پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی دروستکردنی پەیوەندییەکانی گەلی کورد و گەلانی چیکوسلۆڤاکیای پێشوو بووە

ئەمیر جەرگیس*
پەیوەندییە مێژووییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ کۆماری چیکوسلۆڤاکیای پێشوو و ئاستی پەیوەندییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری چیک
پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی درووستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلانی چیکوسلۆڤاکیای پێشوو بووە کە بناغەی ئەم پەیوەندییە لە ساڵانی دەیەی ٥٠ی سەدەی ڕابردوو لەلایەن ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر، سەرۆکی نەتەوەییی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیی کوردستان داڕێژراوە و گەشەی پێ دراوە.
لە یەکەم سەردانی بارزانی نەمر بۆ پراگی پایتەخت لە ١٩٥٨ بناغەی یەکەم پەیوەندیی کوردی – چیکی داڕێژرا و تا وەکوو ١٩٦٨ گەیشتە لووتکە و بە گەڕانەوەی بارزانی و هەڤاڵانی لە تاراوگە حکوومەتی چیکوسلۆڤاكیای پێشوو هاوکار بووە و هانی حکوومەتی کۆماری عێراق لە سەردەمی عەبدوڵکەریم قاسمی داوە کە ددان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێت و مافی چالاکیی سیاسی بۆ کورد و کۆمۆنیستەکانی عێراق هەموار بکات.
لە ساڵی ١٩٥٩ سکرتێری باڵوێزخانەی کۆماری چیکوسلۆڤاکیای ئەو سەردەمە لە بەغدا بە ناوی حکوومەتی چیکوسلۆڤاکیا و باڵوێزخانەکەیان بەفەرمی سەردانی ژنراڵ مستەفا بارزانی دەکات و پشتگیری و هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەرۆک بارزانی دووپات دەکاتەوە و سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی نێوان ١٩٦٠-١٩٦٣ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری چیکوسلۆڤاکیا فراوانتر بوون، بەڵام کۆماری چێکوسلۆڤاکیا و باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕشی کوردستان و ژەنڕاڵ بارزانی نەمر پاراست.
ساڵی ١٩٦٠ لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵی هاوکاریی زانستی نێوان چیکوسلۆڤاکیا و کۆماری عێراق دەیان قوتابی لە عێراقەوە لە زانکۆکانی چیکوسلۆڤاکیا وەرگیران کە زۆرینەیان قوتابییانی کورد بوون کە هەندێکیان لەم ساڵانەی دواییدا پۆستی باڵیۆزی عێراقیان وەرگرتووە و سەرۆکی پێشووی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و چەندین مامۆستای زانکۆ و چەندین سەرکردەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی، لەشکری و پزیشکی هەڵگری بڕوانامەی خوێندنی باڵا بوون لە کۆماری پێشووی چیکوسلۆڤاکیا و دوای ئەوەی لە ١٩٦٣ حکوومەتی ئەوسای عێراق پەلاماری کورد و کۆمۆنیستەکانی عێراقی دا پەیوەندییەکانی عێراق و چیکوسلۆڤاکیای ئەو سەردەمەش درزی تێ کەوت و حکوومەتی ئەو سەردەمی چیکوسلۆڤاکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ڕەخنەی لە حکوومەتی عێراق گرت سەبارەت بە پێشێڵکارییەکانیان بەرانبەر بە مافی کورد و کۆمۆنیستەکانی عێراق و جینۆسایدکردنیان و پرۆتستۆی سیاسەتی بەغدایان کرد و داوای گۆشەگیرکردنی عێراقیان کرد لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە و لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا و لە ٢٣/٧/١٩٦٣ دەنگی خۆیان گەیاندە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هەموو چالاکییەکی خۆیان لە عێراق ڕاگرت.
شاندی پارتی لە مانگی ٧/١٩٦٣ بە سەرۆکایەتیی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، جەلال تاڵەبانی، بەفەرمی سەردانی پراگی پایتەختی کرد و زۆر دیداری فەرمیی ئەنجام دران و کۆماری چیکوسلۆڤاکیا پشتیوانیی خۆی بۆ شۆڕشی بارزانی پێشان دا و هاوکاریی ماددی و چەک و پێداویستیی سەربازی و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پیشمەرگەی پەسەند کرد کە ئەو سەردەمە لە هەموو لاوە شۆڕشی کوردستان لەلایەن ئێران و تورکیا و عێراقەوە گەمارۆ درابوو و ئەو سەردەمە هاوپەیمانیی سێنتۆ دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و بۆ لێدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ئارادا بوو، گەڵەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەلایەن وڵاتانی داگیرکەری کوردستان دژ بە شۆڕش و گەلی کورد و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکەی پلانی بۆ داندرابوو کە لەو سەردەمەشدا ڕێگاکانی گەیشتینی هاوکارییەکانی دەرەوە بە شۆڕشی کوردستان ئەستەم بوون.
