١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

میدیای چەواشە

سەرچاوە: KDP.info

د.سالار عوسمان

- شـــەڕەکە کەوتۆتە نێو سۆشـــیالمیدیاوە، ئەو نێوەندە فراوان و بزۆز و خێرا و کاریگەرەی، کە دەبوا کۆمەڵایەتییانە بەرخوردی دەگەڵدا بکرێ، کە دەبوا کۆمەڵایەتییانە کۆمانبکاتەوە و، پێخەمەت ئاشـــتەوایی کۆمەڵایەتی، هەستی هاوبەش، گەشەی کلتووری و تەبایی سیاسی کار بکات، کەچی لای ئێمەی کورد، بەداخەوە ئەویش خلیســـکایە نێو زۆنگاو، زۆنگاوی ئازاردانى ئینسان و ناشیرنکردنی یەکتر و خوێکردن بە برینەکانی نیشتیمان!

- لـــە نێو سۆشـــیالمیدیای کوردیدا، سیاســـیی خراپ هەیـــە و بە پارەی ئـــەم وڵاتـــە، کە بە ناڕەوا چنگـــی کەوتووە، تەنیا ئیش لەســـەر میدیای چەواشە دەکات، میدیایەک، کە دەکرێ ناوی لێنێین: میدیای درۆ، میدیای هەڵخەڵەتێنەر، میدیای تێکدەر، میدیای بەلاڕێدابردن و میدیای شـــێواندن و ....هتد.

- ئامانج لەم میدیایە زەڕبەلێدانە لە کوردستان، لە دەسکەوتە شەرعییەکانی، لە دامەزراوە فەرمییەکانی، لە حزب و رەمز و تێکۆشەر و کەسایەتییەکانی، لە کلتوور و ناوەکانی، تەنانەت لەهەر بوونێک، کە کوردی بێت!.. 

- ئەم میدیایە رەخنە ناگرێت و دژی رەخنەیە، ئەگینا رەخنە کۆڵەگەیەکی گرنگی کۆمەڵگا پێشـــکەوتووەکانە، دیالۆگ ناکات و دژی دیالۆگە، ئەگینا دیالۆک رووناکییە و دەستمان دەگرێت بۆ پەڕینەوە بەرەو باشتر، رووی لە زانســـت و توێژینەوە و داتا و بەڵگە نییە، ئەگینا زانست کلیلی کردنەوەی دەرگاکان و بەڵگەیـــش یەکلاکەرەی پرســـەکانە !. 

ئەم میدیایە، کە دژی رەخنە و گفتوگۆ و زانست و بەڵگەیە، رووی لە سۆزی کورتخایەن و چاوی بێ بیرکردنەوە و، بەکورتی رووی لە عەوامە، رووی لە عەوامە نەک لە پێناو عەوامدا، نەخێر بەڵکو لە پێنـــاو هەڵخەڵەتاندنیدا، بە کورتی عەوام وەک پردێـــک بەکار دێنێت بۆ پەڕینەوە، پەڕینەوە بۆ ئامانجە سیاســـییەکانی، ئەو ئامانجە سیاسییانەی، کە دواجار تەنیا پارە دەبینێ و هیچی تر!.. 

-سیاســـییە درۆزنە عەوام هەڵخەڵەتێنەرە پارەخـــۆرەکان، هەرچییان پێ بکرێت لە دژی ئینســـانە هەقبێژە دڵســـۆزەکان دەیکەن، درۆ و بوختان و جنێو و، تەنانەت دەق و وێنەکانیشیان فۆتۆشۆپ دەکەن، تەنها بۆ ئەوەی بێدەنگیـــان بکـــەن، هەندێکیان بیدەنگ کردوون و ئـــەی نابینن خەڵکێک هەیە بووە بە کەڕەی شـــەربەت و هیچ ورتەی لێوە نایەت؟!..

پێموایە نابێ هەقبێـــژەکان بێدەنگ بن، هەقبێژەکان لە هەموو حزبەکان هەن و تەنانەت لە دەرەوەی حزبەکانیش و لە نێوەندە جیاجیاکانیشدا هەن و زۆرن، دەبێ بە هەستی وەکیەکی، بەڵام بە رستەی جیاواز بێنە دەنگ و رێ لە سیاسیی خراپ، ئاراستەی خراپ، پەروەردەی خراپ و میدیای خراپ بگرن!.. 

- نیشتیمان هەر هی سیاسییەکان نییە، هی هەمووانە، دەبێ هەقبێژەکان، جا هەر رەنگ و دەنگ و لەهەر جوگرافیایەکن، بەڵێ دەبێ  رێ لە میدیای چەواشـــە بگـــرن، کە بـــە درۆ و بوختـــان و جنێو و چەواشـــە و فەیک و فۆتۆشۆپەوە دەیانەوێت شیرازەکان لێکهەڵوەشێننەوە و خەڵک چاوترسێن و دواتر بێدەنگ بکەن و، چەمک و بەها و قییەمەکان ناشیرین بکەن، بەڵێ دەبێ هەقبێژەکان بێنە دەنگ و رێ لە میدیای چەواشە بگرن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار