لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دا، پارتی بۆ وا بەهێز ماوەتەوە و چی بەرهەم هێناوە؟

د. عومەر نورەدینی
پارتی دیموکراتی کوردستان تەمەنی بوو بە حەفتاوپێنج ساڵ، لە ساتەوەختی لەدایکبوونیەوە تا ئێستاش سەرەکیترین پارتی سیاسی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانە، مێژووی خەبات و تێکۆشانی شۆڕشگێڕی و سیاسی و مەدەنی و دیموکراسی و یاسایی و دەستوریانەی پارتی پڕە لە وەرچەخان و دەسکەوت و سەرکەوتن و هەوراز و نشێو و هەڵکشان و نوشست و هەڵسانەوەو تێپەڕاندنی قەیران و زاڵ بوون بە سەر کۆسپ و بەربەستەکان.. تا رادەیەکی زۆر مێژووی پارتی رووبەرە گەورەکەی مێژووی سیاسی گەلی هەرێمی کوردستان و نەتەوەی کوردە، لێرەوە هەندێ پرسیار خۆیان دەخەنەڕوو: دوای حەفتاوپێنج ساڵ نهێنی بەهێزبوون و مانەوەی پارتی لە چی دایە؟ لەم مێژووە دا چی بۆ گەل و نەتەوە بەرهەم هێناوە؟
لە گەڕان بە دوای وەڵامی پرسیاری یەکەمدا بەوە دەگەین کە یەکێک لە هۆکارەکانی بەهێز و زیندوو مانەوەی پارتی پەیوەندی هەیە بە سەرکردایەتی پارتی، کە خۆی لە سەرکردایەتی مێژوویی و سەنگین و هەڵکەوتە و یەکگرتوو خاوەن سیما و خەسڵەتی تایبەتیدا دەبینێتەوە کە بریتیە لە (سەرکردایەتی بارزانی- لە مەلا مستەفای بارزانی نەمرەوە بۆ سەرۆک مسعود بارزانی). پارتی لە مێژووی خۆی دا توشی چەندین قەیران و نوشستی و پیلانی کوشندە و تەنگاوی و ئاڵنگاری تاقەت پڕوکێن بۆتەوە، بەڵام چونکە خاوەن ئەو سەرکردایەتییە سەنگینە بووە و قەیرانی سەرکردایەتی نەبووە، هەمیشە توانیویەتی سەرکردایەتی قەیرانەکانی خۆی و گەلەکەی بکات و لە مەیدانی خەباتدا وەک سەفین بچەقێ و نەلەرزێ و سەری شکۆمەندی هەمیشە بەرزبێ.
لە لایەکی ترەوە بە درێژایی مێژووی خەبات پارتی لەسەر هێڵی سیاسەتی ناسیۆنال-دیموکرات بەردەوام بووە کە خۆی لە تێکۆشان بۆ هێنانەدی مافە رەواکانی گەلی کوردستان و نەتەوەی کوردا نواندوە، لەگەڵ جەخت کردن لەوەی کاتێک گەلی کوردستان دەبێتە خاوەن قەوارەی سیاسی خۆی ئەوا لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی ئەو قەوارەیە و لە حوکمڕانیەتیدا پابەند دەبێ بە بنەما و پرەنسیپەکانی دیموکراسی، هەروەها لە پەیوەندی لەگەڵ گەل ونەتەوە و دەوڵەت و کیانە سیاسیەکان دا پەیڕەوی لە سیاسەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و تەکامولی ئابووری و سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتی دەکات.. لەمەدا پارتی هاوسەنگی نێوان گوتار و رەفتاری پاراستووەو ریالیستانە پەیڕەوی کردووە.
بوونی رێکخستنێکی ئارام و زیندوو، کادری دڵسۆز و پشوو درێژ، رەگی قوڵی جەماوەری و کلتور و میرات و کەلەپورێکی دەوڵەمەند لە خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان و قوربانی و گیانفیدایی، ئەمانە بوونەتە سەرچاوەیەکی زوڵاڵ لە بەخشینی هێز و وزە بە پارتی.