ساڵی ١٩٦٥ بارزانی نامەیەکی لە ڕێگەی کۆماری چیکۆسلۆڤاکیاوە گەیاندە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و تێیدا داوا کرابوو هەموو هاوکارییەکی سەربازی بۆ حکوومەتی عێراق ڕابگیرێت کە دژی گەلی کورد و بۆ جینۆسایدکردنیان ئەم چەکانە بەکار دێنن. بەداخەوە لە ساڵانی دوای نسکۆی شۆڕش پەیوەندییەکانی وڵاتانی بلۆکی سۆشیالیستی لەگەڵ حزبی بەعسی عێراق فراوانتر بوو و حکوومەتی ئەو سەردەمەی چیکوسلۆڤاکیا هەوڵی دا هەندێک لە قوتابییە کوردەکان مەجبوور بکات کە بگەڕێنەوە عێراق، کە پرۆتستۆی قوتابییانی کوردستانی لێ کەوتەوە و دەستیان کرد بە مانگرتن لە خواردن، دواتر حکوومەتی چیکوسلۆڤاکیا بە سیاسەتی خۆیدا چووەوە و کۆماری چیک پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتیی بزووتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵات پاراست و زۆر کەس کە خوێندنی باڵایان لەم وڵاتەدا تەواو کردبوو خزمەتێکی مەزنیان بە گەلەکەیان کرد.
دواتر مانیفێستی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ کە حکوومەتی ناوەندی بەهۆی سەرکەوتنەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و گوشاری نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی سۆشیالیستیی دۆستی گەلی کورد کە پەیوەندییان هەم لەگەڵ شۆڕشی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ژەنەڕاڵ بارزانی نەمر و هەمیش لەگەڵ حکوومەتی عێراقیدا هەبوو و پشتیوانی و پاڵپشتییان لە پرۆسەی ئاشتی و ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتنی نێوان شۆڕشی کورد و حکوومەتی ناوەندی دەکرد بۆ دداننانی حکوومەتی عێراق بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی فرەیی و دیمۆکراسیدا. یەکێک لەو باڵیۆزانەی کورد کە لە سایەی ڕێککەوتن و پەرسەندکردنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان بەر کورد کەوتبوو، سیاسەتوان و دیپلۆماتکاری کورد، بەڕێز موحسن دزەیی بوو کە کرا بە باڵیۆزی کۆماری عێراق لە پراگی پایتەختی کۆماری چیکۆسلۆڤاکیای پێشوو لە ساڵانی ١٩٥٦. دوای ساڵانی دەیەی ٩٠ لقی چیکۆسلۆڤاکیای کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا هەروا زۆر چالاک بوو و توانیی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان کوردستان و چیک و سلۆڤاکییەکان دروست بکەن و پشتگیری و هاوسۆزیی زیاتر بۆ کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بەدەست بێنن. لە سەردەمی شۆڕشی ٢٦ی گوڵانی نیشتمانیی پیشکەوتنخوازدا هەروا ئەم پەیوەندییانە فراوانتر کران و لە ساڵانی دەیە ٨٠ی سەدەی ڕابردوو بە دەیان قوتابیی کورد زەمالەی خوێندنیان پێ بەخشرا کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن و چالاکن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی کوردی- چیکی و لە دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا چالاکن .
لە مانگی ٦/ ٢٠٠٦ـوە کۆماری چیک بڕیاری کردنەوەی کونسووڵخانەی خۆی لە هەرێمی کوردستان داوە کە بە چەند قۆناغێک کونسووڵخانەی خۆیان پێش خستووە، سەرەتا بەڕێز ستانیسلاڤ ڕێف وەک کونسووڵ و ڕێکخەری کاروباری کونسووڵخانەکەیان دەستبەکار بووە و تاکوو ٢٠١٦ لەم ئەرکەیدا ماوەتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویەتی پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی بەهێز لەگەڵ چیکییەکاندا بنیاد بنێت و لە ئۆفیسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسووڵەکان و شاندەکانی چیکی کراوە.
