١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

حەفتاو پێنج ساڵ خەباتی بێ وچان

سەرچاوە: KDP.info

سەلام عەبدوڵلا

16ی ئاب پارتی دیموکراتی کوردستان حەفتاوپێنج ساڵ لە خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانی بێ وچانی خۆی بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان پڕ دەکاتەوە.

حەفتاوپێنج ساڵ لە خوێن و قوربانیدان بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان کە داوای ئاسایی و یاسایی بوون، بۆ وەدەستهێنانی مافەکانمان کە بە ئاشتیانە و دەستوورییانە داوا دەکرا، بەڵام بە ئاگر و ئاسن و بە زەبری هێز وەڵام دەدرانەوە.

ئەگەرچی ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بوو کە گەلی کورد بە بێ ئارەزوو و خواستی خۆی بە عێراقەوە لکێندرا، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بەردەوامی دەدا لەگەڵ حکوومەتە جیاجیاکانی عێراقدا کە بە ئاشتی و دانوستاندن بە مافە زەوتکراوەکانی بگات، بەڵام ملهوڕی رژێمی عێراقی هیچ مۆڵەتێکی نەدەڕەخساند بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بە میتۆدی ئاشتیخوازانە. بۆیە لە کۆتاییدا بە ناچاری بۆ داکۆکی لە گەلەکەی و خاکەکەی پەنای بردە بەر چەک، لە گەڵ ئەوەشدا دەرگای چارەسەری ئاشتیخوازانەی هەرگیز بە ڕووی دەسەڵاتدارانی عێراقدا دانەخست و هەر مۆڵەت رەخسابێت پەنای بۆ وتووێژ بردووە و بایەخی پێداوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان هەرزوو هەستی بەوەکرد کە ئەوەش یەکێکە لە هۆکاری بەردەوامبوون و سەرکەوتنەکانی کە خەباتی گەلی کورد، خەباتێکی چینایەتی نییە و بە تەنیا خەبات لە پێناو چینێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکوو خەبات، خەباتی هەموو گەلی کوردستانە بە جیاوازی چین و ئایدۆلۆژیایانەوە، چونکە بە پراکتیک لەو ڕاستییە گەیشتن کە تەنیا چینێکی دیاریکراو چەوساوە نییە، بەڵکوو هەموو گەلی کورد بە جیاوازی بیروبۆچوون و باری دارایی و کۆمەڵایەتییانەوە، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی گیرۆدەی ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو نەکرد. ئەگەر لە هەندێک قۆناغی ژیانیشیدا خۆی پابەند کردبێت، بەڵام هەرزوو هاتۆتەوە سەر رێگەی ڕاستی کوردایەتی و تێکۆشان لە پێناوی تێکڕای گەلەکەماندا و هەر ئەمەش بووە داینەمۆی بەردەوام سەرکەوتنی لە ماوەی ئەم (75) ساڵەدا.

پارتی حزبێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و دیموکراتی یە کە جێگەی هەموو خەباتگێڕانی رێگەی کوردایەتی تێدا دەبێتەوە و بۆیە تا تەمەنی پڕ بەهای هەڵبکشێت لایەنگر و دۆستان و خەباتگێڕانی هەر لە برەودا دەبێت، بۆیە تا ئەمڕۆ بە شانازییەوە گەورەترین و بەهێزترین حزبی کوردستان و عێراقە کە ئەمەش زیندوویەتی ڕێڕەوی راستی کوردایەتی دەسەلمێنێت.

هەزاران سڵاو لە گیانی شەهیدانی ڕێڕەوی کوردایەتیی ساغڵەم و ڕێبازی بارزانیی نەمر.

پیرۆزبایی گەرم لە هەموو ئەندام و لایەنگر و دۆستانی دەکەین و بەرەو یادی سەدساڵە هەنگاوی گورج و پتەوتر دەنێین.

هەواڵی پەیوەندیدار