سەبارەت بە پرسیاری دووەم کە پارتی چی بۆ گەل و نەتەوە بەرهەم هێناوە؟ سەرەتا جەخت لەو راستیە دەکەین کە پارتی چی بەرهەم هێنابێ ئەرکی خۆی بووە، چونکە لە بنەڕەتدا پارتی ئامرازە بۆ هێنانەدی ئاوات و ئامانجی گەل و نەتەوە و کۆمەڵگە.
لە مێژووی پارتی دا بەڵگە و نموونە زۆرن بۆ ئەوەی بوترێ پارتی خاوەن دەسکەوتی گەورەی ئەوتۆیە کە ببنە نموونە بۆ بەرهەم هێنان لە پێناوی نەتەوەو گەل دا لەوانە؛ بوژاندنەوە و بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و جۆشدانی هەست و باوەڕی تاکی کورد بەوەی شکۆمەندانە بژی و دژی داگیرکاری و دابەشکاری ستەمگەریانەی خاک و گەلەکەی بوەستێتەوە و ژێر چەپۆکی ئەم و ئەو نەک قبوڵ نەکات بەڵکو بەگژیدا بچێتەوە و رەتی کاتەوە، لەو پێناوەشدا پارتی مەشخەڵی شۆڕشی داگیرساندوەو شۆڕش و خەباتی سیاسی بە نەتەوەیی کرد بەمەش ئیرادەی سیاسی نەتەوەی هەم بەهێزکرد هەم خستیە ناو چوارچێوەیەکی نەتەوەیی هاوئاڕاستە و یەکگرتوو.
لە روویەکی دیکەوە لە باری کلتوری و رۆشنبیرییەوە پارتی قوتابخانەیەکی چالاک و زیندوو بووە بۆ پەرەپێدانی زمان و کلتوری کوردوکوردستانی و زیندوو هێشتنەوە و گەشەپێدانی بوون و ناسنامەی کلتوری نەتەوە، هەروەها بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سیاسی و پێگەیاندنی سیاسی و سەرەنجام زیاتر پێگەیشتنی سیاسیانەی کۆمەڵگەی کوردستانی، ئاشناکردنی هاووڵاتیان و تاکی کوردستانی بە ماف و ئازادیەکان و خەباتکردن لە پێناویان، پارتی لە دامەزراندن و مانەوە و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان رۆڵی حزبی بونیاتنەر و دامەزرێنەری بینی، سەرسەختانە بەرگری لێکرد و زێدەڕۆیی نییە بوترێ ئەگەر پارتی نەبا زەحمەت بوو قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان تا ئێستا بمابا، قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بوونی سەرنج و تێبینی بەڵام بۆتە ئەو ماڵ و چەترە سیاسیەی کە لەژێر سایەی دا شکۆمەندانە ژیان دەکەین و ژێردەستەی ئەم و ئەو نین، بووەتە هۆی ئەوەی لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حسابمان بۆ بکەن و هەست بە بوونێکی مانادار بکەین، هێشتا زۆر ئەرک هەن کە دەبێ پارتی پێیان هەڵسێ و دەکرا خەرمانی بەرهەمەکانی دەوڵەمەندتر بێ، بەو ئاڕاستەیە دا پارتی پێویستی بە خۆ بەرهەم هێنانەوەی بەردەوام هەیە، هەڵبەتا بە لەبەرچاوکردنی هەلومەرجی سیاسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە تایبەتی لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عیراق کە پێ دەچێ گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیە نوێیەکان لێکەوتەی وا لەگەڵ خۆیان بهێنن کە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستان پێگەی پارتی بەهێزتر بکەن، بەهێز بوونی پێگەش پێویستی بە ئامادەیی خودی هەیە، چونکە بەرپرسیاریەتەکان گەورەتر و ئاڵنگاریەک زۆرتر و هەڕەشەکان مەترسیدارتر دەکا، روونتر و راشکاوانەتر دەمەوێ ئەوە بڵێم وا تەوەقوع دەکرێ لە ئایندەدا پێگەی پارتی بەهێزتر بێ، بەڵام بەهێز بوون هەڕەشە و مەترسی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێ.. واتا مەترسی تەحەدیاتەکانی بەهێزبوون لە مەترسی تەحەدیاتەکانی لاوازبوون ئەگەر زیاتر نەبن ئەوا کەمتر نین.