بۆ یەکەم جار لە ١٧/١١/٢٠١٣ یەکەم دیدار لەگەڵ باڵوێز ئەلێساندێر لانگێر، باڵیۆزی کۆماری چیک لە بەغدا ئەنجام درا و مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) چەند جارێک بانگهێشت کراوە بۆ ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیان کە بۆ یەکەم جار لە هوتێڵ خانزاد لە ٢٠١٣ ساز کرا و دواتریش بەردەوام ئەم یادەیان لە 2020 لە هەولێری پایتەخت ساز کردووە کە دواتر بەهۆی خۆ پارێزی لە پەتای نەگریسی کۆرۆنا بۆنە و یادەکانی وڵاتان لە هەولێری پایتەخت کە لەلایەن باڵیۆزخانەکان، کونسووڵخانە گشتییەکان و ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی بەردەوام لە کوردستان ساز دەکران تا ڕادەیەک ڕاگیران.
لە ٢٠١٦ـوە خاتوو ئێڤا درداکۆڤا وەک یەکەم کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک دەستبەکار بوو و پەیوەندییەکان لەگەڵیدا زۆر باشتر و دۆستانەتر بوون و بەڕێز ستانیسلاڤ ڕێف هەروەک جێگری کونسووڵ بەردەوام بوو، لە ڕابردوودا بەردەوام کونسووڵە گشتییەکان و شاندی چیکی سەردانی پەیوەندییەکانی دەرەوەیان کردووە و بەشدارییان کردووە لە چالاکییەکانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ کونسووڵخانەکان و ستافی ئۆفیسی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە کوردستان ساز کراون . ساڵی 2018 خاتوو ئێڤا درداکۆڤا وەک کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەولێری پایتەخت کۆتاییی بە ئەرکەکانی هات، کەسێکی چالاک بوو و پەیوەندییەکانی کۆماری چیکی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا زۆر بردە پێشەوە و بەردەوام برەوی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان داوە.
بەڕێز میخاو و سڤۆبۆدا لە ٢٠١٨ وەک کونسووڵی گشتیی تازەی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان دەستبەکار بوو کە لە چەندین بۆنەدا پەیوەندییەکان لەگەڵیدا بەرەوپێش چووە. ڕۆژی ٩/١/٢٠١٩ لە مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) دیدارێکی سیاسی لەگەڵ کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان ساز کرا، لە دیدارەکەدا میخاو سڤۆبۆدا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی گرنگی بە ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەدات و لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ كوردستاندا کۆماری چیک لە بوارەکانی پەروەردەیی، ئابووری، كەلتووری، بازرگانی، مرۆیی، زانستی و بەتایبەتی بەردەوامبوونی لە هەماهەنگی سەربازی بۆ تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان هاوکاری و پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی کردووە. بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لە سیاسەتی دەرەوەیدا میکانیزمێکی گونجاوتر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم لەگەڵ کۆماری چیک و وڵاتانی تری ئەورووپای ڕۆژهەڵات و پۆست کۆمۆمۆنیزم پەیڕەو بکات، بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات کە خاوەن توانا و هاوسۆزییەکی باشن لە دۆزی کورد و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان.
