لەیادی جینۆسایدی شنگالدا ..

د.محه‌مه‌د خدرمولود
لەیادی جینۆسایدی شنگالدا ..
لەتەمەنی 100 ساڵەی حکوومەتی تازەی عێراقدا 88 ساڵە قڕ دەکرێین جینۆساید و هۆلۆكۆست دوولاپه‌ڕه‌ی مێژوویه‌كی دڕنده‌ی سامناك.
هه‌رچه‌ند سه‌یری ئه‌م دوو كاره‌ساته قێزه‌ونه‌ی مێژوو ده‌كه‌ین و له شێوه‌و شێوازه‌كانی ئه‌نجامدانی (جینۆسایدی كورد و هۆلۆكۆستی جووله‌كه)، وورد ده‌بینه‌وه به دووری و نزیكی مانا و واتاکانی لە یەکترییەوە، ئه‌میان هۆلۆكۆست به مانای (قوربانی دان به ئاگر- سوتاندن له پێناو خوا) دا دێت ئه‌ویتریان جینۆساید، به مانای (له ناوبردنی ره‌گه‌ز- توخم – نه‌ته‌وه) دێت.
بۆمان ڕووندەبێتەوە هه‌ر دوو كاره‌سات دوو دیووی یه‌ك پرسن و كه‌یسێكی یه‌ك لاپەڕەن و به مه‌به‌ستی تواندنه‌وه و له نێو بردن و قڕکردنی ره‌گه‌ز و توخم ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. نه‌ته‌وه‌یێك له نه‌ته‌وه‌كانی دونیا له سه‌رده‌می جیاوازدا پیاده كراون.
هۆلۆكۆست ئه‌و كاره‌ساته كۆمه‌ڵكوژییه‌یە دژ به جووله‌كه ئه‌نجامدرا گه‌وره‌ترین جینۆسایدی سامناکە، له مێژووی نوێ‌دا له نێوان ساڵانی 1939-1945 روویداوه نه‌ك هه‌ر ته‌نیا له به‌ر ژماره‌ی بێشووماری قوربانییه‌كه كه خۆی له نێوان 6 ملیۆن جووله‌كه و 4 ملیۆن خه‌ڵكی تر ده‌بینییه‌وه كه نازییه‌كان به (قه‌ره‌ج و كه‌م ئه‌ندام و كه‌سانی بێ بایه‌خ و گه‌جه‌ر و گوجه‌ر)ی نێو كۆمه‌ڵگا ناوییانی زڕاندبوو، به‌ڵكو له به‌ر ئه‌وه‌ش بوو ده‌بێته دووه‌م كۆمه‌ڵكوژی مرۆڤایه‌تیی سه‌ده‌ی بیسته‌م دوای جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كان كه به‌و شێوه دڕندایەتییەوه ڕووبەڕوو و دژ بە مرۆڤگەلێک و نه‌ته‌وه‌یێك له نه‌ته‌وه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ده‌بێته‌وه.
هه‌ردوو پرۆسه دڕه‌نده سامناكه قێزه‌ونه كه (هۆلۆكۆستی جووله‌کەکان و جینۆسایدی كوردان)، لاپه‌ڕه‌یێكی مێژووی پڕ له قینی ده‌مارگیری شۆفینی و نازییه‌تن، دره‌نده‌ترین كرده‌وه‌ی مێژووی ده‌ستی فاشیی و دیكتاتۆرن. کە لە ئەنجامدانیاندا وورد ده‌بینه‌وه چه‌ندین خاڵی هاوبه‌شیان لێوه ده‌خوێنییه‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی بشێ بۆ ئێره، بۆ ئه‌م وتاره هه‌وڵده‌ده‌ین باری سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ئه‌م چه‌ند لایەنانە:
یه‌كه‌م: هۆلۆكۆست كه به مانای سوتاندنی مرۆڤ، یا قوربانیدان به ئاگر دێت، چه‌مك و مانای مه‌به‌ستدار‌ی ئاینییه، له میسۆلۆگیای كۆنه‌وه وه‌رگیراوه و ره‌گێكی ئایینی هه‌یه و له بنه‌ره‌ته میسۆلۆگییایه‌كەیە‌وه بە مانای پرۆسه‌ی سووتاندنی مرۆڤ له پێناو خوداوه دێت.
