١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

١٦ی ئاب، رۆژە شکۆدارەکەی مێژوومان

سەرچاوە: KDP.info

د.ڤیان سلێمان

ساڵیادی دامەزراندنی پارتی بۆ گەلی کوردستان بۆنەیەکی تایبەتە، ئەوەش لەبەر گرنگی پارتی و کاریگەری رۆڵی پارتی لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد بە شێوەیەکی گشتی. ئێمەی کادیر و ئەندامانی پارتی، هەموو ساڵ لە ساڵی پێشووتر دڵگەرمتر و بەجۆشتر پێشوازی لەو ساڵیادە مەزنە دەکەین و بە هیوا و گەشبینییەوە لە ئێستا و ئایندەی پارتەکەمان دەڕوانین و شانازی بە رابردووی پڕ دەسکەوت و سەروەری و هەوراز و نشێوییەکانی دەکەین. هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە ١٦ی ئاب لای ئێمەی پارتییەکان رۆژێکی تایبەت و خۆشەویستە ئەوەیە، کە جیا لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی، ساڵیادی لەدایکبوونی رابەری نەتەوەییمان سەرۆک بارزانییە. هەر خودی جیاوازییەکانی پارتی لە حیزبەکانی دیکە و شانازییەکانی پارتیبوون لای هەر کادیر و ئەندامێکی پارتی بۆ بوونی ئەو سەرۆکە کارێزمایە دەگەڕێتەوە، بۆیە لە کاتێکدا ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتیمان لە خۆم و هەموو پارتییەکان و ئازادیخوازانی کوردستان پیرۆز دەکەم، هیوادارم هەریەکەمان لای خۆیەوە بەوپەڕی گیانی بەرپرسیاریەتی لە ئاست مێژوو و مەزنی پارتییدا بین و لە چوارچێوەی روانگە و دونیابینی سەرۆک بارزانی و بەرنامەی پارتی لە خزمەت پارتی و ئەزموونی دیموکراسی هەرێمی کوردستان بین، کە بەرهەمی رەنج و تێکۆشانی پارتی وەک هێزی یەکەم و هێزە ئازادیخوازەکانی دیکەشە.

پارتی وەک پارتێکی نیشتمانی و دیموکراسخواز هەر لە رۆژی دامەزراندنییەوە هەموو کوردستانی بە هەموو جیاوازییەکانەوە لەژێر شوناسی کوردستانیدا یەکخست و لەمڕۆشدا هەموو جیاوازییەکانی لە خۆیدا کۆکردووەتەوە. پارتی دڵخواز و جێ باوەڕی زۆرینەی کوردستانیانە، بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە. لە رووی پرۆگرامەوە پارتی ناسنامەی دیموكراسی بۆ خۆی پەسەند كرد و هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بواری بۆ كار كردنی ئافرەت لە ریزەكانیدا رەخساند، یەکەم پارتی سیاسی بوو لەو سەردەمەدا ئافرەتی بردە ئاستی سەرکردایەتی و لە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی دامەزراند.

پارتی، لە کاروانی حەفتا و پێنج ساڵەی خەبات و تێکۆشانیدا؛ رووبەڕووی زۆر ئاستەنگ و دوژمنکاری و پیلانگێڕی بووەتەوە، وڵاتانی دەوروبەر و هێزە شۆڤێنیەکانی عێراق، چی نەما نەیکەن بۆ لەناوبردن و لاوازکردن و سازشپێکردنی، بۆ بەلاڕێدابردن و دەرهێنانی لە هێڵی فکری نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان. لە ناوخۆشدا و لەلایەن بەکرێگیراوانی دوژمنانی کوردستان ئاستەنگ نەما بۆی درووست نەکرێ و پیلانی دوژمنکارانە نەما بۆی بەگەڕ نەخرێ، تەنانەت ئەوەی چاودێری بارودۆخەکە دەکات هەست بەوە ناکات کە پارتی لە ململانێیەکی دیموکراسی و جەماوەریدایە لەگەڵ چەند هێز و لایەنێکی رکابەر، بەڵکو هەندێ جار دەگاتە ئاستی دوژمنکاری و هەوڵی لەناوبردن، بەڵام لە بەرامبەر هەموو ئەو پیلان و دوژمنکارییانە، پارتی نەک لەناو نەچوو یان لاواز نەبوو، بەڵکو بەهێزتر و کاریگەرتر بوو. بەردەوام و تا دێت دیسان مێژوو و تێکۆشانی پارتی و خەباتی شۆڕشگێڕی، سیاسی، دبلۆماسی و مەدەنی و جەماوەری پارتی درەوشاوەتر لەنێو مێژووی گەلەکەمان رەنگ دەداتەوە و، پێگە جەماوەرییەکەشی تا دێت فراوانتر دەبێت.

هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان تا راپەڕین و یەکەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی دیموکراسی و دامەزراندنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، تا بەرپەرچدانەوەی هەموو مەترسییەکانی سەر ئەم ئەزموونە، بەرگریکردن لە خاکی کوردستان لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، لەخۆگرتنی پرۆژەی مەزنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، لێکەوتەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر و شکستپێهێنانی پیلانی داگیرکردنەوەی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەش رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان، پارتی ئەو هێزە سەرەکی و کاریگەرە بوو، کە بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم تاکە گەرەنتی مانەوەی هەرێمی کوردستان و پارێزەری دەسکەوتەکان بووە. بۆیە پارتی؛ بەقەد مێژووی دوورودرێژی، رەنج و تێکۆشان و قوربانیدانی، بەرهەمی هەوڵەکانی لە بواری مرۆڤسازی و دەوڵەتداری و نیشتمانسازی، هەڵگری شانازی و جێی چاوەڕوانی و هیوای کوردستانیانە.

پارتی، نە لە هیچ حیزبێک جیابۆتەوە و نە بۆ دژایەتیکردنی حیزبێکی دیکە دامەزراوە. پارتی سەرچاوە و بنەڕەتە و ئامانجەکانی کوردستانیانەیە، لە سیاسەتکردندا بەمۆڕاڵ و بە پرەنسیپە و لەگەڵ جەماوەردا راستگۆیە، لە بەرپرسیاریەتی هەڵنایە و چەواشەکاری ناکات، خاوەن بەرنامە و جیهانبینی روونە و پاشکۆی ئەجیندای هیچ وڵاتێک و زەلیلی هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییە، جگە لە پابەندی بە بیروباوەڕی کوردایەتی و نیشتمانی، بەها باڵاکان و پرەنسیپەکانی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە لە رێبازی پیرۆزی بارزانییەوە سەرچاوە دەگرن. پارتی کۆمەڵێک پرەنسیپی جێگر و نەگۆری هەیە کە خۆیان لە بنەمای هزری نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانی دەبیننەوە، پارتی بنەما نەتەوەییە جبێگیرەکان دەخاتە پێش بانگەشە و بەرژەوەندی حیزبایەتی، هەر بۆیە زۆر جار لەبەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی سازش لە مافەکانی خۆی دەکات، هەر ئەمانەش هۆکاری گەشەکردن و بەهێزی پارتیین. سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە و بەهێزی پارتی هێز بە کوردستان دەدات. شانزەی ئاب لە هەموومان پیرۆزبێت..

 

هەواڵی پەیوەندیدار