له ساڵگه‌ردی گوڵاندا داستانی بێلمبیرێ ..!

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ
ده‌مێكه عه‌وداڵی تۆماركردنی مێژووی سه‌رتای شۆڕشی گوڵانم، ئه‌و شۆڕشه‌ی كه له كتێبه‌كمدا نێومناوه به‌رده‌وامبوونی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلول كه له 26/5/1976 شه‌وه زه‌نگی كوردستانی دڕدا!
له‌به‌ر هێندێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ردانی زاخۆكا ده‌لالم كرد تا له نزیكه‌وه هێندێ شفره بزربووه‌كانی ئه‌و رۆژانه له زاری ئه‌م كه‌سه به‌شداربووانه‌ی سه‌ره‌تای هه‌ڵسانه‌وه‌ی شۆڕش بكه‌مه‌وه! له‌سه‌روویانه‌وه خانه‌واده زێده شۆڕشگێره به‌نێوبانگه‌كه‌ی ناوچه‌كه شه‌هید (حجی قادۆ) كرد بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه خوێنه‌ری خۆم و هه‌وادارانی رێبازی بارزانی نه‌مر به جه‌ربه‌زه‌یی ئه‌و جوامێرانه مه‌نده‌هۆش بكه‌م كه له بارودۆخێكی یه‌كجار دژوار‌دا رۆحیان وه‌به‌ر خه‌باتی كوردایه‌تی كرده‌وه‌و تۆز‌و غوباری نسكۆیان له‌سه‌رشانی هه‌موو كوردێك داته‌كاندو دۆڵ و نهاڵی كوردستانیان به خوێنی شه‌هیدان سوور هه‌ڵگه‌ڕاند!

له‌م ساڵگه‌رده‌دا هه‌قایه‌تی داستانه به‌نێوبانگه‌كه‌ی (بێلمبیرێ) و پڵینگه به‌نێوبانگه‌كه‌ی گراڤیا : حجی قادۆ بۆ نه‌وه‌ی ئێستا ده‌گێڕینه‌وه، له‌كاتی خه‌باتی نهێنیدا بۆ ماوه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك له گه‌نجانی زاخۆ و ده‌وروبه‌ری له رژێم ئه‌شقیا ده‌بن! له گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌میشه‌یی نه‌ته‌وه‌ی كورد بارزانی نه‌مر له یه‌كێتی سۆڤیه‌تی ئه‌و بارودۆخه‌ی گه‌نجانی زاخۆش كۆتایی پێ دێت.
حجی قادۆ و هاوته‌مه‌نه‌كانی له خه‌ڵكی زاخۆ و ده‌وروبه‌ر وه‌ك علی هالۆ، عمرێ لعلی، محمد خالد بۆصلی و چه‌ندانی دیكه له مانگی 12/1961 چه‌كی پێشمه‌رگه ده‌خه‌نه سه‌رشان، له ئه‌نجامدا ده‌بێته (سه‌رقۆڵ) له هێزی زاخۆ، له ساڵی (1968) ده‌كرێته (سه‌رلق) له به‌تالیۆنی دووی زاخۆ، له (1973) ده‌بێته جێگری ئامر به‌تالیۆنی چوار كه سه‌ید عه‌بووش سلێڤانی ئامر به‌تالیۆن بووه، له ساڵی (1974) ده‌بێته ئامر به‌تالیۆنی چوار تا نسكۆهێنان باره‌گای له (چیای سپی) بووه.
دوابه‌دوای نسكۆهێنان به‌ره‌و (چلكا گولی) ئینجا (خه‌نووكا) نزیك گوندی (ئارووش قه‌شووری باكوور) له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی پاشه‌كشه ده‌كه‌ن. به چاوساغی (هجری خه‌مێ) به‌ره‌و (كۆماته، بیرمان، قه‌زوانۆك، دولێ حاجی صادق) له‌وێوه به هاوكاری پارێزه‌ر عبدالخالق سعید ئاغا مه‌زنی گراڤیان هه‌روه‌ها هاریكاری محمده‌مین چلكێ ده‌گاته لای جیهانگیر ئاغای دری گوندی(سیرۆ) ده‌ربازی كوردستانی ئێران ده‌بن و له ئایاری ساڵی (1975) ده‌گاته (نغده) لای (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی).