فابریقه‌ی پڕۆپاگەندە و میدیایی ئه‌دلۆف هیتله‌ری فاشی ئەڵمانی و پارتی كرێكارانی سۆشیالیستی نازی هیتله‌ر و گۆڵبزی وه‌زیرە پرۆپاگەندەچییە بووق ژەنەکە ئه‌م ناو و نازناوه‌ی (هۆلۆكۆست – سووتاندنی جه‌سته)ی بۆ پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی جووه‌كان به‌رهه‌م هێنراوه. جووەکانیش لە تێگەیشتنی نازیەت دا بوودەڵترین مرۆڤی سەرزەوین شوێنیان تەنیا ئاگردان و سوتاندنە لە پێناو خاوێن بوونەوەی ژینگەی مرۆڤە مەزنەکان..!
ئه‌نفال، لاپه‌ڕه‌یه‌كه له پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی كورد و گه‌لی كوردستان ئه‌ویش له چه‌مك و مانای ئاینیییه‌وه، به مه‌به‌ست و واتاوه وه‌رگیراوه‌و له ئایه‌تێكی قورئانی پیرۆزه‌وه، له فابریقه‌ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆشیالیسته‌وه به‌رهه‌م هاتووه و 33ساڵ به‌ر لە ئه‌مرۆ به هه‌شت قۆناغ پیاده‌كرا. له قۆناغی یه‌كه‌مدا، دوای پیاده‌كردنی به به‌یاننامه‌یێك له (مجلس قیاده‌ی سه‌وره‌ی عێراق) ه‌وه بێژه‌ره ده‌مشڕه هه‌رزه‌گۆكه بێباكانه و به‌شانازییوه به‌یاننامه‌كه‌ی خوێنده‌وه:
بسم الله الرحمن الرحیم ..
یسالونك عن الانفال قل الانفال لله والرسول فاتقوا الله واصلحوا ذات بینكم ...تد.
مامۆستا هه‌ژار، هه‌ژاری موكریانی ده‌قی ئه‌م ئایه‌ته‌ی (الانفال)ی به‌م جۆره وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌رزمانی كوردی:
(له‌مه‌ڕ ده‌سكه‌وتی جه‌نگه‌وه لێت ده‌پرسن، بێژه: تاڵانی دوژمنان بۆ خودا و بۆ پێغه‌مبه‌ره. ئه‌گه‌ر بڕواتان هێناوه، ئێوه ترس و له خودابێ و له ناو خۆتاندا پێك وه‌رن، به‌ر فه‌رمانی خودا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی بن).
هه‌روا كه‌وته‌وه، ئه‌وێ رۆژێ 33 ساڵ پێش ئێستا ئه‌نفالچییه‌كان به‌ر فه‌رمانی شۆڤینییانەی سه‌ركردایه‌تی عێراقی حزبی به‌عس بوون و، (زاته به‌ینی) خۆیان كرد و هێرش و په‌لامار و شاڵاوی ئه‌نفالیان قۆناغ به قۆناغ بۆ باشووری كوردستان، له گه‌رمیانه‌وه بۆ كوێستانی گه‌لی باڵنده و روویێ شین هێنا، له دوا قۆناغی ئه‌نفالیشدا كه ئه‌نفالی هه‌شته‌مه و به (خاتمه الأنفال) ناونرا، به ئایه‌ت و كتێبی پیرۆزی موسلمانان، مرۆڤی سڤیلی كوردی موسلمان و غەیرە موسلمانیان به موڵك و ماڵه‌وه ئه‌نفال و جینۆساید كرد.
دووه‌م: پرۆسه‌ی هۆلۆكۆستی جووله‌كه‌كان، به‌ر له راگوێزان و كوشتنی به كۆمه‌ڵ و سوتاندنی جه‌سته‌یان له نێو ئه‌و ئاگردانه زه‌به‌لاحانه‌ی له پۆلۆنیا و ئه‌وروپایی رۆژهه‌ڵات له چیكۆسلۆفاكیا و ئوكراینا لاتیفیا و لیتوانیا و بیلاروسیا.. تد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ساز و ئاماده كرابوو، له كۆتاییه‌كانی ساڵی 1939 له به‌رلینه‌وه سه‌ره‌تا به وه‌رگرتنه‌وه‌ی په‌ساپۆرتی كه‌سی جوله‌كه‌كان و مۆر لێدانیان به پیتی (ل) به مه‌به‌ستی جیاكردنه‌وه‌یان له خه‌ڵكی دی و پاشان له قۆناغی دووه‌مدا به هێرش و په‌له‌ماردان و كوشتن و بڕین و تاڵانكردنی (جه‌سته‌یی و بایۆلۆجی و ئابووریی)یه‌وه ده‌ستی پێكرد.
