سێ و هەشت ساڵ پێش ئێستا به (زیل و ئیڤا)ی سەربازی دەیانوویست گەلی کورد بسڕنەوە

یونس حەمەد- ئۆسلۆ
کۆتاییەکانی مانگی هەفتی ساڵی 1983 له گەورەترین شاڵاوی بەدناو و بێ سەروشوێن کردندا، رژێمی ئەوسای بەغدا به دڕندەترین شێوە زیاتر له هەشت هەزار کوردی بارزانی لەچەند کاتژمێرێکدا بێ سەروشوێنکرد، که ئەمه وەك سەرەتایەکی ترسناك بوو بۆ دواڕۆژی گەلی کورد، له هاوینێکی وەك هەمیشە گەرما، (زیل و ئیڤا)ی هێزە تایبەتییەکانی رژێمی ئەو سەردەمە، به ناو کووچە و کۆڵانەکانی ئۆردووگا زۆرەمیللییەکانی قوشتەپە و هەریر و چەند شوێنێکی دیکەدا دەستیان کرد بە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و تیایدا ئەوەی مرۆڤایەتی بەرچاوی نەکەوتبوون ئەوە لەو شاڵاوە بەدناوەدا بەرچاوی کەوت، ئەو رۆژانه که تا کورد دەمێنن هەرگیز له بیر و یاد ناکرێن و لەبەرچاوانیش وون نابن، چونکه دەیانوویست بەو کردارەیان گەلی کورد بسڕنەوە.. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی خەباتی کوردایەتی، بەڕوونی ئەوە دێتە بەرچاوان که خانەوادەی تێکۆشەری بارزانی هەمیشە سەرقافڵەی کوردایەتی و بەرخودان بوونه بۆ سەلماندنی بوونی کورد و بۆ ساتێکیش لەو خەباتە نه ماندووبوونه و نە سڵیشیان کردووە، ئەمەش بۆ دوژمن و داگیرکەران هەمیشە وەك دڕکێك بوونه، جا بۆیە دوژمن بەردەوام بووە له دژایەتی ئەو بنەماڵە تێکۆشەر و خەباتکارە، و به هەموو پێوەر و شێوەیەکیش دژایەتیکردنەکه بەردەوام بووە تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت تیری دوژمن و داگیرکەر بۆ بارزانی یه، چونکه داگیرکەر باش لەمه تێگەیشتووە سەر لووتکەی خەبات بۆ کوردایەتی ئەوە بارزانی خاوەنەکەێتی، جا لێرەدا ئەوەی له مانگی هەفتی 1983 واتا 38 ساڵ بەر لەئێستادا ڕژێمی بەعس ئەنجامیدا، کردەوەیەکی هەڕەمەکی و له خۆڕا نەبوو، بەڵکو بەرنامەیەکی داڕێژراو بووە لەلایەن دوژمنانی کورد بۆ لەناو بردنی تەواوی گەلی کوردستان، چونکه داگیرکەر و دوژمنی دڵڕەش ئەوەی لەبەرچاوی خۆی وەك ئامرازێك دانابوو ئەگەر بارزانی و بارزانییەکان لەناو بچن، ئەوە دواتر لەناوبردنی تەواوی کورد بۆیان ئاسانترە، بەو پێیەی کە هەمیشە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەوە بارزانی وەك هێما و سیمبول لەلایەن گەلی کوردستان لێدەڕوانێت و وەک خاوەن پرسی کورد تاماشا دەکرێ، جا بۆیە چاوەکانی دوژمن بەردەوامبووە لەسەر ئەم بنەماڵەیه تێکۆشەرەیەدا. ئەوەی 38 ساڵ بەر لە ئێستادا به گەلی کورد کرا، سەرەتایەکی ترسناك بوو بۆ له ناوبردنی گەلێکی زیاتر له 40 ملیۆنی، بەڵام کورد به سەرکردایەتی بارزانی دووبارە و هەر زوو هاتەوە نێو خەباتی کوردایەتی و رۆژ له دوای رۆژدا سەنگی بارزانی مەزنتر دەبوو، گەلی کوردیش وەك هەمیشە بارزانی یان به متمانەوە کردە پێشڕەوی خەبات که تا ئەمڕۆ بە بێگەردی لە خەباتکردندا بەردەوامه.. مێژوو هەمیشە به دروستی دەنووسرێتەوە، له دەستکەوتەکانی که بۆ گەلی کورد بەدەستهاتووە ئەگەر چی رژێمەکان وەك پیشەیان لێی پاشگەزبوونەتەوە ئەوە خاوەنداریەکەی بارزانی یه، ئۆتۆنۆمی تا فیدڕالیزم تاوەکو سەرکەوتنی ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی ئەوە بارزانی سەرقافڵەی ئەو دەستکەوتانەبوو، ئەمەش بەردەوام دوژمنی داگیرکەر و هەتا وەکو دوژمنانی نێوخۆ وا لێکردووە ئاماژە و چاویان به بارزانی و خەباتەکەی هەڵنێت.. ئەگەر چەرخ و سەدەیەك کورد بە سەرکردایەتی بارزانی خەبات دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی کورد که له سەربەخۆییدا خۆی دەبینێتەوە ئەگەر چەند لەمەش زیاتربێت کورد بەسەرکردایەتی بارزانی له شۆڕش و خەبات بەردەوامن، نەوەك هەشت هەزار، بەڵکو زۆر لەم ژمارەیه زیاتریش ئەنفال و بێ سەروشوێن بن، ئەوە بارزانی و بارزانییەکان بەردەوامن له خەبات و تێکۆشان تا کورد دەگاتە ماف و مەبەستی خۆی، مێژووش ئەوەمان پێ دەڵێت کوان ئەوانەی دەیانویست بارزانی واتا کورد له ناو ببن، بەڵێ ئەوان له ناوچوون و پێش ئەوان ودوای ئەوانیش لەناوچوون، بەڵام بارزانی وەك لووتکه هەر بەسەربەرزی مایەوە، که تاوەکو بارزانیش مابێت کورد هەر دەمێنێت.