له دوای دوو مانگ مانه‌وه‌ی له ئێران به ته‌نیا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سنوور له گوندی (خیزاوه‌ی حسن ته‌یب) بۆ بردنی ماڵومنداڵه‌كانی به‌داخه‌وه له‌كاتی گه‌یشتنیان بۆ ئێران هه‌موویان ده‌گیرێن و له رێگای (خانێ) راده‌ستی عێراق ده‌كرێنه‌وه له دوای دوو مانگ به‌ند ئازاد ده‌كرێن و هه‌یپێ به‌ره‌و باكوور دێت تا له گوندی (دولێ حاجی صادق) كه قۆناغێكی ئاماده‌كاری بوو بۆ شۆڕشی گو‌ڵان.
بۆ ئه‌وه‌ی وورده‌كاریه‌كانی سه‌ره‌تاو خۆئاماده‌كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی بۆ كوردستان وه‌ك گۆڕه‌پانی خه‌بات، ئه‌مجاره‌یان پێشمه‌رگه‌ی مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی گو‌ڵان (عادل حجی قادۆ)مان، دوواند و گووتی:
دوابه‌دوای ده‌ستگیركردن و راده‌ستكردنه‌وه‌ی باوكم و خێزانه‌كه‌مان به عێراق، من و دوو برامان له ماڵی خاڵوانمان هاشم ره‌مه‌زان (ابو عنتر) له مهاباد ده‌ژیاین ئه‌گه‌ر هه‌له نه‌بم له نێوان ئاب و ئه‌یلولدا به‌نده‌و نادری برام ده‌گه‌ڵ ابو عنتر، عبدالله ره‌مه‌زانی برای (ابو نوال)، سه‌ید حسنی زاوایان له گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی و شه‌ونمی كچی و دلۆی كوڕی كه بچووك بوون هاتینه (نغده)! دوابه‌دوای دیداری كاك ئیدریس بارزانی، وه‌رگرتنی چه‌ند نامه‌یه‌ك بۆ كوردانی توركیا وه‌ك محمده‌مینی بایێ، حاجی صادق دولێ، عبدالخالق سعید ئاغا مه‌زنی گراڤیان، مام یوسف بیرمان بۆ شه‌وی دواتر له گوندی تاهیرخان به‌ره‌و(كه‌ڤالانكێ) تا گه‌یشتینه ماڵی محمده‌مینی بایێ. له‌وێ چاومان به حمید شریف، عمرێ لعلی و چه‌ندانی دیكه كه‌وت كه به‌ره‌و ئێران ده‌هاتن. هه‌ر له‌وێ له گه‌ڵ ئێمه گه‌ڕانه‌وه، هاتینه گوندی (مه‌لیسا) له ماڵی كوڕی مام یوسف بیرمان ئینجا بۆ گوندی (دولێ) ماڵا حاجی صادق، ئه‌وكات ابوعنتر به‌رپرسمان بوو ئه‌ویش هه‌رچه‌ند كه‌سێكی له گوندێك داده‌مه‌زراند، به نموونه من‌و نادری برام بۆ (هه‌كاری) دانا، جه‌ماعه‌تی حمید شریف بۆ ناوچه‌ی (گۆییان)، ابوعنترو ئه‌وانی دیكه بۆ (بیرمان) واته هه‌ر یه‌كێك له ئێران یان له عێراق سه‌ردانی شوێنێكی له‌و شوێنانه ده‌كرد تا بگاته جێگای مه‌به‌ست، هۆكاری سه‌ره‌كی ناردنه‌وه‌ی گرووپی ابوعنتر بۆ رێخۆشكردن و ئاماده‌باشی بوو تا ئه‌وكاته‌ی به‌رپرسان ده‌گه‌نه ئه‌و ناوچه‌یه .

