ھۆشیار سیوەیلی لەگەڵ پارتەکانی سی.دی.یۆ و دێلینکە و دامەزراوەی کۆنراد ئەدیناوەر کۆبوویەوە

لە بەردەوامیی سەردان و چالاکییە سیاسییەکانی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرلین، هۆشیار سیوەیلی و شاندی یاوەری لەگەڵ ژمارەیەک پارتی سیاسی، پەرلەمانتاران و دامەزراوەکانی شیکاری و ستراتیژی و سیاسی ئەڵمانیای فیدراڵ و دامەزراوەکانی ڕەوەندی کوردستانی و لە نێویاندا بەسەرکردنەوەی ئەنستیتۆی کوردی لە بەرلین و لقی ٦ی ئەورووپای (پ.د.ک) و پارتی (سی.دی.یۆ) و پارتی چەپ دیلینکە و دامەزراوەی کۆنراد ئەدینماوەر ئەڵمانیادا تاوتویی دۆخی هەریمی کوردستان و پارچەکانی تری کوردستان و پەیوەندییە ناوخۆیی و ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکانی هەریمی کوردستان و بەتایبەتیش برەودان و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەگەڵ لایەنە سیاسی و پەرلەمانییەکانی ئەڵمانیا دەدەن کە ئامانج لێی پشتگیری و بەردەوامیدانە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەریمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ و دامەزراوەکانی هەردوو لا. لە لایەکی ترەوە، بەهۆی بەردەوامیی مەترسییەکانی خۆپاریزی لە پەتای کۆرۆنا و دەستپیکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنە گشتی و فیدراڵی و هەریمییەکانی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ کاتی دیدار و چاوپیکەوتنەکان لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی بەهۆی گرفتی کات نەگونجاو بوون و دوا خران بۆ ئایندە، کە مەزەندە دەکریت دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنە گشتی و فیدراڵییەکان لەم وڵاتە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و لایەنە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی نێوانیان و ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی تر لە ئەڵمانیا و کوردستان دەدە.

پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ (سی.دی.یۆ) لە پەرلەمانی هەریمی بەرلین پیشوازیی کرد لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و شاندی یاوەری لەلایەن شتیفان ئیڤیرس، سکرتیری سەرکردایەتیی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ (سی.دی.یۆ) و ئەندامی پەرلەمان لە هەرێمی بەرلین بەگەرمی پیشوازی کران، لە دیدارەکەدا گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەریمی کوردستان و ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەموو ئاستەکاندا و پەیوەندیی دەرەوە و دووقۆڵیی نێوان (پ.د.ک) و پارتی ( سای.دی.یۆ) لە بوارە جیاجیاکاندا جەختی لەسەر کرایەوە. دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و نیودەوڵەتی، هەڵبژاردنە گشتی و پەرلەمانی و هەرێمییەکان لە ٢٦ ی سێپتەمبەر لە ئەڵمانیای فیدراڵ و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە عێراق و ڕۆڵ و پیگەی هەردوو پارتی دۆست و میکانیزمی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان تاوتوی کرا، سوپاس و ستایشی پشتگیری و هاوکارییەکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ کرا لە هەریمی کوردستان و دامەزراوەکانی لە پشتیوانیی سەربازی لە تیکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە کوردستان و لە ساتەوەختی ڕیفراندۆم و پۆست ڕێفراندۆم و گرنگیدانی ئەڵمانیا بە پیشکەوتنەکانی هەریم و ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپیدانی پەیوەندیی سیاسی، ئابووری و زانستی و کەلتووری و ئاوەدانکردنەوە. هەروا داوا کرا ئەڵمانیای فیدراڵ لەسەر ئاستی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی و ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا و ڕیکخراوە نیودەوڵەتییەکان سەنگ و کاریگەریی خۆی بخاتە گەڕ بۆ پشتیوانیی زیاتر لە حکوومەتی هەرێم و دامەزراوە سیاسی و دیموکراسی و مەدەنییەکان لە کوردستان. دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و ئەفغانستان، بەردەوامیی شەڕ و ململانێیەکانی تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەریمی کوردستان کە زیانی زۆری گەیاندووە بە ناوچە سنوورییەکان و ژینگەی ناوچەکە و گوندنشینان و ئاساییش و سەقامگیریی هەرێم بە فراوانی شی کرایەوە، هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵ هیوای سەرکەوتنیان بۆ یەکتری بەهیوا خواست لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیدا و جەختیان لە گەشەپیدانی پەیوەندیی سیاسی و دۆستانەی نێوانیان کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوانیان زۆر باش و دۆستانەن و شاندیکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە ڕۆژانی نێوان ١٥ تاکو ١٦/١/٢٠٢١ بەفەرمی بەشدارییان لە گۆنگرەی پارتی فەرمانڕەوای کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیای فیدراڵدا کردبوو.