له‌و پرۆسه به‌د ناوی كه به ناوی (شه‌وی شكاندنی جامخانه‌كان) ناسراوه، جگه له كوشت و بڕین، نزیكه‌ی 7000 حه‌فت هه‌زار سه‌ر و ماڵ و كۆگا و دوكان و بنكه‌ی بازرگانی جووه‌كان فه‌رهود كران و به تاڵان بردران.
لێره‌ش له كوردستاندا پرۆسه‌ی به‌دناوی جینۆساید به‌م شێوه‌یه بووه.
هه‌ر ده‌ڵێی شه‌وی شكاندن و به تاڵانبردن و شه‌وی ره‌شبگیری و رۆژانی راگوێزانی كوردانی فه‌یلی به‌غدایه، كه له سه‌ره‌تای ساڵانی رێككه‌وتنی مێژووی یازده‌ی ئازاری ساڵی 1970 دا به‌عس به‌رامبه‌ر كورده فه‌یلییه‌كانی به‌غدا، پیاده‌ی كرد و52 ساڵ بەر لە ئەمرۆ 40 هەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران راگوێزران و پاشان لە ساڵی 1980 بە فرمانی ژمارە 666 (مۆری ته‌به‌عییه‌ی) ئێرانی فارسی مه‌جووسی له ره‌گه‌زنامه‌كانیان دراو مافی هاوولاتی بوونیان لێ سەنرایەوە و دەست بە سەر تەواوی موڵک و ماڵ و بازرگانیەتی و کار و پیشەییان داگیركرا، لە کاتێکدا کوردە فەیلییەکان لە نێو پێکهاتەوە توێژەکانی بەغدا چاپوک و بازرگان و سەرمایەدار و خاوەن کار و هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی بوون بە سەدهایان لە ریزی شۆڕشی ئەیلول و لە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوون.
هه‌روا (شەوی شکاندنی جامخانەکان) هه‌ر ده‌ڵێی شه‌وی ره‌شبگیری و لێكدابڕاندنی پیاوانی بارزانی یه له نێو ماڵ و خانه‌واده‌یاندا (38ساڵ) بەر لە ئەمرۆ،له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په له شه‌وی 31-7-1983 و له هه‌ریر و كۆمه‌ڵگایه زۆره‌مڵێ یه‌كانی دیكه و دواتریش كوشتنی به كۆمه‌ڵی 8000 هه‌شت هه‌زاریان و بۆ جاری دووه‌م به جینۆساید كردنه‌وه‌یان له قه‌ڵه‌م ده‌درێت.
شه‌وی (ره‌شبگیری قوشته‌په) و رۆژانی (گرتن و یه‌خسیركردنی جه‌مه‌دانی سووره‌كان) له پارێزگای هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری دا بۆ هه‌ر پیاوێكی بارزانی و غه‌یره كه (جه‌مه‌دانی سوور)یان له‌سه‌ر بوو، هێما و واتای بارزانی بوونی ده‌گه‌یاند، هێما و واتای شەرەف و کوردستانی بوونی دەگەیاند.
ئه‌م پرۆسه‌یه، جینۆسایدی دووه‌می ئه‌و هه‌شت هه‌زار بارزانییه سڤیلانه‌یه، دوای راگوێزانیان له بارزانه‌وه به زۆره‌ملێ به جینۆسایدی دووه‌م دێت كه به زۆره‌ملێ له زێد و واری خۆیان راگوێزران و له كۆمه‌ڵگای سه‌ربازگه‌ی عه‌سكه‌رتاری قوشته‌په و هه‌ریر و...تد نیشته‌جێ كران.
ئه‌م كرده‌وه‌یه‌یش هه‌ر له‌و كۆمه‌لگا عه‌سكه‌رتارییه‌ی نازییه‌كان ده‌چێ كه له وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات به مه‌به‌ستی جینۆساید‌كردن و هۆلۆكست دروست كرابوون.
هزر، هه‌مان هزری نازیه‌ت و شۆفینیه‌تن، نه‌خشه و پلان هه‌مان نه‌خشه و پلان، ئامانج و مه‌به‌ستیش هه‌ر هه‌مان ئامانج و مه‌به‌ستن.
كه دیقه‌ت له‌م پرۆسه نامرۆڤانه دڕنده‌و سامناكه ده‌گرین و له شێوازی پیاده‌كردنیان وورد ده‌بینه‌وه، ئه‌م ده‌سته‌واژانه (شه‌وی شكاندنی جامخانه‌كان، لێدانی مۆری پیتی لام، شه‌وی راگوێزانی فه‌یلییه‌كان و لێدانی مۆری ته‌به‌عییه، شه‌وی ره‌شبگیری قوشته‌په و به رۆژ به‌دواداچوون و گرتن و یه‌خسیركردنی جه‌مه‌دانی سووره‌كان، جینۆسایدی شنگال و ئێزیدییەکان بە هۆی کوردبوون و بیروباوەڕی ئاینییانەوە، ئەنفال هەر لە گەرمیانەوە تا بادینان بە هۆی کوردبوونەوە شێخ وەسانان و بالیسان و هەلەبجە هەر بە هۆی کوردبوون و فاکتەری نەتەوەییەوە) هه‌موو مانا و واتای خۆیان هه‌یه، كۆدی هۆلۆكۆست و جینۆسایدن و له باگراوه‌ندی ئه‌م كۆدانه‌دا مه‌رگه‌ساتی دڕندانه‌ی مرۆڤایه‌تی لێ ده‌خوێندرێته‌وه.
له‌م دوو خاڵه هاوبه‌شه‌وه ده‌وه‌ستین، خاڵی هاوبه‌شی تر زۆرن له مێژووی زوڵم و سته‌می فاشیه‌ت و دیكتاتۆره‌كانی جیهاندا با سه‌دان و هه‌زاران لاپه‌ڕه‌بن، یه‌ك ڵاپه‌ره و یه‌ك ناونیشان كۆیان ده‌كاته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:
دیكتاتۆره‌كان و شۆفینیزمه‌كان له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێك و له سه‌ر هه‌ر ئایینێك بن، دوو دیوی یه‌ك دراون، زۆرینەی خودان هزری شۆڤینی، دژی كه‌مینه و سه‌روه‌ت و سامان و جوانی و زرنگی و خۆشگوزه‌رانی و دیموكراتیه‌ت و پێكه‌وه ژیانن.
ئه‌وان له هزر و بیر و هۆشدا سه‌قه‌ت و گه‌وجه و نه‌فامن، چاویان به پێكه‌وه‌ژیانی هاوبه‌شی مرۆڤانه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی هه‌ڵنایێ، بوده‌ڵه‌ن و له نێو جه‌هلی موڕەکەبی له خۆبایی بوونی ده‌سه‌ڵاتی زۆرینه و هزر و هێزی نه‌ته‌وه‌یی شۆفینییه‌وه له پێستی خۆیان ده‌رده‌چن و له خۆبایی ده‌بن و له خۆ به‌زڵزانییه‌وه ده‌ڕواننه به‌رامبه‌ر و ئه‌وانی تر.
هەرواش بوو ئەو هزر فاشیستە، هەڵگری جەهلی موڕەکەبی بیابانەکان كورد و گه‌لی كوردستانیان بە چاوێکی کەمەوە سەیر دەکرد و بە گاڵتە پێکردنەوە لێیان دەڕوانی.
بۆیە له دوای ساڵی 1975 وه حزبی به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌غدا كوردی کوردستانی بە (شیمالونا ئه‌لحه‌بیب) و به كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی نه‌زان و نه‌فامی (هیچ و پوچ و گه‌وجه و جه‌یب ولعه‌میل و خه‌وه‌نه و عوسسات) ناوزەد کرد، هه‌روا له دوا پرۆسه‌ی ئه‌نفالی هه‌شتدا له ئه‌نفالی بادیناندا، كه به (خاتمه الانفال) ناسراوە بێژه‌ره ده‌مشڕ و جنێودەری میدیای به‌غدا رادیۆ و تەلەفزیۆنەوە بوو بێ بێكانه و دوور له هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تی و پرنسیپه‌كانی مرۆڤ بوون به مرۆڤی كورد و گه‌لی كوردستانیان دەگوت: (سه‌دان هه‌زار-ئه‌زغه‌ر حه‌شه‌ڕه قاتیله - پێشكه و مێشووله‌ی كوشنده‌مان له ناو برد).
ئێستا وا له ته‌مه‌نی 33 ساڵه‌ی ئه‌نفالدا، 18 ساڵه له نێو ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراقی دوای رژێمی به‌عس داین و كه‌یسه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆسایده‌كانی دیكه‌ی كورد، له دادگای باڵای تاوانه‌كانی به‌غدا، به تاوانی نێوده‌وڵه‌تی ناسێندراون.