له مانگی 1/1976 ئاگادار كراینه‌وه كه به‌ڕێزان سه‌لیم سۆرانی (جوهرنامیق)و حسن سنجاری (كریم سنجاری) گه‌یشتنه گوندی (سنێ)ی، نزیك (شرنا‌خ)، به گه‌یشتنی ئه‌و به‌ڕێزانه بۆ كوردستانی توركیا له رێگای برایانی پارتی باكوور و هه‌وادارانی ماڵا بارزان گه‌یشتنه ماڵی مام یوسف له (بیرمان) ئیدی قۆناغی جم‌وجۆل له په‌یوه‌ندیكردن و دیدار له گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌وێ و رێكخستنه‌وه‌ی پارتایه‌تی له دواییدا دابه‌شكردنی ئه‌وانه‌ی گه‌یشتبوونه ناوچه‌كه وه‌ك مه‌فره‌زه‌ی بچووك بچووك هه‌روه‌ها بڕیاردرا پێشمه‌رگه بپه‌ڕێته‌وه نێو كوردستانی خۆمان. ئه‌و ئێواره‌یه پێشمه‌رگه‌كان له خۆشیاندا له‌سه‌ر ئاوازی دووزه‌ڵه‌ی (سمایل بامه‌ڕنی) پێچه شاییه‌كی خۆشیان دامه‌زراند. باوكم حجی قادۆ و پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌وه‌ی له یادم مابێت سلێمان ریتۆ، سمایل بامه‌ڕنی، عوسمان قاسم، عمرێ لعلی، عبدالرحمن صالح، عبدالله صالح، جبار هروری، محمد میرزا، عبدالكریم فه‌رحۆ، محۆ گه‌ودا، به‌ره‌و (گوڤك) مه‌فره‌زه‌ی (احمد شانه) بۆ (بێلمبیرێ) حمید شریف و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی بۆ ناوچه‌ی ( سندی و گۆییان).
كاك عادل حجی قادۆ له به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا وه‌ك بڵێی شتێكی هاته‌وه یاد و گووتی: باوه‌ڕ بكه‌ن به‌ر له ته‌ققه‌ی ده‌ستپێكی شۆڕشی گو‌ڵان له 26/5/1976 ئه‌و كاك حمید هجر گراڤی برای شه‌هید حسن گراڤی له گوندی (هۆركێ) له گه‌ڵ كۆنه پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلول هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر مه‌خفه‌ری پۆلیس له ئه‌نجامدا (21) تڤه‌نگی سه‌مینۆف ده‌سكه‌وتیان ده‌بێت! كاك حمید هجر گراڤی له گوڵاندا وه‌ك ئامر مه‌فره‌زه له‌گه‌ڵ باوكم ده‌چوونه جه‌وله.
كاتێ جموجۆلی پێشمه‌رگه له‌نێو راگه‌یاندنی جیهانیدا بڵاوكرایه‌وه په‌یتا په‌یتا كۆنه پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌یلول ده‌هاتنه‌وه ریزی شۆڕش بۆیه له ئه‌نجامدا بڕیاردرا هه‌رێمی یه‌كی بادینان بكرێت به دوو هه‌رێم كه به‌رپرسه‌كه‌ی كاك عبدالرحمن پێداوی (ملازم سه‌ربه‌ست) بۆ دانرا له هه‌ركی و پێداو.
