١٦ی ئاب.. پێشوازییەکی نیشتمانیانە

هاودەنگ فاروق
٧٥ ساڵە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو ستوونە بەهێزەی بیری نەتەوەخوازیی کوردایەتییە، کە ئیلهامبەخش و سەرچاوەی هێزی مەعنەوی شۆڕش و بەرخودانی نەتەوەی كوردە لە هەر پارچەیەکی كوردستاندا.
نێزیک لە سەدەیەکە پارتی، كە هەڵقوڵاوی بیر و ئیڕادەی گەل و مێژووی ڕزگاریخوازیی كوردستانە، لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجەكانی ئەم میللەتەدا سینگی بەوەجترین ڕۆڵەكانی خۆی كردووەتە قەڵغان و بەڵاگێڕی نیشتمان و بە شانازییەوە تێكۆشاوە و تێدەكۆشێ.
لە ١٦ی ئابدا، نەتەوەی كورد و تەواوی پێكهاتە ڕەسەنەكانی كوردستان، ساڵیادی شكۆ و شانازیی سەرکردەی مەزنی کورد مستەفا بارزانی دەكەنەوە، ئەو سەرۆکەی لەم ڕۆژگارەدا، ڕەوایەتیی بوون و ڕەهەندەكانی نەتەوەیەكی مەزڵومی بە گوێی جیهان دادا و گەلێكی پەرتەوازەو بندەستی بەرەو قۆناغی یەکخستن و یەكڕیزیی نەتەوەسازی و بنیاتنانی فكری نیشتمانیی کۆ کردەوە و متمانەو باوەڕبەخۆبوونی بۆ دروست كردن.
هەر بۆیە هەژار موكریانی دەڵێ:
لە كوێ بڵێی كوردستانیم
پێت دەڵێن بڵێ بارزانیم
ئاماژەی ئەو شیعرەی هەژار، بۆ ساتەوەختێكی هەستیاری مێژووی كوردە، كە لە سەرانسەری جیهاندا، كورد ناوێكی ئەوتۆی نەبوو، بەڵام بارزانی نەمر ناوی كوردی بردە نێو بیروڕای گشتیی جیهان و بە دونیای ناساند.
١٦ی ئاب بیرەوەریی ڕۆژگاری سەختی دەستپێكی خەبات و كاروانی كوردایەتیی حزبێكی ڕەسەن و سەنگینە، تا ئەمڕۆش لە سەر دەستی سەرۆك مەسعود بارزانی، پارتی خاوەنی ئیرادەی بەرزی خۆنەچەمێن و پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و حوکمڕانی قەوارەی دەستووریی کوردستانە.
پارتی و بارزانی نێزیک سەدەیەکە بوونەتە بنەمای باشترین قوتابخانەی گەشەپێدانی فكری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرخودان، بوونەتە نموونەی ڕێبەرایەتیی باوەڕپێکراوی كوردایەتی.
لە هەر وەرچەرخان و داهێنانێكی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتیی كورددا.. پارتی ڕۆڵی كارای سوارچاكیی بووە.
لە دوای ڕاپەڕینەوە، تا قۆناغی حوكمڕانیی كوردی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، پارتی دەستی لە ناو پرۆسەی ئاوەدانی، چاكسازیی ئیداری و یاسایی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و داڕشتنی سیستەمی دەوڵەتداریدا هەرە باڵا بووە، ئەمڕۆش بە پشتبەستن بە ئەزموونی سەدەیەك خەبات و تێكۆشانی نەتەوایەتی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، هەر وا لە پێناو خزمەتی میللەت و نیشتمانەكەیدا بەهێز و بیروباوەڕەوە لە گۆڕەپانەكەدایە و هەرگیز هەنگاوێك پاشەكشەی نەكردووە.