دوای ئه‌وه‌نده ساڵه هه‌ر چاوه‌ڕوانی ده‌ستی به‌غدا بین..؟ یا خۆمان كارێ بكه‌ین و بۆ سارێژكردنی زامی قوڵ و پڕ له ژانی كوردستان..؟
ئه‌ی چی بكه‌ین، چ نه‌خشه‌رێگایێك بگرینه به‌ر وه‌ك جووله‌كه هۆلۆكۆس، بیكه‌ینه كه‌یسێكی نێوده‌وڵه‌تی و له سایه‌یدا ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆمانی پێ دامه‌زرێنیین ..؟
دوای 18 ساڵ له ته‌مه‌نی عێراقی تازە، عێراقی دوای رژێمی رەشبگیری دیكتاتۆری به‌عس هه‌ر چاومان له‌وه بێت به‌غدا قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری ئه‌نفال و جینۆسایدی كورد بكاته‌وه ..؟ كه ساڵانە هه‌ر لە پێناو وتاردان و بۆ میدیا نمایشی دەکا و فڕێیده‌دا و هیچیتر نا.
ئه‌ی ئه‌وه هه‌ر به‌غدای دوای روخانی دیكتاتۆر نه‌بوو، بودجه و موچه‌ی لێبرین، له (پردێ و سحێلا) گه‌مارۆی داین و به له‌شكركێشی و هێڕشی بێ ئه‌مان و گه‌له‌كۆمه‌كی ئه‌م و ئه‌و بۆی بلوابوایه و بڕه‌خسا بوایه، بازووی پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و خه‌ڵكی شۆڕشگێر و خۆراگری كوردستان مەردانە لێیان نەهاتبانە دەست و قەپۆز و ملیانیان نەشکاندبان ئه‌نفالێكی دیكه و جینۆسایدێكی دیكه و كۆمه‌لكوژییه‌كی دیكه‌یان ئەنجام نەدەدا..؟؟
ئه‌ی ئه‌وه هه‌ر داعش و ماعش نه‌بوون له سه‌رده‌می عێراقی تازه‌ی دوای سه‌دام حوسێن، له سه‌رده‌می مالكی و عه‌بادی جینۆسایدی شه‌نگاڵ و ئێزیدییه‌كانی له رۆژی 30-8- 2014 ئه‌نجام دا ..؟
دوای جینۆسایدی شنگال و ئێزیدییەکان چاوه‌ڕێی چیتر بین ...؟؟
له ساڵی 1933 وه له شۆڕشی بارزانه‌وه، له وێرانكردن و سوتماکردنکردنی زیاتر له 40 گوندی ئەو دەڤەرەوە، کە به‌هاوبه‌شی و به ده‌ستی سوپای به‌ریتانی و عێراقه‌وه ئەنجامدرا تا جینۆسایدكردنی ئێزیدییەکان له 2014 به ده‌ستی داعش و ماعشەوە وا ده‌بێ به (88 ساڵی) ته‌واو لە مێژوو و تەمەنی (100 ساڵ)ی دەوڵەت و وڵاتی بە ناو عێراقدا.
لەو ولاتە بەزۆر لکێندراوە هه‌ر نه‌ته‌وه‌یی كورده و هه‌ر خاكی كوردستانه بە هەموو جۆر و شێوازێکەوە (ڕادەگوێزرێن و بە زۆرەملێ لە سەر زێدی باوباپیران هەڵدەقەندرێن، به‌عه‌ره‌بكردن، به ره‌شبگیری و كۆمه‌ڵكوژی، به زینده‌به‌چاڵ كردن، به روخاندن و و ێرانكردنی گوند و ئاوایی و كوێر كردنه‌وه‌ی كانی و كانیاو کوێر کردنی ره‌ز و باغ به سوتماكردنی خاك، تا كیمیابارانكردن و ئه‌نفالكردن) سه‌رده‌م دوای سه‌رده‌م، قۆناغ به قۆناغ به به‌رنامه جینۆساید ده‌كرێن.
ئه‌رێ هه‌تا كه‌ی هه‌ر مه‌حكومی راگواستن، به عه‌ره‌بكردن، ره‌شبگیری و كۆمه‌ڵكوژی و زینده به‌چاڵكردن، كیمیاباران و ئه‌نفالكردن و جینۆساید‌كردن بین ..؟
وا داعشمان بینی و وا پۆست داعش‌یش ده‌بینین، تاكه‌ی مه‌حكومی ناته‌بایی و دووبه‌ره‌كی و چاو له ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بین و کەچی مه‌زنێتی و گه‌وره‌یی و پیرۆزی و ته‌بایی و یه‌كریزی خۆمانمان پێ گرنگ نه‌بێ ..؟
وا ئاشی جینۆساید به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه (جه‌سته‌یی، بایۆلۆجی، كه‌لتوری، ئابووری و جوگرافی) 88 ساڵی ره‌به‌قه لە تەمەنی 100 ساڵەی حوکمداریەتی بەغدا ده‌مانهاڕێت، كه‌یفی چیمان به‌وان بێ ..؟ تاكه‌ی چاومان له ده‌ستی ئه‌م و ئه‌و بێ؟ چ جۆرە شانازییەکن..؟
ئەی کەیفی چیمان بەخۆمان بێ؟
جووله‌كه‌كان، چه‌نده هۆشمه‌ندبوون، چه‌نده یه‌ك ده‌ست و ته‌با و یه‌كریز و چه‌ند زوو به‌خۆهاتنه‌وه.
وێرای ئه‌وه‌ی له چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاوازی وڵاتانی ئه‌و سه‌ر و ئه‌مسه‌ری دونیایێ ده‌ژیان و زۆر دوور بوون له یه‌كتری، له دوورییاندا كیشوه‌رییان نێوان بوو، كه‌چی هۆلۆكۆست و جینۆسایدی هزری فاشی و نازییانە هەمووی له‌ژێر چه‌تری ده‌وڵه‌تی به هێزی سه‌ربه‌خۆیی جوو كۆكرده‌وه.
خۆ ئێمه‌ی كورد، ئه‌وه‌نده دوور نین له یه‌كتری، نێوانی هه‌ولێر و سلێمانی، هه‌ولێر و مه‌هاباد، هه‌ولێر و دیاربه‌كر، هه‌ولێر و قامیشلو، دوو كاژێر و چوار كاژێر و شه‌ش كاژێر و هه‌شت كاژێره و هه‌موو له‌نێو ئه‌و بستۆكه‌یه، وه‌ك هێمنی شاعیر گوته‌نی دوژمن ناوی ناوه (سنوور).
سنووری چی..؟ له ئێستای سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیای گه‌یاندندا كوانێ سنوور..؟ گه‌ر خۆمان خۆمان سنووردار نه‌كه‌ین و نه‌بینه گۆشه‌گیری مه‌رگه‌سات و كاره‌ساته‌كانمان هه‌ر له نێو بازنه‌ی قوربانییه‌كانی جینۆساید و ئه‌نفاڵی بێگانه كرده، و ئازارچه‌شته‌ی شه‌ڕی خۆكرده خوولاوە بێ، بێ‌ئاگا له خۆمان سه‌ره‌ئه‌نجام ده‌بین به نه‌ته‌وه‌یه‌كی ده‌روون نه‌خۆشی (سادی، مازۆخی، ماسۆشی)، چێژ و له‌زه‌ت له (خیانه‌ت، ته‌عریبكردن، ته‌فریسكردن، ته‌تریككردن و هه‌موو شێوه‌كانی جینۆساید كردن)مان وه‌رده‌گرین و له تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی دروست و ته‌ندروسته‌وه ده‌بین به تاك و كۆمه‌ڵگایه‌كی ده‌روون په‌شۆكاوی شپرزه‌ی خەمۆکی نەخۆشی پڕبێژی بێکرداری عەمەلمەندە ئاسای تاک و کۆی نادروست و ناته‌نده‌روستی مازۆخی.
ده‌بێ له‌مه‌ودوا هەموو تاک و لایەنێک لەگەڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا رژدتر كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسی جینۆساید و ئه‌نفاله‌كان به نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ین.
به‌نێوده‌وڵه‌تی كردنی پرس و كه‌یسی ئه‌نفاله‌كان و جینۆسایدی كوردستان هۆكارێكی گرنگن بۆ دروستكردنی زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و و چه‌ترێكی به‌هێزی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ نیشتیمان و وڵاتی سه‌ربه‌خۆی كوردستان.
ئاخر، با تین بده‌ینه به خۆمان و بوێر بین و راشكاوانه بڵێین:
كاره‌ساتی هۆلۆكۆست بۆ جووله‌كه په‌رته‌وازه‌كانی دونیایێ، سەرەنجام ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی پێ له دایكبوو.
هەولێر3-8-2021