پێش شەڕی داعش و دواتر بە بەردەوامی باڵیۆزەکانی چیک لە بەغداوە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمدا کۆ بوونەتەوە و هانی جێبەجێکردنی پڕۆژە و هاوکارییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە. شاندی سیاسی و زانستی و ڕاگەیاندکاری چیکی لە سەردەمی شەڕی داعشدا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ کراوە بۆ ئاشنابوون بە ئەزموون و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و ئامادەکردنی ڕاپۆرت و هەواڵ و فیلمی دیکۆمێنتاری لەسەر شەڕی داعش و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. لەم ساڵانەی دواییدا لە هەولێری پایتەخت کونسووڵخانەکەیان ڤیزای داوە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و خوێندکارانی کورد و تێکەڵاوییەکی باشیان لەگەڵ هاووڵاتییان و کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا درووست کردووە. لە ٢٨/١٠/٢٠١٨ یادی ١٠٠مین ساڵی سەربەخۆییی وڵاتەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
کۆماری چێک بەردەوام پشتگیریی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی لە سەردەمی هەڵگیرسانی شەڕی داعش، هەروا هاوکاریی مرۆییی بۆ ئاوارە کریستیان و ئێزدییەکان پێشکەش کردووە و چەندین پڕۆژی تری خێرخوازیی بۆ هاوکاریی ئاوارەکان لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک و دەشتی نەینەوا ئەنجام داوە و چەند دێری کریستیانەکانی ئاوەدان کردووەتەوە و هاوکاریی قوتابییانی نێو کەمپەکانیان داوە و لە بواری زانکۆیی و زانستی و تەندروستی و بواری شوێنەوارناسی و کەلتووری و ئابووری جیبەجێ کردووە، ئامادەییی خۆشیان پێشان دا بۆ تەداویکردنی پێشمەرگە بریندارەکانی شەڕی داعش لە وڵاتەکەیان، هەروا پێشوازیکردن لە قوتابییانی کورد کە لە بواری درێژەدان بە خوێندنی باڵا لە زانکۆ و ناوەندەکانی زانستی وڵاتەکەیان ئاسانکارییان بۆ بکرێت. بە مەبەستی فراوانترکردنی پەیوەندییە زانستی و ئەکادێمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک، هەروا کۆماری چیک هەنگاوی باش و کردەییی ناوە و لە مانگی ٥/٢٠١٨یش زانکۆیەکی گەورەی لە هەولێری پایتەخت کردووەتەوە بە ناوی ''ئۆستراڤا تێکنیکاڵ یۆنیڤێرسیتی'' کە زۆر قوتایبی کورد لە بواری خوێندنی زانکۆیی لێی سوودمەند بوون.
لە سەردەمی شەڕ و پەلامارەکانی داعش دژ بە هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری چیک پێشکەوتنێکی مەزنی بە خۆیەوە بینی و کۆماری چیک بوو بە یەکێک لە گرنگترینی ئەو وڵاتانەی بە نوێنەرایەتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەک و پێداویستیی سەربازی بە بەردەوامی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە کردووە و لە چەندین بواری سەربازی، ئابووری، زانستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە، کۆماری چیک گرنگیی داوە بە هەرێمی کوردستان و هاوکار بووە لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیش. لە ڕابردوودا بە دەیان زەمالەی بە قوتابییانی کورد داوە، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا و زۆرێک لەو قوتابییانە لە کوردستان کار دەکەن و چالاکن. وەک نموونەیەکی زیندوو لە سەردەمی شەڕی داعش دکتۆر ڕزگار سیوەیلی شەهید بوو کە وەک هاووڵاتییەکی چیک ڕێزی لێ نرا و دکتۆر ئێڤا درداکۆڤا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەولێری پایتەخت لە مەڕاسمی چلەمینی یادکردنەوەی شەهید ڕزگاردا وەک قارەمانێک و هاووڵاتییەکی چیکی یادی کردەوە کە وەک دکتۆر خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد و لە وڵاتەکەیان خوێندوویەتی و خاوەن خێزان و منداڵێک بووە.
شایانی باسە لە نۆڤەمبەری ٢٠١٥ سەرۆک مەسعوود بارزانی بەفەرمی لەلایەن سەرۆککۆماری چیک، میلۆش زەمان، بانگهێشتی پراگ کرا و دیدار و چاوپێکەوتنی گرنگ ئەنجام دران و سەرۆککۆماری چیک بەئاشکرا لە بەردەم میدیای وڵاتەکەی و جیهاندا باسی مافی ڕەوای گەلی کورد و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانی کرد و بەتایبەتیش کۆماری چیک و گەورەبەرپرسانی ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لە ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان کرد و سەرۆک مەسعوود بارزانی لە سەردەمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە دیدار و چاوپێکەوتنە سیاسی و دیپلۆماسی فەرمییەکانی لە کوردستان و دەرەوەی وڵات زۆر جار باسی سەرکەوتنی ئەزموونی چێکوسلۆڤاکیای پێشووی کردووە و وەک یەکگرتنێکی ئارەزوومەندانە و جیابوونەوەیەکی ئارەزوومەندانەی هەردوو گەلانی چیک و سلۆڤاکیا ئاماژەی بە سەرکەوتنی ئەزموونی ئەم وڵاتە کردووە کە وەک دوو هاوسێی باش و دۆست بە ئاشتییانە دەژین کە دەکرێت لە عێراقیشدا ئەگەر ئیرادەی یەکترقبوووڵکردن و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییەکان هەبێت لە چوارچێوەی دەستووردا ئەزموونی چیکۆسلۆڤاکیای پێشوو بۆ وڵاتانی فرەنەتەوە لە عێراق و جیهاندا سوودبەخش بێت. پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک و دامەزراوەکانی هەردوو لا لە چەندین بواری جێی بایەخ گەشەسەندنی بە خۆیەوە بینیوە و بەردەوام نوێی دەکرێنەوە.
