١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

هەولێر.. بۆ داعش و ماعش نەچەمایەوە ئیتر.. هەر ناچەمێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدرمولود 

ئەو ئۆپه‌راسیۆن و هێرش و پەلاماردان و سووتماکردنی خاک و چۆلکردنی گوندو ئاوایی و شەهیدکردنی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و بۆردومانی بەردەوام  کە ماوەیەکە لە سنووری جوگرافیای پارێزگای دهۆک و هەولێر دەگوزەرێت، بەتایبەتیش لەسنووری دەڤەری بادیناندا، هی ئەمرۆ نین.

بەڵکو لە ئاگردانی چێشتخانەی ناوەراستی هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە ئاگریان بۆ خۆش دەکرێ و وا ئێستا بە بەتین وتاوەوە جۆش دەدرێ.

ئەوەیان مانۆری راستەقینەی ئاین و ئۆنی سیاسی زنجیرەی سێیەمی هێرش و پەلاماردانەکانە، بەرەوە رووی هەولێری پایتەخت دەبێتەوە.

دوای پەلامار و هێرشی داعش و ماعش و پەلامار و هێرشی بێ ئەمانی حەشدومەشد و سوپای عێراقی لە 16ی ئۆکتۆبەر لە پردێ و مەخمور و سحێلادا، بادینان زنجیرەی سێیەمی ئەم دەیەیەی دواییە.  

لەم جۆشدانەی (چێشتی مجێوری هەشتاکان) دا، چ حافز ئەسەدی رژێمی سووریا، چ  سەدامی رژێمی پێشووی عێراق، ئەوەندەی تەمەن بواری دان، ئەوان سپۆنسەری سەرەکی کۆمپانییە زەبەلاحەکەی رووسیای دواساتەکانی روخانی سۆڤیەت بوون، بۆ دژایەتی کردنی نەیاران و دژەکان، بە فیتی مۆسکۆ لە بیقاع و قەندیل و دۆڵی زابدا لە ئامادەباشی دابوون.  

قازان پڕبوو لێی رژا، بە جۆرێ سەرقەپاغی مەنجەڵەکەی پرۆسترۆیکا و گلاسنۆست، مەنجەڵی (دێییە گەورە وێرانەکەی سۆڤیەتی) وا واڵاکردەوە، مەگەر دواتر فلادمێر پوتین توانیبێتی کۆدی گرفتەکان لە (جۆرجیا، ئۆکراینا، ئەرمینیا، ئازەریا، شیشان، ئەفغان، تورکیا، مەڵدۆڤیا، بێلارووسیا، سووریا، عێراق، لیبیا، یەمەن..تد) بخوێنێتەوە. 

بەجۆرێ ئەو هەموو کۆدانە کۆ بکاتەوە رووسووری بۆ رووی (ڕەشییا)ی روسیا  لەبەرامبەر یاریزانی کۆنیینە (بەریتانیا) و هی تازەش ( ئەمریکا ) بگەڕێنێتەوە.

لەو یارییەی نێو ئەو هاوکێشەیەدا، تا ئێستا رووسیای سەردەمی پۆتین، دۆڕاوی یاریی هەشت ساڵەی شەری (ئێران وعێراق)ە، تا ئێستا رووسیا دۆڕاوی شەری بن لادنی ئەفعانستانە، هەروا تا ئێستا رووسیا دۆڕاوی شەڕی سووریا و لیبیایە و لە ئوکرایناش دا تا ئێستا جگە لە داگیرکاری چەند شارێک و دوورگەی کریم دا ئەو هەر لە ململانێیە.

مڵملانێکە وا لێرەیە، ئێران یاریزانە سەرەکییەکەیە بە سپۆنسەری رۆژهەڵاتە زڵهێزەکان و بە ئاگاداری بەریتانییەکان. ئێران مەبەستیەتی پان ئێرانیزم پانو پۆرتر بکا، لەولاوەش  تورکیا بە نوێنەرایەتی ئومەی عەرەبی ئیسلامی مڵی ناوەتە بەر راست و چەپ و مەبەستیەتی پان تورکیسیزم فرەوانتر بکات.

لەم نێوەندەدا (ئیمپرالیزم و برجوازیزمی) (مارکیسی و ستالیزم) دوو سپۆنسەری رەنگ کاڵبووەی ئەو دیوی هاوکێشەکە و داینەمۆکەن، دوور لە ململانێی شارستانیەت و ئاینخوازی ئاینوئۆنی سیاسیی و ناشیرینکردنی یەکتری و پاوانخوازی و بریکاری و قۆرغکاری و دۆزینەوەی بازاری سەردەمیانە بۆ کاڵای بازرگانی و ئابووری. 

ئێستا یارییەکە لە دەوروبەری هەولێر و دهۆک زنجیرەی سێیەمی سیناریۆکەیە وا دەگوزەرێ، حەق وانییە هیچ لایەن و هێزێکی کوردی  پێی لەتەختەی چرووک بنن. 

گەر لە تێگەیشتنی دژ و نەیارانی هەولێردا، گەر هەولێر گەمارۆش درابێ، هێرشی ناڕەواشی بێتە سەر و زیاتریش ئازار بدرێ و زیاتریش تەنگەتاو بکرێ، بازنەی ئایندەبینی فرەوانترە و ووردتر ئایندە دەبینێ. 

ئەوە هەولێرە ..  

تاران و ماران نییە، ئەنقەرە و مەنقەرە نییە، دیمەشق و میمەشق نییە، بەغدا و مەغدا نییە، مۆسکۆ و لەندەن و واشنتۆن نییە، قیڕوسیا بێتە ناوهاوکێشەکان، هەولێر.. لەکاتێکدا بە ئامانجگیراوە، لە یارییەکە و باگڕاوەندنی سیناریۆی یارییەکان تێدەگات، سەرکەوتن و قازانجی لە بەرخودان و خۆنەچەماندنەوەیدایە و ناچەمێتەوەش. 

ئەوەیان راستی هاوکێشەکەیە، تێگەیشتنی تەواوە، لەو هەموو ئەو بابەتانەی لەو دیووی پەردەوە دەگوزەرێن. 

ئەوەیان چەن راستییە، ئەوەندەش نهێنییە، تاران و ئەنقەرە، بەغدا و دیمەشق، مۆسکۆ ولەندەن و واشنتۆن و پایتەختانی دیکەی جیهانیش درکیان پێکردووە. 

هەولێر خەبات و تێکۆشانی لە پێناو پرسێکە، دۆزێکە خودی پرسەکە رەوایەتی مرۆڤانە و پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کوردستانی بوون و پێشینەی مێژوویی لەمێژینەی خۆیی هەیە. 

ئیدی..  ئەلفێک بەسە .. 

هەولێر هەردەم لەبەرخودان دایە، نەچەماوەتەوە و ناچەمێتەوە .. 

هەولێر هەر بە ئامانجی نیشتیمانی نەتەوەیی خۆی دەگات. درەنگ یا زوو.

ئەوەی زۆر گرنگ و جێی بایەخە بۆ ئێستای ئەم سەردەم و قۆناغە وا دەخوازێ لە کەمپینی نیشتیمانی کوردستاندا هەموو پارت و حزبەکانی نێو حکومەتی هەرێمی  کوردستان  لە زنجیرەی سێیەمی ئەم سیناریۆیەدا، پشتیوان و هاوکاری زیاتری هەولێر بن. 

 

هەواڵی پەیوەندیدار