سەبارەت بە دەستوور لە سایەی کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی و دەستوور

دکتۆر سامان سۆرانی
هەبوونی دەستوورێکی مەدەنی وەکو بەڵگەنامەیەکی نیشتمانی بنەما سەرەکییەکان بەرجەستە دەکات بۆ ئەوەی سیاسەتی دەوڵەت رێکبخرێ و تایبەتمەندییەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و کاروباری نێودەوڵەتی روون بکرێنەوە، لە هەمان کاتدا گەرەنتی یەکگرتوویی و فرەیی دەکات.
دەستوورێکی هاوچەرخ جەخت لەسەر ئازادی و ماف و ئەرکە گشتییەکانی هاوولاتی دەکات و مەبەستیە پێگەی گەل و نیشتمان بەرز بکاتەوە، تا شیاوبن لە بەدەستهێنانی پێگەیەکی گونجاو لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دەستوور دەتوانێ روحی دیموکراسی بخاتە بەر جەستەی دەوڵەت، چونکە ئێمە پێمان وایە دەستوور دەتوانێ لە زۆر رووەوە دیموکراتیەتی دەوڵەت بەهێز بکات، بۆ نموونە دەبێتە هۆکار بۆ سەقامگیری دامەزراوە سیاسییە دیموکراتییە بنەڕەتییەکان، هەرچەند دەستوور ناتوانێ چوارچێوەیەکی دیموکراتی بۆ حکومەت دابنێ، بەڵام دەتوانێ سەرجەم مافەکان زامن بکات و زەمانەتی پێویست بۆ دامەزراوە سیاسییە سەرەکییەکان فەراهەم بکات.
دەستوور دەتوانی مافی زۆرینە و کەمینە بچەسپێنێ و زەمانەت بە هەردوولا بدات، کە مافە بنەڕەتییەکان پارێزراون. بە ئامادەکردنی دەستوورێکی کارا هاووڵاتی دەتوانێ لە چوارچێوەی یاسا و لە کاتێکی دیار خاوەندکار بخاتە بەر لێپرسینەوە بۆ ئەو بڕیارەی کە داوێتی یان بۆ ئەو رەفتارانەی ئەنجامی داوە.
دەستوور وەکو ئۆرگانێکی بێ لایەن لایەندارێتی هاووڵاتی و دەوڵەت ناکات، بەڵکو وەکو هاوسەنگ و تەرازوو رێگر دەبێ لە درووستبوونی ئاژاوە و پاشاگەردانی.
دەستوور هۆکارە بۆ هەبوونی شەفافیەت و پێدانی زانیاری بنەڕەتی بە هاووڵاتی، بەو شێوەیە دەکرێ میکانیزمی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی بێ گەرد بەڕێوەبچێ، دوور لە هەر دیماگۆگیەتێکی هزری.
دەستور دەتوانێ وەرچەرخانێکی جۆری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاووڵاتیانی هەرێم درووست بکات، ئەگەر گشتگیر بێت و لەگەڵ دیموکراسیەت هاوسەنگ بێت.
چۆن دەتوانین دەستوور دابنێین؟ ئاسانترین و بەرچاوترین ئاستەنگ، کە رووبەڕووی دەستور دەبێت بریتیە لە، مەودای گونجان و سازانی چینەکانی کۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چونکە یەكێ لە مەرجە سەرەکییەکانی دەستوور بریتیە لە هەبوونی هۆشیاری سیاسی پێویست و باوەڕهەبوون بە چەمکی "نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی و ئایندەسازی".
دیارە لەم رووەوە بنەمای جیاوازی ناو کۆمەڵگە لە رووی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی گرینگی خۆی هەیە.
پێگەی بەرژەوەندی نیشتمانی لە ناو هزری نەوەکانی هەرێم، ئایا ئەوان دەستوور، کە یەکێ لە بنەماکانی دیموکراسیەتە، دەکەن بە هۆکارێ بۆ لەناوبردنی دەوڵەت یان دەیکەن بە ئامرازێ بۆ پاراستنی دەوڵەت.
ئایا پەیوەندی نێوان ناسنامەی سیاسی و سروشتی دەستورێکی دیموکراسی، کە دەستوور رواڵەت نەبێ و گەرەنتیی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بکات، هاوئاهەنگە یان پێچەوانەیە؟
پێویستە بڕگەی یەکەم لەو دەستورەی کە بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان ئامادە دەکرێ ئاماژە بە یەكڕیزی و سەربەخۆیی و سەروەری هەرێم بکات و بە راشکاوی باس لە جوگرافیای یەکگرتووی هەرێم بکات (مەبەست ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە).
