رووداوەکەی (مێرسین) و هەڵوێستە بەرزەكەی پارێزگاری هەولێر

رزگار حەمید شەریف
هەفتەی رابردوو له شاری مێرسین بێ رێزگرتن له داب و نەریت و کەلتووری خێزانی و گەشتیاریدا، لەلایەن چەند کەسێکی قین له دڵ خانەوادەیەکی کوردی شاری هەولێری پایتەخت دووچاری هێرش و تووند و تیژی بوونەوە، ئەم رووداوە بووە هۆی رۆژەڤی تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و سۆسیال میدیا، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی هەواڵەکه بەخێرایی بگاتە نێو خەڵکەوە و شەقام لێی ئاگاداربێت. من بەر له نووسینی ئەم ووتارەمدا که پەیوەندە بە کردەوەیەکی تاڕادەیەکی زۆر نەژادپەرستی، جا لێرەدا نامەوێت پێش بڕیاری دادگا بکەوم، چونکه لەم سوونگەیەدا دادگا کاری خۆی دەکات، ئەگەرچی کردەوەکە حاڵەتێکی تراژیدی بوو له هەمبەر ئەو خێزانه کوردەی باشووری وڵات کرا بەرچاوکەوتن، که رۆژانه بۆ میوانداری و یاخود هەر کارێکی دیکه بێت، یان ئەوەتا خەڵکانێك خانوو و پڕۆژەشیان لەو وڵاتە دراوسێیە هەیه و هاتووچۆی دەکەن.. ئەم رووداوەی مێرسین هەر زوو بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و تورکیای هێنایە سەر هێڵ و خانەوادە کوردە هەولێریەکەش شەرەفمەندانه هەستیان بەوەكرد که بەڵێ کورد خاوەنداری هەیه و لەمبارەیەوە هەستیان بەبوونی خۆیان کرد، ئەوەی جێگای هەڵوەستەیەکی دڵخۆشانەیه که پێویستە ئاماژەی بۆ بکرێت، ئەو هەڵوەستە وهەڵوێستە بوو که ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە هەواڵی ئەم رووداوە نوواندی، رووداوەکەی مێرسین تاقیکردنەوەیەکی بەهێزبوو بۆ ئەم پارێزگارە گەنجه که وەك یەکەم بەرپرسی میری له هەرێمی کوردستان لەم خانەوادەیەی کۆڵییەوە، به توانایەکی بەهێزی دیپلۆماسی کارەکەی خستەگەڕ و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ فشار خستنەسەر کونسولخانەی تورکیا له هەولێر بەکار هێنا و هەوڵی جیدی بۆ ئەم مەبەستەدا، ئەمەش وەك پەیامێك بوو که وای کرد چ کونسولخانەی تورکیا و هەروەها والی مێرسین بێنه دەنگ، ئێستاکه تاکی کورد هەست دەکات خاوەن سەروەرییە و بێڕێزی بەرانبەری وەك جاران بێ هەڵوێست وەرگرتن تێناپەڕێت.
ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژوو به تایبەتی نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، چ لەسەر ئاستی بەرز و هەمیش لە ئاستی گەلدا رۆژانه لە تورکیا بێڕێزی بەرانبەر به تاکی کوردی باشوور دەکرا، بێ ئەوەی تاوانباران هیچ سزایەکیان بەسەر بچەسپێت، له زۆر حاڵەتدا تەنانەت دەستخۆشیشیان لێ دەکرا! بەڵام ئێستا بەهۆی رۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی کوردستان سەنگ و توانای هەرێمی کوردستان بەهێز بووە، که دەبینرێت ئاڵای فەرمی کوردستان له کۆشکی کۆماری تورکیا و فەرشی شینی تایبەت به تورکیا بۆ سەرۆکەکانمان دادەنرێت، کوردستان وەك دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری مامەڵەی لەگەلدا دەکرێت، بەڕێزەوە لێی دەڕوانرێت.
پەیوەندییەکانی تورکیا بە سەرکردایەتی ئاك پارتی و سەرۆکایەتی هەرێم و خودی دیپلۆماسیەتی کارای نێچیرڤان بارزانی و حکومەتی کوردستان، دووبارە بەهێزی بەخۆیەوە بینیوە، جا لێرەدا ئەو خاڵه بەهێزە رەوشەن دەبینرێت که بەتەنیا ئێمه بەرژەوەندیمان لەگەڵ تورکیا نییه، بەڵکو تورکیاش بەرژەوەندی هەیه، چ له ئاستی ئابووری و خزمەتگوزاری و کۆمپانیا و بازرگانان که بەسەدان پڕۆژه له باشووری کوردستاندا کاردەکەن، بەمەش بەرژەوەندییەکه دوولایەنه.. بۆ ئەم مەبەستە حکومەتی کوردستان وەك حکومەتێکی فەرمی مامەڵەیەکی رەوشت بەرزی و پڕ بایەخ دەداتە ئەو خاوەنکار و بازرگانانه، بۆیە نابێت ئەم رووداوانەی لێرەو لەوێ روودەدەن ببێتە هۆی داپچڕان، چونکه بەرژەوەندی دوو دراوسێ بەواتای بەرژەوەندی دوو وڵات، لە هەموو ئاستەکاندا دێت، بۆیە لەم روانگەیەوە پێوویستە رێز له خەمخۆری کونسوڵخانەی تورکیا و والی مێرسین بگیرێت که خەمخۆری خۆیان بۆ رووداوەکه نوواند. ئەگەرچی ئەم خانەوادە کوردە هەولێرییە سەرەڕای هەر شتێك به هاووڵاتی عێڕاقی دەناسرێن، بەڵام جێگای داخە حکومەتی عێڕاقی هیچ هەڵوێستێکی نەنوواند که جێگای ئاماژەو بایەخ بێت، خۆی نەکردە خاوەنی ئەم پرسە، ئەوەی جێگای شەرەفمەندییە دەیڵێمەوە که پارێزگاری گەنجی هەولێر ئۆمێد خۆشناو توانی ڕۆڵی سەرۆك کۆمار و باڵیۆزی عێڕاق لەم حاڵەتە تڕاژیدیای که خانەوادە هەولێرییەکه دووچاری هاتن ببینێت.
ماستەر له زانستە سیاسیەکان له زانکۆی NTNU نەرویج




