١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

‏قوڕمیشكراوێكی "پ ك ك"ی بێئاگا لە مێژوو

سەرچاوە: KDP.info

ھێژا بەکر

سایتی "شارپرێس" وتارۆكەیەكی سەلاح خدر ناوێكی بڵاوكردووەتەوە. بەر لەوەی بچینە سەر نێوەرۆكی نووسینەكە كە دەرخەری بێئاگایی نووسەرەكەیەتی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، دوو سێ سەرنجی گشتی وەبیر ناوبراو دەهێنینەوە. جارێ ئەو بەراوردكارییەی وتارۆكەكەی لەسەر هەڵچنراوە، زۆر بێسەروبەر و بێمانایە، كە نێوان لایەنەكانی ئاسمان و ڕێسمانە. جێی پرسیارە داخۆ ئەو پیاهەڵدانەی پەكەكە و كاڵكان لەم تەوقیتەدا، چەند پێوەندیی بەو ڕووداوانەی ئێستاوە هەیە كە لەوێندەر ڕوودەدەن و دەیەوێت چ پەیامێك بۆ كام لایەن بنێرێت؟ باشە ناوبراو پشتڕاستە كە كاڵكان بۆخۆی ئەم پیاهەڵدانەی قەبووڵە، لە خاكەڕایی نا لە ترسان؟ ئاخر ئەوە بەزاندنی یەكێكە لە پرنسیپە نەگۆڕەكانی نێو "پ ك ك" لەیەكەم ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ؛ هیچ كەس هیچ نیە جگە لە ڕێبەریان، هەر كەسێكیش لەم پرنسیپە لابدات، سێ بژاردەی هەیە: ڕەخنەلەخۆگرتن تا ئاستی خۆڕیسواكردن، دەرپەڕاندن لە پەكەكە تا دەگاتە ئاستی خۆ بەدەستەوەدان، ئەگەرنا، كوشتن و لەنێوبردن بە تۆمەتی خیانەت لە ڕێبەرایەتییان. هەرسێ بژاردەكەش سەدان بگرە هەزاران نموونەی زیندوو هەن لەبارەیانەوە. لێرەدا لەو هەزارانە تەنیا یەك نموونە بۆ ئەم نووسەرە قوڕمیشكراوە بێئاگایە دەهێنینەوە: سەركردەی پێشووی پەكەكە و نووسەر و ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی كوردستانی تورکیا، محەمەد سەلیم چوروکكایا لە كتێبی "ئایەتەكانی ئاپۆ"دا، باسی ڕووداوێك دەكات كاتێك هێشتا سەرنووسەری بڵاوكراوەیەكی پەكەكە بووە لە ئەوروپا.. دیارە یەكێك لەو سەدان ڕۆشنبیرە كوردە ئازادانەی كە لە دژی دیكتاتۆرییەتی نێو پەكەكە وازیان هێناوە لە كتێبێكدا كە لە ئەوروپا بڵاوی دەكاتەوە بەشێوازێكی ئیجابی باسی چوروکكایا و مستەفا قەرەسوو دەكات(مستەفا قەرەسوو ئێستێ سەركردەی پەكەكەیە و هاوەڵی كاڵكانە)، چوروکكایا دەڵێ: ڕۆژێك زەنگی تەلەفۆنەكەم لێیدا، دەبینم قەرەسووە، گوتم فەرموو، قەرەسوو گوتی، محەمەد سەلیم من و تۆ تیاچووین! پرسیم بۆچی؟ وەڵامی دایەوە: فڵانە كەس لە كتێبەكەیدا بە خراپە باسی ڕێبەرایەتی و بە باشە باسی من و تۆی كردووە!!
جا برادەر ئەمە ڕاستیی وەزعەكەیە و حاڵی ئەو كاڵكانەی تۆ بە شۆڕشگێڕیی ئازاد ناوی دەبەیت و حاڵی سەرلەبەری سەرانی پەكەكەیە. ئازادی چی و حاڵی چی!!
لە شوێنێكی پیاهەڵدانەكاندا، ناوبراو كەوتووەتە دژبەرییەكی سەیرەوە؛ لە لایەك دەڵێ سەركردەكانی پارتی گوایە نازانن كاڵكان توركە و پێیانوایە كوردە و كوردی نازانێت، بۆیە مافی ئەوەی نیە بە ناوی كوردەوە قسان بكات، لە لایەكی دیكەوە دەڵێ گوایە ساڵی 1983، كاڵكان، سەركردایەتی گەریلای كردووە لە هێرشێكی هاوبەشی پێشمەرگە و گەریلادا بۆ سەر سوپای عێراق لە ناوچەی حەفتەنین!! باشە چۆن پارتی لەگەڵ كەسێكدا هێرشی هاوبەش دەكات و نازانێت كوردە یان توركە؟ جیا لەوەی جێی خۆیەتی دووپاتیكەینەوە، ئەوە قسەیەكی هەڵبەستراوە: ئاخر نە هەرگیز سوپای عێراق لەوكاتەدا لە حەفتەنین بووە، نە هەرگیز پێشمەرگەی پارتی چالاكی هاوبەشی لەگەڵ گەریلا ئەنجام داوە.
نووسەر گوایە هاتووە داكۆكی لە كاڵكان و پەكەكە بكات، بەڵام بێئەوەی بزانێت، بوختانگەلێكیان بەناوەوە دەكات كە بەتەئكید خۆیان پێیڕازی نین. كاڵكان و هاوەڵانی، سەرانی پەكەكە و قەندیل بە دەستنیشانكراویی، وازیان لە كوردایەتی و ناوی كورد و كوردستان هێناوە و نەفرەت لە خەباتی نەتەوەیی و نەتەوەخوازیی دەكەن، ئەمەش بە هەموو ئەدەبیاتی پەكەكە ڕێبەراتییەكەی و لقەكانییەوە دیارە و نەك نكوڵی لێناكەن، بگرە شانازیشی پێوە دەكەن.
لە كۆتاییدا، هەموو ئەو بوختانانەی دیكەی لەم نوسینە بێسەروبەرە گوماناوییەدا هاتوون شایانی وەڵامدانەوە نین و ناشتوانن پرسیارە جەوهەرییەكە لە بیر خەڵكی كوردستان بە گشتی و لەبیر ئەو سەدان گەنجە كوردەی بە نیازی كوردایەتی دوای پەكەكە كەوتوون ببەنەوە: پەكەكە بۆچی لە خاكی خۆی ڕایكردووە و چی دەكات لێرە؟ بۆچی شەڕی پێشمەرگە و دامەزراوە شەرعییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووەتە تاكە ئەركی خۆی؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار