٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
ديمانە و ووتارەکاني سەرۆک بارزاني

ئایا رووداوەکانی سنوپ سەرەتای شەڕی کورد و تورکە؟

سەرچاوە: KDP.info


نووسەر" ئەمین پازارجی
سەرچاوە. تەقویم
لەم رۆژانەی دواییدا رووداوەکانی شاری سنوپ و سامسونی ناوچەی قەرەدەنیز ئاماژەیەکی ترسناکن بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار لە تورکیا. هەر چەند لە قۆناخە جیاجیاکانی رابردوویشدا رووداوی بەمجۆرە رووی دابێت بەڵام بە هۆی هەستیاری قۆناخەکەی ئێستاوە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەمە ئاماژەیەکە بۆ داهاتوویەکی مەترسیدار لە تورکیا.
لێدوانەکانی پارلەمانتارەکانی بەدەپە و کونگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەر لەوەی کە سەردانی ناوچەی قەرەدەنیز بکەن وەکو ئەوە بوو کە دەیانزانی لەو ناوچەیەدا رووداوی نەخوازراو روو دەدات. بێگومان هەر وابوو، چوونکە لە کاتی سەردانەکەیان ئەو پارلەمانتارانە رووبەرووی شتی وا بوونەوە کە لە راستیدا لەو سەردانەی خۆیان پەشیمان بوونەوە و ئەم سەردانە بوو بە کابووس بۆیان. بە هۆی پروتستو و هێرشەکانەوە پارلەمانتارەکانی بەدەپە و کونگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناچار مان کە پەنا بۆ شوقەکانی مامۆستایان ببەن و بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لە نێو ئەم شوقانەدا بمێننەوە و دواتر بە یارمەتی تانک و هێزە ئەمنییەکان توانیویان لە شوقەکان دەرکەون.
شتی گرنگ ئەوەیە کە مرۆڤ پێویستە بپرسێت بۆ چی لە سنوپ رووداوی بەمجۆرە روویدا؟ ئارمانج لەم رووداوە چی بوو؟
وەڵامی ئەم پرسە زۆر ئاسانە، چوونکە پێشتر لە دیاربەکر، شرناخ، حەکاری و جوولەمێرگدا چی رووی دابوو ئەوا رووداوەکانی سنوپیش وەڵام دانەوەیەک بۆ ئەم رووداوانە بوو.
ئەگەر لە بیرتان بێت وەزیری پێشووی ناوخۆی تورکیا ئیدریس نەعیم شاهین سەردانی حەکاری کردبوو، دوای نانی ئێوارە بە مەبەستی کۆ بوونەوە لەگەڵ کاسبکار و ئەسنافی ناوچەکە سەردانی سەردانی باخچەیەکی چای خواردنەوەی کرد بەڵام زۆری پێ نەچوو کە رووبەرووی هێرشی چەندین کەس بوویەوە و بەردبارانیان کرد.
سەرۆک وەزیری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغانیش لە کاتی سەردانی خۆی بۆ دیاربەکردا هەر بەمجۆرە پێشوازی لێ کرا.
ئەو کەسانە کە لە رابردوودا ئەم کارانەیان دەکرد لایەنگری پەکەکە و ئەندامی بەدەپە بوون، بەڵام ئەوانەی کە لە سنوپ ئەم هێرشەیان کرد نەیار و ناحەزی بەدەپەن. ئایا لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا هیچ جۆرە فەرق و جیاوازییەک هەیە؟ ئەگەر لە رووی ئارمانجی هێرشەکان و ئاراستەی رووداوەکاندا بیر بکەینەوە ئەوا دەتوانین بڵێن کە هیچ جۆرە فەرق و جیاوازییەک نییە.
هەر چەند کە رووداوەکانی سنوپ وەکو وەڵامدانەوەیەکی رووداوەکانی دیاربە کر بێت بەڵام ئارمانج و ئەنجامەکانیشیان هەر وەکو یەکن و رەنگە ئارمانجی هێرشەکانی سنوپ تۆزێک جیاوازتر بن.
ئەم هێرشانە خاوەن دوو ئارمانجی هاوبەشن کە بریتین لە بەهێزتر کردنی دۆژمەنایەتی نێوان تورک و کورد و زیندوو کردنەوەی تۆمەکانی جیاخوازی لە تورکیا.
ئەگەر رووداوەکانی سنوپ روویان نەدابایا و پارلەمانتارەکانی بەدەپە و کونگرەی کومەڵگەی دیموکراتیک بە پێ پلان و بەرنامەکەی خۆیان سەردانی ناوچەکەیان بکردابایا و کۆبوونەوە و میتینگەکانیان ساز بکردابایا ئەوا چی دەبوو؟ ئایا شتێک لە تورکیا کەم دەبوویەوە؟ هیچ شتێک نەدەبوو و کەسیش نەیدەزانی کە ئەم پارلەمانتارانە سەردانی ناوچەکەیان کردوو، رەنگە چەند کاناڵێکی راگەیاندن وەکو هەواڵێکی گچکە باسیان لێوە بکردابایا. بەو ماناییە کە ئەگەر ئەم رووداوانە روویان نەدابایا لەم سەردانەی بەدەپە و کونگرەی کومەڵگەی دیموکراتیک تەنیا هەواڵێک دەمایەوە. بەڵام بە هۆی روودانی ئەم رووداوانەوە ئەم سەردانە و رووداوەکان بوون بە مانشێتی هەر هەمووی میدیاکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەیشەوە بوون وەکو ئەوەی کە بەنزین برژێتە سەر ئاگر و بێجگە لەمەیش چەندین کەس و ئەجەندای دەرەکەیش توانیویان پرۆپاگەندەی باش بۆ خۆیان بکەن و ئاماژە بەوە بکەن کە رووداوەکانی سنوپ و سامسون سەرەتای دەست پێکردنی شەڕی ناوخۆی تورک و کوردە.
ئەو کەس و لایەنانەی کە دەیانەوێ شەڕی کورد و تورک دەست پێبکات دەڵێن" بەدەپە و کونگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک چە کارێکی لە قەرەدەنیز هەیە؟ مەگەر حەساسییەتەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نازانێت بۆ یاری بە هەست و حەساسییەتەکانی ئەم خەڵکە دەکەن؟
ئەم جۆرە پرسانە لە لایەکەوە بۆ رەوا و مەشرووع کردنی ئەم هێرش و رووداوانە لەم قۆناخە حەساس و هەستیارەی ئێستادایە و لە لایەکی دیکەیشەوە دەیانەوێ ئەوە بە کۆمەڵگە و لایەنە سیاسییەکان بسەلمێنن کە هێشتا لە تورکیا ئەگەری دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی زۆر زۆر بەهێزە.
نازانم من پێم وایە کە ئەگەر لە ماوەی 35ی ساڵەی رابردوودا شەڕی کورد و تورک دەستی پێ نەکردبێت ئەوا لەم قۆناخەی ئێستایشدا بە هیچ شێوەیەک دەست پێ ناکات و ئەم پرۆپاگەندانە تەنیا پرۆپاگەندەی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێ تورکیا بخەنە نێو گیژاوێکەوە و تەنگاوی بکەنەوە تا بەمجۆرە نەتوانێت ئاگاداری روودا و گۆڕانکارییەکانی نێو ناوچەکە بێت.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار