١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

نێچیرڤان بارزانی، دەستوور و یەکریزی کوردستانی بە نێودەوڵەتی کرد

سەرچاوە: KDP.info

د.محمد خدر مولود 

رۆژی چوارشەممە  18-5-2021، رۆژی سازکردنی سمیناری (دەستوور و یەکریزی) لەلایەن زانکۆی کوردستان-هەولێر بە هەموو پانێڵ و دانیشتنەکانی، رۆژێکی مێژوویی و دیپلۆماسی گرنگە لە خەباتی سیاسیی و دیپلۆماسی و مەدەنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و خودی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا.

سازکردنی ئەم سمینارە گەر چەندین مانا و ئاماژە لەخۆ بگرێت، گرنگترین مانا و ئاماژەی خۆی لەوە دەبینێیەوە کە ئیتر دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەبەردەم دووڕیانی (یەکگوتاری) و (فرەگوتاری) خۆیان یەکلابکەنەوە یا بەرەو یەکریزی و دەستوورێکی شارستانییانەی سەردەم یا هەروا ملنان لە حزبایەتی کردن بە مۆدێلی (لێخوڕە دەشتە) و ترس و فۆبیا لە (پارتی) سیاسەت بکەن.

ئەو مۆدێلە سەرکردایەتی و پێشرەوییەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سێ دەیەیەی لە بواری حوکمڕانی و دەوڵەتداری کردوویەتی هەر لە سەرکەوتن و چەسپاندنی مۆدێلی خەباتی شارستانییانە و چەسپاندنی دەسەڵاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وەک جێگرەوەی دەسەلاتی بەرەی کوردستانی لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی پێشوو ئەوەی سەلماند کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سەردەم و قۆناغی ژیاندا نەک هەر خۆی دەگونجێنێ، بەڵکو لە ئەگەرە دژوارو تەنگاوی و قەیران و گرفتەکاندا خودان نەخشە رێگای سیاسیی و خەباتی مەدەنی شارستانی هاوچەرخە، باوەری پتەوی بە دیموکراسییەت و ژیانی پێکەوەیی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئیتنییەکانەوە هەیە و زێدەرۆیش نییە گەر بڵێین بە یەکێک لە پارتە شارستانیە مۆدێرنە پێشەنگەکانی کوردستان و ناوچەکە دادەنرێت.

پارتی، خاوەنی ئەو ئەزموونی خەبات و تێکۆشانەیە کە لە شۆرش و راپەڕینەکانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی گەورەوە لە سەرەتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆی بۆتە تێشووی راپەڕین و شۆرشەکانی بارزان و رۆڵی کارای لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد 1946  و هەڵگیرسانی شۆرشی مەزنی ئەیلول لە 1961 و شۆرشی گوڵانی نیشتیمانی لە 1976 دا ئەزموونێکی وای پێبەخشیووە کە ئەزموونی نیشتیمانی نەتەوەیی سەردەمیانەی حوکمڕانی و ئیدارەدان و بەڕێوەبردن و کارگێڕی کردنی سەرکەوتووە وێرایی هەبوونی کەموکوڕی و نەگەیشتن بە ئامانجی کۆتایی و مارانگەستەی باڵباڵێن و جیابوونەوەو شەری نەگریسی ناوخۆ و دووبەرەکی، بەڵام  لە هەموو جۆرە ئاین و ئۆنێکی سیاسیی شارەزاو لێزانترە، بەرگەی هەموو پەلەتیقە و ئاستەنگ و بەرپێنەدان و بادانەوە و مەچەکبادانی دەرەکی و ناوخۆیی گرتووەو لە یارییە سیاسەکاندا، ووردبین و ژیرانە خۆراگر بووە، نەچەماوەتە و هەڵساوەتەوە و هاتۆتەوە گۆڕەپانەکە. 

بۆیە دەبێ ئامادەبووانی پانێڵەکانی سمیناری یەک ریزی و دەستووری رۆژی چوارشەمە 18-5-2021 دان بنێن بە پێگە و شان و شەوکەت و وردبینی و لێزانی و شارەزایی و ئەزموونی دوێنێ و ئەمرۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و لامل نەبن و چیتر مۆدێڵی (فۆبیا لە پارتی) یا مۆدێلی (لەڕقی پارتی) وەبەرهێنان لە حزبایەتی کردنیان نەکەن. 

بەپێچەوانەوەش راستە، ئەو رۆژە مێژووییە رۆژی سمیناری یەکرێزی و دەستوور پێمان دەڵێ: نەک هەر هەموو حزبەکانی کوردستان خاوەن شان شەوکەت و خەبات و قوربانی دوێنێن، بەجیاوازی قەبارە و پێگەو قوربانییان، بەڵکو ئەوشمان پێ دەڵێ: گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی ئەمرۆی کوردستان هەمان سەردەمی دامەزراندنی پارتی و یەکێتیی و گۆڕان و پارتە ئیسلامیی وعلمانییەکان نییە، بەڵکو سەردەمی دیجیتەڵ و(میدیای گیرفان ونێودەست) و مۆدێلی (نیشتیمانی خاوەن خاک و سنوور، نیشتیمانێک لە ماڵپەڕی ئەلیکترۆنییە). 

ئێستا خەریکە گەنجی ئەو سەردەمە بە نێر و مێیەوە پێگە ئەلیکترۆنییەکەی بە پێگەی زۆن و شار و نیشتیمانی حزبەکانی کوردستان ناگۆڕێتەوەو بە پل لێدانێک،  کونفەیەکونێک هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەبوارێنێ، نەفرەت لە بەغدا و تاران و ئەنقەرەش دەکات، بە (جامی جەمی) دەستی جیهانگیرە، هەی حزبە سیاسیە شارگیرو ناوچەگیرو پەڕگیرەکانی کوردستان، ئێوە ئاگاتان لە خۆتانە ..؟

نێجیرڤان بارزانی، ئەندازیارەی تەبایی و خاوەن چەتری یەکریزی، ئەو پیاوەی ووردتر لە ئایندەی کوردستان دەڕوانێ، کارێکی زۆر باشی کرد، نەخشەرێگای یەکریزی و دەستووری کوردستانی بە نێودەوڵەتی کرد.

ئیتر هەڵە، چیتر دەرفەت و هەل لەدەست نەدەین، دەبوایە لە ساڵانی 2005-2009 وە خاوەنی دەستوور باین.. زیاتر لە نیوەی رێگامان بڕیوە.. لە 120 مادەی گرنگی دەستوورەکەی کوردستان گفتوگۆی 74  مادە کراوە، پرۆژە ئامادەیە.

ئیدی بەرەو یەکریزی، بەرەو دەستوور، ئایندەیە.

ئەرێ: هەستتان پێی کرد، پێی حەسیان، درکتان پێی کرد.. تێگەیشتن..

جێنین پلاسخارت، چی گوت ..؟

 

هەواڵی پەیوەندیدار