كاك عادل له ده‌رباره‌ی داستانی (بێلمبیرێ) ووتی: من له باره‌گای كاك جو‌هر و كاك كەریم سنجاری بووم ئه‌وانه‌ی له‌وێ بوون: صه‌بری علی حیدر به‌رپرسی پاسه‌وانی كاك جو‌هر، ابو حدید سنجاری، زهیر بامه‌ڕنی و براكه‌ی، ته‌تۆ كوڕی مام یوسف بیرمان بوون، بۆ ساڵگه‌ردی شۆڕش كاك جو‌هر له‌سه‌ر تابیعه شتی بۆ بڵاوكراوه‌یه‌ك ده‌نووسی ئێمه‌یش له‌سه‌ر رۆنیۆ كارمان ده‌كرد. كاتێ شوانه‌كانی بیرمان گه‌ڕانه‌وه نێو گوند هه‌واڵی ده‌نگی هه‌لیكۆپته‌ر و ته‌ققه‌كردنیان به كاك جو‌هر گووت، له‌دوای سه‌عات یه‌كی شه‌و نامه‌ی (ملازم محمد) گه‌یشته باره‌گا! بۆیه كاك جو‌هر ده‌ستی له چاپكردن هه‌ڵگرت و پێكه‌وه به‌ره‌و شه‌ڕه‌كه رۆیشتین، هێشتا سه‌عات و نیوێكمان مابوو كاك عوسمان قاسم و براكه‌ی به‌ره‌وپیرمان ده‌هاتن به نهێنی ئاگاداری كاك جوهریان كرده‌وه كه حجی قادۆ شه‌هید بوه!

ئێواره‌ی دووه‌م رۆژی شه‌ڕه‌كه گه‌یشتینه شوێنی مه‌به‌ست بینیمان (11) گۆڕی شه‌هیدان له‌ژێر داربییه‌كه نێژراون و(21) برینداریش ته‌نیا سه‌رهه‌نگی موزه‌مید له‌نێویاندا بوو بۆ چاره‌سه‌ری پێویست، كاك جو‌هر و ملازم محمد و محمد خالد بۆصلی به نهێنی قسه‌یان كرد و به هێمنی و خه‌مناكی هه‌واڵی شه‌هیدبوونی باوكمیان به من گووت به‌ڵام دیارنه‌بوونی باوكم له كاتی گه‌یشتنمان له ناخی خۆمدا هه‌ستمكرد كه شه‌هید بوه!
له‌كاتی دانیشتن‌دا براده‌رێكی باوكم گووتی: دوێنێ ئێواره حجی قادۆ له‌سه‌ر ئه‌و تاشه به‌رده له‌ژێر ئه‌و دار سێوه دانیشتبوو ده‌یگووت: دایكم بۆی گێڕاومه‌ته‌وه ساڵێك له‌به‌ر گیروگرفتی نێوان حكومه‌تی تورك و عیراق بۆ چه‌ند رۆژێك رێگایان نه‌دا مه‌ڕوماڵاتمان ببه‌ینه زۆزانێ، بۆیه لێره له دۆڵی (خه‌نووكا) ماینه‌وه له‌ژێر ئه‌و دارسێوه خودا تۆی به ئێمه به‌خشی! كابرا له قسه‌كردندا به‌رده‌وامبوو گووتی: ئه‌وه موعجیزه نیه حجی قادۆ له كوێ له‌دایك بوه له هه‌مان شوێن نێژرا ؟!
هه‌ر له‌و سه‌ینوبه‌ینه‌دا بووین كاتێ خوارزای حمید میرانی كه به (ته‌یری حووڕ) ناسراوه له‌كاتی خاوێنكردنه‌وه‌ی چه‌كه‌كه‌ی حه‌وت گولله‌ی له خالیدا! به‌ڵام كاكه سه‌رهه‌نگی موزه‌مید هه‌ردوو قاچی خستبووه نێو رووبار ئینجا برینه‌كانی بۆ ده‌دووریه‌وه!
