لە بەرلین بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سمینارێکی پێشکەش کرد

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆی لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ و پەرلەمانتاران و ناوەندە هزری و شیکارییەکان و دامەزراوەکانی ڕەوەندی کوردستانی لەم وڵاتە و هاندانیان بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی گشتی و پەرلەمانیدا دەنگی کوردان بیستراو بێت و پشتگیری لە کاندیدە بەڕەچەڵەک کوردەکان بۆ پەرلەمانی فیدراڵی (بۆندستاگ) و کاندیدەکانی تری کورد بۆ پەرلەمانی هەرێمی لە ئەڵمانیا بکرێت کە بڕیار وایە لە ٢٦ی سێپتەمبەر لە سەرتاسەری ئەم وڵاتە ئەنجام بدرێن و گەورەترین کۆمەڵگای کوردستانیانی دیاسپۆرا لە دەرەوەی وڵات لە کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵە و زۆرترین دەنگدەری کورد لەم وڵاتەن و ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی سیاسیی کورد کاندیدی پارتە سیاسی و ناسراوەکانی ئەڵمانیان بۆ پەرلەمانی فیدراڵی (بۆندستاگ) و هەروەها بۆ پەرلەمانی هەرێمی و شارەوانییەکانی ئەم وڵاتە. هەربۆیە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ئەم هەفتەیە لە بەرلینە بۆ ئەنجامدانی چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئەڵمانیا و کوردستان و ناوەندەکانی ڕەوەندی کوردی لەم وڵاتە. هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە بەرنامەیدایە کە چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ پارتەکانی (یەکێتیی کریستیان دیموکراتی فەرمانڕەوا (CDU) و پارتی یەکێتیی کریستیانی کۆمەڵایەتی(CSU) و پارتی سۆسیاڵ دیموکرات (SPD) و پارتی سەوز و چەند پارت و دامەزراوە و دەزگای شیکاری و ستراتیژی و بەرپرسانی پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران لە بەرلین ئەنجام بدات.
لەلایەن کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردی- ئەڵمانی و جڤاکی کورد لە ئەڵمانیای فیدراڵ دوو بۆنەی ڕۆشنبیری و سیاسی ڕێک خران، سەرەتا بۆ ناساندن و نمایشکردن و واژووکردنی پەرتووکی دکتۆر سەعید، (مە کلیلا چیا وندا کر)، لە نووسینی نووسەر و سیاسەتوان و ڕووناکبیری کورد، سەلیم چرۆککایا، برای شەهیدی نەمر، دکتۆر سەعید چرۆککایا ناسراو بە (شەهید دکتۆر سلێمان) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کورد و ئەڵمانییەکان لەنێو هۆڵی شارەوانیی بەرلین بەڕێوە چوو بۆ ناساندن و پێشکەرشکردنی ئەم پەرتووکە بە بەشداربووان، حوسێن شاهین لەسەر ناوی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردی ئەڵمانی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و نووسەر سەلیم چرۆککایا باسی ناوەڕۆکی پەرتووکەکەی و خەبات و تێکۆشانی شەهیدی نەمر دکتۆر سلێمان چرۆککایای کرد بۆ کوردستان و دۆزە ڕەواکەی کە شان بە شانی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی کوردستان لە سەردەمی هێرش و پەلامارەکانی تاریکپەرستانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر خەڵک و خاكی کوردستان لە ساڵانی جەنگی تیرۆردا لە تێکشکاندنی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشدا بەشداریی کرد کە بەداخەوە دواجار لەم ڕێگەیەدا گیانی پاکی بەخشی بە کوردستان. هەریەک لە هۆشیار سیوەیلی و دکتۆر محەمەد ساڵح جومعە و چەند میوانێکی تر لەسەر گرنگیی ئەم پەرتووکە و خەبات و قوربانیدانی شەهید دکتۆر سلێمان چرۆککایا بۆ گەلەکەی قسەیان کرد و ئەم هەنگاوەی نووسەر سەلیم چرۆکایایان بەرز نرخاند.
هەر لە هۆڵی شارەوانیی بەرلین بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە دۆستانی ئەڵمانی و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و نوێنەرانی دامەزراوەکانی ڕەوەندی کورد لە ئەڵمانیای فیدراڵ لە بەرلین، براندنبۆرگ و هامبۆرگ و شوێنەکانی ترەوە، کۆمەڵەی دۆستایەتی کوردی – ئەڵمانی سمینارێکی سیاسییان بۆ هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) ڕێک خست بۆ باسکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندیی کوردی-کوردی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوە، بەتایبەتی لەگەڵ کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵدا. سەرەتا خاتوو ژیان شێخ سەلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردی ئەڵمانی، وتەی بەخێرهێنانی پێشکەش کرد. دواتر لە سمینارەکەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و، قۆناغی پۆست داعش و پۆست ڕێفراندۆم و، دۆخی ئەمنی و پێشێلکارییەکان و مەترسییەکانی سەر دانیشتووانی کورد و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماددەی (١٤٠) و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتوونەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە بەهۆی میلیشیاکان و تیرۆریستانەوە و هێزەکانی حکوومەتی ناوەندی بەهۆی بۆشاییی ئەمنی و لە غیابی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی ناوچەکانی لەدەست داوە، ئیستا و ئایندەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتی و پەرلەمانییەکان لە عێراق و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ و کاریگەرییەکانی شەڕ و ملمڵانێی نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لە ناوچە سوورییەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و گوندنشینەکان و زیانگەیاندن بە ژینگە و دانیشتووان و ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان. دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان، سیاسەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی پارتی، پێشکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی چاکسازی و ڕیفۆرم لە دامەزراوەکانی حکوومەت، ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و ئەگەرەکان بۆ سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا، مەترسییەکانی کۆرۆنا و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ بنبڕکردنی و پاراستنی هاووڵاتییان، هەنگاوەکانی پارتی و بواری سیاسەتی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی کوردستان و چەندین بابەتی تر لە سەروبەندی ٧٥مین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و چەندین تەوەری تر بۆ بەشداربووان شی کرانەوە. هەمان ڕۆژ بەجیا هۆشیار سیوەیلی و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی فەوزی ئەسعەد کارگێڕی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستانی کۆ بوونەوە وەک شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی سووریا (ئەنەکەسە) و چەندین کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەجیا کۆ بوونەوە لەگەڵ لقی ٦ی پارتی و ڕێکخراوی بەرلین و ژمارەیەک دامەزراوەی تری ڕەوەندی کوردستانی لە ئەڵمانیای فیدراڵ. لە ڕۆژانی ئایندەشدا دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیای فیدراڵ و پەرلەمانتاران و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و دامەزراوە کەلتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە ئەڵمانیا و کاندیدە کوردەکان و ڕۆشنبیرانی کورد بەردەوام دەبن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