ئەگەر دەستوور بە راشکاوی باسی لە یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئاسایش و پێدانی دڵنیایی و هاوسەنگی لە رەخساندنی دەرفەتەکان بۆ سەرجەم هاووڵاتیان کرد، ئەوا ئیتر پێویست ناکات لە ناو دەستوور باس لە پێکهاتەی ئێتنی و ئایینی و ئاینزاکان بکرێت.
پێویستە دەستور ئاماژە بە پاراستنی موڵکی گشتی بکات و تەنها کاتێ رێگە بدات موڵکی گشتی دەستکاری بکرێ، ئەگەر ئەو موڵکە گشتییە بە پێی حوکمە یاساییەکان و بەرامبەر بە قەرەبووکردنەوەیەکی دادپەروەرانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکارهێنرا.
پێویستە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنەمای ئابووری قەوارەی هەرێم بێت، لە کاتێکدا هاوکاری راستگۆیانە لە نێوان چالاکی گشتی و تایبەت بوونی هەبێت بەمەبەستی پەرەپێدانی بەردەوامی ئابووری و بەرزکردنی ئاستی بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی.
لە راستیدا پێویستە هاووڵاتیانی هەرێم خۆیان لە یاسا کۆنەکان رزگاربکەن، کە پەیوەندییان بە ئازادی و باری کەسییەوە هەیە. هەروەها پێویستە دەستوور ئاماژە بەوە بکات، کەوا هەموو تاکەکان یەکسانن بەرامبەر بە یاسا و هیچ جیاکارییەك لە نێوانیان ناکرێ لە رووی رەگەز و نەتەوە و جیاوازی جێندەری یان باوەڕی ئایینی و پێگەی کۆمەڵایەتی.
ئازادی تاك بۆ هەموو هاووڵاتیان بەردەست بێت و ناکرێ بە بێ حوکمە یاساییەکان هیچ کەسێ دەستگیر بکرێ یان بپشکنرێ و گلبدرێتەوە و زیندانی بکرێ.
هەروەها پێویستە دەستور ئاماژە بەوەش بکات، کەوا نابێت مرۆڤ ئەشکەنجە بدری و مامەڵەی خراپی لەگەڵ بکرێ، کە ببێتە هۆی سوکایەتی پێکردن و بریندارکردنی شکۆمەندی مرۆڤ.
کۆنفرانسی هەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزی و دەستوور، کە لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، دەرفەتێکی لەباری بۆ لایەنە سیاسییەکان و رۆشنبیران و کەسانی ئەکادیمی رەخساند تا لە نزیکەوە پرسی دەستوور تاوتوێ بکەن و دیدگا و روانینی خۆیان ئاشکرا بکەن.
ئێمە بە پێویستی دەزانین ئەو جۆرە کۆنفرانسانە، کە مۆرکێکی نیشتمانی و ئایندەسازیان پێوە دیارە بەردەوام هەبن، چونکە دەستوور دەتوانێ فاکتەرێکی هاوکار و سەرەکی بێت بۆ یەكڕیزی و یەکبوونی دەوڵەت، بە تایبەتی ئەگەر ئەو دەوڵەتە وەکو هەرێم چاوی دەرەکی و هەڕەشەی لەسەر بیت.
دەستوور لە تەنیشت فاکتەرەکانی تری سەربازی و دیبلۆماسی، ستوونێکی بەهێزی دیموکراسیەتە. هەروەها یەكڕیزی لەسەر ئاستی ناوخۆ، هێزێکی هاوتەریبە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئایدیۆلۆژیانەی کە ماوەیان بەسەر چووە و ئەمڕۆ دەنگیان زوڵاڵە و مەبەستیانە قەوارەی هەرێم لەناوەوە هەراسان و لاواز بکەن. بۆیە لێرەدا بە گرینگی دەزانین بڵێین، پێویستە هەموو لایەك دوور لە هزری تەسکی حزبایەتی و بەرژەوەندی کەسی بە جیددی تواناکانیان بخەنە گەڕ لە پێناو بونیادنانی هەرێمێکی دیموکراسی خاوەن دەستوور. دواجار سەرکەوتن هەر بۆ گەلی كوردستانە.
*پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان




