەنیا  بە سەرۆک و رابەرانی مێژووکردە دەدرێن و جێبەجێ دەکرێن، نەک سەرۆک و رابەرانی بە بڕیارکردە. جا ئەوەیە خاڵی جیاواز و جیاکاری لە نێوان (سەرۆک و رابەری مێژوو کردە) و (سەرۆک و رابەری بڕیار کردە).

شانازییە بۆ گەلی کوردستان کە بەخت و شەنس یاریەتی مەسعود بارزانی هەیە، سەرۆک و رابەرێکی مێژوویی خۆی هەیە، نەک سەرۆک و رابەرێک بە بڕیار و رێککەوتن سەرۆک و رابەر بێ، خۆشبەختی و شانازی و بەختەوەری گەلی کوردستانیش لەوەدایە ئەو سەرۆک و رابەرە، ئەوەندە شانازی بە ناسناو و نازناوی (پێشمەرگە) بوونی خۆی دەکات ئەوەندە لە خەمی ناسناوی تردا نییە. ناحەزانیش با لە داخا یەخەی خۆیان هەردادڕن.

رۆژگار و مێژوو، مێژووی نزیکیش  هەر ئەو راستییەی سەلماندن، بە بوون و ئامادەبوونی  مەسعود بارزانی سەرۆک و رابەر و پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ و ئیرادەی قارەمانانەی پێشمەرگە گیان فیدایی خۆراگری خەڵکی کوردستان ئەو  تەلیسمەی  داعش تێکشکا و گۆڕەوشار بوویەوە.

ئاخر بەرێز بارزانی لە باگڕاوەندەی یارییەکە تێگەیشت بوو و پەی بە ماهیەتی داعش و داعشیەت بردبوو. بۆیە هەر زوو ئەوسا و ئێستایش هەر دەستەواژە و واژەی (ئەفسانەی داعش)ی بۆ بەکار دەهێنان. 

لە قارەمانیەتی گوتار و کردەوەی شۆڕشگێری (سۆران و کۆڕێ)وە بۆ تێکشاندنی (ئەفسانەی داعش) پاشان تێکشکانی گەلە کۆمەکی دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە داستانی پردێ 20ی ئۆکتۆبەر و لە داستانی سحێلا 26ی ئۆکتۆبەر، تۆ بڵێیی کەسانێ هەبن غەفڵەتگیر بن و خەیاڵی ئەوەیان هەبێ ئازاری خەڵکی کوردستان بدەن ..؟

ئەی ئەوسا سەرۆک بارزانی گوتەنی (بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر). 

ئەی ئەوە غەفڵەتگیرییە یا نەزانی و تێنەگەیشتنی کەسانێکە، هێشتا نەیانتوانییوە لە ئیرادە و خۆڕاگری گەلەکەیان، گەلی کوردستان تێبگەن و بەراوردکاری سەیر و سەمەرەش دەکەن ..؟ 

 

هەواڵی پەیوەندیدار