ڕۆژی ٢٨/١٠/٢٠١٩ له بیرهوهریی (٣٠)مین ساڵی ڕاگهیاندنی وهک وڵاتێکی سهربهخۆ و جیابوونەوەی ئاشتییانەی هەردوو وڵاتی چیک و سلۆڤاکیا وەک دوو وڵاتی سەربەخۆ و له بیرهوهری ڕۆژی سهربهخۆییی کۆماری چیکدا، بە بانگهێشتی بەڕێز میخال سڤۆبۆدا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک له ههرێمی کوردستان و خاتوو ئینتیرا تێپسیتاڤیڤات شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ئامادە بوون لە مەڕاسمەکەدا و شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) پیرۆزبایی له کونسووڵی گشتی و ستافی کونسووڵخانهی کۆماری چیک له ههرێمی کوردستان کرد، سوپاس و ستایشی هاوکاری و پشتیوانیی بهردهوامی گهل و کۆماری چیک کرا له ههرێمی کوردستان و قارهمانیهتیی پێشمهرگه و بۆ ههموو هاوکاری و پشتیوانییهکی سیاسی، سهربازی، دیپلۆماسی و ڕاهینان به هێزهکانی پێشمهرگهی کوردستان و گهیاندنی هاوکاری به ئاوارهکانی شهڕ و پشتیوانییان له دامهزراوهکانی حکوومهتی ههرێمی کوردستان و پرۆسهی ئاوهدانکردنهوه و پهیوهندیی دۆستانهی نێوان ههرێمی کوردستان و کۆماری چیک و هاوکاری لە بواری زانستی و پەروەردەیی و شوێنەوارناسی و کردنەوەی زانکۆیەکی تایبەتی چیکی لە هەرێمی کوردستان و لە له سهرجهم بوارهکاندا کە مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی هەریمی کوردستانە. میخاو سڤۆبۆدا، کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە مەڕاسمەکەدا جەختی لە فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی، دیپلۆماسی، زانستی، ئابووری، کەلتووری، سەربازییەکان لە هەموو بوارەکانی تری وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند وڵاتەکەی لە پشتگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت. کونسووڵخانەی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی بێوێنەدا ئەمساڵ لە ٢٨/٥/٢٠٢١ توانیی بۆ یەکەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بازاڕی دۆستایەتیی دیپلۆماسی بە بەشداریی کونسووڵگەرییەکانی گشتی و ئۆفیسی نوێنەرایەتییەکانی دیپلۆماسیی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە کە بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە هەولێری پایتەخت و لەنێو باڵاخانەی زانکۆی چیک بە شێوازێکی سەردەمیانە بەڕێوە چوو و بوو بە جێی تێڕامان و سەرنجی دیپلۆماتکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی لێ کرا، هەموو ئەم هەنگاوانەی دۆستانی چیک لە هەرێمی کوردستان لایەنی گەشی گرنگیدانی کونسووڵگەریی کۆماری چیک و حکوومەتی چیک دەگەیەنێت بە ئەزموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان. ئەو وێنەیەی بەڕێز میخاو سڤۆبۆدا، دۆستی گەلی کورد و کونسووڵی گشتیی کۆماری چیک لە هەرێمی کوردستان پێش چەند ڕۆژێک لە میدیای کوردستاندا بڵاو کردەوە کە وێنەیەکی لەسەر پردێکی مێژووییی پراگی پایتەخت گرتووە، وێنەیەک لە هەمان ئەو شوێنەی کە بۆ یەکەمین جار و لە یەکەم سەردانیدا بۆ پراگ، ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر، سەرکردەی بزووتنەوەی ئازادیخواز و نیشتمانیی کوردستان لە ساڵانی (٥٠)کانی سەدەی بیستەم گرتوویەتی و هەر ئەم یەکەم سەردانەی بارزانی نەمریش بوو بە سەرەتای دامەزراندن و بنیادنانی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان کورد و کوردستان لەگەڵ گەلانی چیک و سلۆڤیاکیا کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە ئەم پەیوەندییانە بوونەتە پەیوەندیی پتەوی دۆستانە و سیاسی و دیپلۆماسی و کەلتووری لە نێوان ئەم سێ گەلە دۆست و ئاشتیخوازەدا.
*بەرپرسی دێسکی ئەورووپا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)





