لایەنێکی دیکەی کەسایەتی کاک د. رۆژ نوری شاوەیس

د. هێمن هەورامی
چل رۆژ بەسەر کۆچی دوایی کەسایەتی تێکۆشەرو رێبوارێکی راستەقینەی ریبازی بارزانی نەمر، کاک د. رۆژ نوری شاوەیس تیدەپەریت.
خەلکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان شاھێدی ئەوەن، کە کۆمەڵێک خەسلەتی گرنگ لە کەسایەتی کاک رۆژدا کۆبووبوویەوە. جگە لەوەی لە هەردوو باوانەوە، لە بنەماڵەیەکی دیار و تێکۆشەری سلیمانی بوو، بۆ خۆیشی لە خەباتی سیاسی و رێکخراوەیی و پێشمەرگایەتی و پەرلەمانی و حوکمرانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا، شوێن پەنجەی بە زۆرێک لە رووداو و پێشهاتەکانی ٥٠ ساڵی رابردووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی خەلکی کوردستانەوە دیارە.
ئەوەی دەمەوێت، ئەزموونی خۆم لە گەل کاک رۆژدا باس بکەم، لایەنێکی دیکەی کەسایەتی بەڕێزیان بوو، کە رەنگە کەمتر تیشکی خرابێتە سەر.
لە کۆتاییەکانی سالی ٢٠٠٤ کە ئەو کات جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بوو، وەها رێککەوت لە پیرمام بۆ کۆبوونەوەیەک یەکتری ببینین. کۆبوونەوەکە لە میوانخانەی فەرمی پ.د.ک بوو. پێش کۆبوونەوەکە، بینیم کاک رۆژ لە هۆلەکە دانیشتووە و کتێبێکی گەورەی بە دەستەوە بوو. کە لێی نزیکبوومەوە، یەکسەر وتی ئەم کتێبە بخوێننەوە، گرنگە. لێم پرسی کام کتێبە، دیار بوو رۆمانی داڤینجی کۆدی نووسەر دان براون بوو.
هەلبەتە ئەوەی لای کاک رۆژ بوو، وەرگێڕدراوە عەڕەبییەکەی بوو. دواتر هەندیکی بۆ باس کردم و پێی وتم، هیچ کات نەهێلیت سەرقالی و کاری دیکە، لە خوێندنەوەو بەدواداچوون داتبڕێت.
جارێکیش وەها رێککەوت، دەبوو لە خزمەت جەنابی سەرۆک بارزانی سالی٢٠٠٥ بچینە بەغدا. هێزی هاوپەیمانان دوو فرۆکەیان دابین کردبوو. ئەو کات کاک د. رۆژ جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیبراهیم جەعفەری بوو. لە چوونمان بۆ بەغدا، لە ناو فرۆکە لە تەنیشت کاک رۆژ دانیشتبووم. کتێبی هونەری جەنگ ی سۆن تزوم دەخوێندەوە. کاک رۆژ پرسی چ کتێبێکە، پێم وت کتێبەکەی سۆن تزووەو نوسخەی کتێبی گیرفانە و بە ئینگلیزییە.
داوای کرد بیدەمی. دوایی کەوتە باسکردنی گرنگی ئەو کتێبە و تیۆری جەنگی ستراتیژیستی ناسراوی ئەلمانی کلاوسڤیتز. لەسەر هەردوو کتێب، کەوتە باسکردنی ئەوەی کە چۆن لە شۆڕشی گوڵان، بە تایبەتی کاتیک سەرپەرشتی لقی یەک و سەرجەم هێزەکانی پارتی کردووە لە ناوەراستی هەشتاکان لە بادینان، سوودی زۆری لە بنەماکانی جەنگ و تەکتیکی پارتیزانی و جۆشدانی هێزەکان و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوژمن و هەلبژاردنی کات و شوین و بوونی دەستپیشخەری بەردەوام لای پێشمەرگە لەسەر بنەمای تیۆرەکانی کلاوسڤیتز و سۆن تزو وەرگرتوە.
لە ٢٠١٤ کە فەرماندەیی میحوەری خازری وەرگرت، بە حوکمی کاری ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستپێکی شەری داعشدا، چەند جاریک لە میحوەر سەردانمان کردووە و ئەو کاتیش باسی جیاوازی شەرەکەی دەکرد و شێوازی بەرگری پێشمەرگەی فرە رەهەند دەزانی و دیار بوو ئەزموونی رابردووی و بایەخی بە تیۆرەکانی شەر، لە شەری داعشیش وەک فەرماندەی میحوەر سودی زۆری لێبینیبوو.
لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١١ زۆرجار دوور لە چاوی میدیا، شاندی جیاجیامان بردوەتە لای کاک د. رۆژ و دواتریش لە گفتوگۆکانی پێکهینانی کابینەی نۆیەم و چەندین کۆبوونەوەی دیکە، ئەوەی کاک رۆژی جیا دەکردەوە، دیدێکی ئینسایکلۆپیدی بوو بۆ سیاسەت و گفتوگۆ و ئارگومێنتسازی و لۆژیکی سیاسی و دیدێکی هەمەگیر بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و هونەری بەرهەمهێنانی چارەسەر و ئۆپشنەکان بە پێی کۆنتێکست و کات و بڕی پەرەسەندنەکان.
مەبەستمە بڵێم، فراوانی لایەنی تێگەیشتنی قوڵ و رۆشنبیرییەکی فراوان و ئەپدەیتبوونی کاک رۆژ بە پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هاوسەنگی و هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، شارەزایی لە زمانەکان دەرخەری ئاستێکی بەرزی رۆشنبیری و هزری کاک رۆژ بوو، کە بۆ سیاسی و تێکۆشەرانی رێگای رزگاری، پێویستییەکی حەیاتییە.
جارێکی دیکەش دروود لە گیانی کاک رۆژ و تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاری و تێکۆشەرانی گەلەکەمان.