شایانی باسه ابوعنتر له كتێبه‌كه‌یدا رۆژی 25/5/1977 بۆ شه‌ڕی بێلمبیرێ ده‌ست نیشان كردووه به‌ڵام كاك عادل ده‌ڵێ: به مه‌زنده‌ی من (23) بوه چونكه ئێمه به‌ر له ساڵگه‌رد مژ‌وولی ده‌رچواندنی بڵاوكراوه‌یه‌ك بووین. هه‌روه‌ها كاك عادل ده‌رباره‌ی شه‌ڕی (كۆماته) گووتی: له ساڵگه‌ردی شۆڕش له 1979 كاتێ ته‌نیا كاك غازی زێباری وه‌ك به‌رپرس له ناوچه‌كه‌دابوو ئێمه له خۆئاماده‌كردندا بووین، ئاهه‌نگێكی گۆرانی و شانۆگه‌ری (رێبه‌ر*) پێشكێش بكه‌ین به‌ڵام سوپا هێرشێكی به‌ربڵاوی بۆ سه‌ر باره‌گاكه‌مان له كۆماته هێنا، ئه‌وكات ته‌نیا (16) پێشمه‌رگه چه‌كیان هه‌بوو له‌گه‌ڵ (50-60) كه‌سی دیكه كه گه‌یشتبوونه باره‌گاكه‌مان.
سوپا له‌سه‌ر چیای (كێسته) ده‌بینرا كه دوور بوو، پیاده‌ش له‌ژێر باره‌گاكه‌مان له‌لای (ئه‌شكه‌فته‌ڕه‌ش) به‌سه‌ر ده‌كه‌وتن! چه‌كی ئێمه‌ش به‌مشێوه‌یه بوو:
- دۆشكه‌ی ئیشۆ
-هاونێكی بێ قاعده كه كاك تاهیر حجی عبدالله له‌سه‌ر تاته به‌ردێك قاعیده‌ی بۆ رێكخستبوو كه ته‌نیا (3) گولله‌ی هه‌بوو!
- دۆشكه‌ی سعید دمبۆ
- چوار گرینۆفمان هه‌بوو كه جمال زاویته‌یی سه‌رپه‌رشتی ده‌كردن
- دوو ئامێری بچووكی بێته‌ل، یه‌كیان لای من بوو كه من له‌گه‌ڵ كاك غازی زێباری بووم ئه‌ویتریان لای جمال زاویته بوو
- سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش (11) سه‌متی له سنووری توركیاوه هاتنه سه‌ر ناوچه‌كه!
كاتێ شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد مه‌فره‌زه‌ی عوسمان قاسم گه‌یشته ئێمه و چه‌ندان چه‌كداری كوردی توركیاش گه‌یشتنه لامان، خه‌ڵكه بێ چه‌كه‌كانیش له ئاوهێنان و گواستنه‌وه‌ی گولله تۆپ و پڕكردنی شریتی گرینۆفه‌كان درێغیان نه‌كرد، له ئه‌نجامدا نه‌كوژراو نه‌بریندارمان نه‌بوو كه‌چی سوپا به سێ گولله هاوه‌نه شڕه‌ی كاك تاهیر (64) كوشتاریاندا!
ئێواره بڕیاردرا باره‌گا چۆلكه‌ین و چه‌كه‌كانمان بگوازینه‌وه لای بیرمان. كاتێ كه‌لوپه‌له‌كانمان گه‌یانده شوێنی مه‌به‌ست، له‌وكاته‌دا عبدالرحمن گوندكی به (20) ووڵاخ له چه‌ك و ئامێری پێویستی رادیۆی هێنابوو، بۆیه به ناچاری له چواره‌م رۆژدا گه‌ڕاینه‌وه باره‌گامان له كۆماته. سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ به‌ژنوباڵای گشت شه‌هیدانی شۆڕشی گو‌ڵان داده‌نه‌وێنین.

• رێبه‌ر مه‌لا حسێن بێزهی، به‌رپرسی رێكخستنی پارتیمان له زاخۆ ئاشكرابوو بۆیه له ئیستخبارات ده‌ستگیر كرا كه باره‌گاكه‌ی له خانووی حجی قادۆ بوو له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هید بوو.
زاخۆ
21/5/2021