لە پەرلەمانی هەریمی بەرلین پارتی چەپ (دیلینکە) پیشوازیی کرد لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)
شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە دریژەی دیدار و چاوپیکەوتنەکانیاندا لە بەرلین لەلایەن هاکان تاش، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی لە بەرلین و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاساییش و خۆگونجاندن و ناوخۆ و گوتەبێژی فراکسیۆن بۆ کاروباری سیاسی و بەربژێری پارتی چەپی (دێلینکە) ئەڵمانیایە بۆ بۆندستاگ بەگەرمی پیشوازی کران. هاکان تاش بە ڕەچەڵەک چالاکلوانیکی سیاسیی کوردی خەڵکی باکووری کوردستانە و لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی هەریمی لە ئەڵمانیای فیدراڵ هەڵبژێردرا و لە خولی تازەی هەڵبژاردنە گشتی و فیدراڵی و هەرێمییەکان لە ئەڵمانیا بەربژیری پارتی چەپ (دیلینکە)یە، مانگی ڕابردوو بەتایبەتی سەردانی هەریمی کوردستان و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و چەندین دامەزراوەی حکوومەتی هەریم و پەرلەمانی کوردستانی کردبوو و چالاکە لە بواری بەهیزکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی چەپ لەگەڵ (پ.د.ک) و هەریمی کوردستاندا کە لەسەر بانگهیشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە ئایندەدا شاندیکی سیاسی، پەرلەمانی لە پارتی چەپ (دیلینکە) بۆ ئاشنابوون بە دۆخی هەریمی کوردستان سەردانی کوردستان دەکەن. لە دیدارەکەدا بە فراوانی باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەڵبژاردنە فیدراڵی و هەریمییەکان لە ئەڵمانیا و هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان لە عێراق کرا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هیوای سەرکەوتنی بۆ هاکان تاش و بەربژیرە کوردەکانی نێو پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ بەهیوا خواست و بەتایبەتیش لە بەردەوامیدان بە هەوڵ و تیکۆشانیان بۆ خزمەتی پیشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و دامەزراوە سیاسی، پەرلەمانی و حکوومییەکان و... ئەم وڵاتە لەگەڵ هەریمی کوردستاندا. کە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پیشتریش بەجیا لەگەڵ خاتوو هیلین ئەڤرەم سۆمەر، ئەندامی پەرلەمانی بۆندستاگی ئەڵمانیا لە پارتی چەپ (دیلینکە) لەنێو باڵاخانەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دیدارێکیان ئەنجام دابوو. لە تەوەریکی تری دیدارەکەشدا دۆخی ناوخۆیی و پەیوەندییە ناوچەیی و نیودەوڵەتییەکانی هەریمی کوردستان و، پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و وڵاتانی ناوچەکە و، کاریگەریی مەترسییەکانی شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە بۆ سەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و گوندنشینان و ژینگەی ناوچەکە و ئاساییش و سەقامگیریی کوردستان خرایە ڕوو. دۆخی ئەفغانستان و پرسەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئایندەی هەریمی کوردستان شیکردنەوەی بۆ کرا.

لە بەرلین لەلایەن دامەزراوەی کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ پیشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرا.
شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دریژەی دیدار و چاڵاکییەکانیان لە بەرلین سەردانی چەندین دامەزراوەی سیاسی، شیکاری و ستراتیژیی ئەڵمانی و ئەنستیتۆی خویندنی کوردییان کرد و چەندین پرسی سیاسی و شیکاری و زانستییان لەگەڵدا تاوتوێ کرد.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و شاندی یاوەری لە بەرلین لەلایەن خاتوو جەنان ئەتیلگان، سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقیای دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ و سایمۆن ئینگێلکیس، لە دەزگای ناوبراو بەگەرمی پیشوازی کران. دامەزراوەی کۆنراد ئەدێنماوەر ڕۆڵیکی گرنگی هەیە لە داڕشتن و گەڵاڵەکردن و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و لە چەندین شوینی جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئۆفیسی هەیە و لە عێراق و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا لە بەرەوپیشبردنی پەیوەندییەکان و جێبەجیکردنی پڕۆژە و پلانی شیکاری و ستراتیژی لە هەریمی کوردستانیش چالاکن و بە ڕاوێژ لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوە (پ.د.ک)دا چەندین پڕۆژەی گرنگ و خولی تایبەت و کۆنفرانس و چالاکیی تریان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و مەزەندە دەکرێت لە ئایندەدا ئۆفیسیکی هەمیشەیی لە هەولێری پایتەخت بکەنەوە.
جیا لە شیکردنەوەی دۆخی سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی و پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەریمی کوردستان و هەروا هەڵسەنگاندنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەریمی کوردستان لە هەموو ئاستەکادا، بەگرنگییەوە باسی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا کرا و جەخت لە بەرەوپیشبردنی پەیوەندییەکان و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) و دەزگای کۆنراد ئەدیناوەر شتیفتۆنگ لە ئەڵمانیا و هەریمی کوردستان کرایەوە. داوا لە دەزگای ناوبراو کرا لە بواری تواناسازی و خولی تایبەتەوە هاوکاریی دامەزراوە و ئۆڕگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەرلەمان و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەریمی کوردستان بکەن و چالاکییەکانیان لە کوردستان فراوانتر بکەن. لە تەوەریکی تری دیدارەکەشدا هەڵوێست و دیدگای (پ.د.ک) لەسەر دۆخی ناوخۆیی هەریم و عێراق و پرسەکانی ناوچەکە، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی لە عێراق، شەڕ و مەترسییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و گوندنشین و ژینگەی ناوچەکە و مەترسییەکانی شەڕەکە بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیریی هەریم، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی تر لە کوردستان و عێراق، هەوڵەکانی حکوومەتی هەریم لە بواری سەرخستنی کارنامەی چاکسازی و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە، یەکخستنەوەی هیزەکانی پیشمەرگە، هەوڵەکانی حکوومەتی هەریم لە بواری بەرەوپیشبردنی کەلتووری پیکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکانی پیکاهاتە ئایینی و ئیتنییەکان لە کوردستان، باشترکردنی دۆخی هەریم لە ڕووی سەقامگیری و ئەمنی و خۆشگوزەرانی و ڕۆڵی هەریم لە شەڕی تیرۆر و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەفراوانی باس کرا و داوا کرا کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و دامەزراوەکانی بەردەوام بن لە پشتگیری و هاوکارییەکانیان بۆ حکوومەتی هەریم و دامەزراوەکانی و بەردەوامیدان لە پشتیوانیی سەربازی و مەشق و ڕاهینان بە هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان لە شەڕی تیرۆر و بۆ پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی هەریم و ناوچەکە. بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ، پەیوەندییەکانی نێوان دەزگاکەیان و پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)ی بەرز نرخاند و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە، هەروا ڕایانگەیاند کە لە پلانیاندایە کە ئۆفیسیکی تایبەت بە عێراق و هەریمی کوردستان بەفەرمی بکەنەوە کە بەهۆی ئەو گرفتانەی سەبارەت بە دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا هەیە، پیشبینی دەکەن بەهۆی پیشکەوتنەکانی هەریم و بوونی ژینگەیەکی سیاسیی لەبار و سەقامگیری و ئارامی لە هەریمی کوردستان، لە ئایندەدا ئەم ئۆفیسەیان لە هەولێری پایتەخت بکرێتەوە. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بانگهیشتی شاندێکی دەزگاکەیان کردن بۆ سەردانی هەریمی کوردستان. لە دیدارەکەدا هەڤاڵ فەوزی ئەسعەد، جیگری بەرپرسی لقی ٦ی ئەورووپا و ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سنووری لقی ٦ ئامادە بوون.

لە بەرلین لەلایەن سەرۆکی ئەنستیتۆی خویندنی کوردییەوە پیشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) کرا
لە بەرلین شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سەردانی ئەنستیتۆی خویندنی کوردیی لە بەرلین کرد کە گرنگترین دامەزراوە و پەرتووکخانەوە و شوێنی لیکۆڵینەوەی زانستی و مێژوویی و زمانەوانی و ئەڕشیفکردنی پەرتووک و گۆڤار و گرنگیدانە بە تویژینەوەی کوردی لە ئەڵمانیای فیدراڵ. شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەلایەن سەرۆکی ئەنستیتۆ و کەسایەتی ڕووناکبیر و ناسراوی کورد بەڕێز دکتۆر فەریاد فازڵ عومەر، بەگەرمی پیشوازی کران، دوای ئەوەی شاندەکە بەشەکانی ئەنستیتۆی بەسەر کردەوە و چاویان کەوت بە چەندین بەرهەمی ناوازەی میژوویی و ئەدەبی کە لە پەرتووکخانەی ئەنستیتۆی خویندنی کوردی لە بەرلین ئەڕشیف کراون و گرنگییان پی دراوە و لێکۆڵینەوە و تویژینەوە لە چەندین بواردا کراوە، هۆشیار سیوەیلی دەستخۆشی و هیوای سەرکەوتنی بۆ دکتۆر فەریاد فازڵ و هاوکارانی خواست لە بواری کار و بزاڤی ئەدەبی کە لە ئەڵمانیا و ئەورووپا ئەنجامیان داوە کە جیی خۆیەتی لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری و هاوکاری بکرین بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پڕۆژەکانیان. شایانی باسی لە ساڵانی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پیشووی هەریمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەریمی کوردستانەوە دکتۆر فەریاد فازڵ عومەر ڕاسپیردراوە بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەی یەکخستن و یەکگرتنی زمانی کوردی و گرنگیدانی زیاتر بە پرۆسەی زمانی یەکگرتووی خویندنی پەروەردەی کوردی کە لەم بوارەدا هەنگاوی دڵسۆزانەی ناوە. لە لایەکی ترەوە، دکتۆر فەریاد فازڵ خاوەنی چەندین شاکاری بەنرخە و خزمەتیکی بەرچاوی بە خویندن و پەروەردەی کوردی کردووە و گەنجینەیەکی بەنرخی لە ئەرشیفی کوردی لە پەرتووکخانەی ئەنستیتۆی خویندنی کوردی لە بەرلین پاراستووە و لە بواری کۆردۆلۆژی، زمان و کەلتووری کوردیدا کاری مەزنیان کردووە، هەروا گەورەترین فەرهەنگی ئەڵمانی کوردیی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و خزمەتێکی شایانی بە فەرهەنگی زاراوەوکانی کوردی و لە بواری وەرگێڕانی ئەدەبیاتی کلاسیکی و هاوچەرخی کوردی لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی ئەڵمانی ئەنجام داوە کە بە لایەنی گەشی ڕۆڵی ئەنستیتۆی خویندنی کوردی لە بەرلین هەژمار دەکریت. لە پەرتووکخانەی ئەنستیتۆی ناوبراودا ئەو گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییانەی لە سەردەمانی کۆنەوە بڵاو کراونەتەوە ئەڕشیف کراون، کە دیارترینیان ژمارەیەی (١)ی یەکەمین ژمارەی ڕۆژانەی خەبات/ ئۆڕگانی پارتی دیموکراتی کوردستانە کە لە ٤ نیسانی ١٩٥٩ بڵاو کراوەتەوە لە ئەنستۆی ناوبراو پارێزراوە.
لەم سەردانەی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەروا سەردانی نووسینگەی کوردستان تیڤی لە بەرلین کرا و دوو دیدار لەگەڵ کوردستان تیڤی ڕاستەوخۆ ئەنجام دران و لە ڕۆژی کۆتاییی سەردانەکەشیاندا شاندەکە سەردانی مووزەخانەی بەرلین و دیواری میژووییی بەرلینیان کرد و بەجیاش سەردانی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی و ماڵی بەڕیز دکتۆر موحەممەد ساڵح جومعە ، ئەندامی پیشووی مەکتەبی سیاسی پارتییان لە بەرلین کرد.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
