١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لە کوردستاندا

سەرچاوە: KDP.info

دانا عه‌بدولعه‌زیز

کەلتووری کوردەواری کۆمەڵێک ئاداب و ڕەوشتی جوانی گرتۆتەخۆ کە دەکرێ ھەر تاکێکی کورد لە ھەر شوێنێک و ھەموو سەردەمەکان شانازییان پێوە بکات.

یەکێکە لەو سیما جوان و سەرنجڕاکێشانەی کۆمەڵگای کوردی بوونی باوەڕی قوڵی سەرکردایەتی سیاسی و سەرجەم پێکھاتەکانی کۆمەڵگای کوردستانە بۆ بابەتی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان.

لە دێرزەمانەوە نەتەوەو ئایینی جیاواز لە کوردستاندا بوونیان ھەیە و  ھاوتەریب لەگەل کۆمەڵگای کوردی، ئەوانیش لە گەشەسەندندا بوونە لە بوارە جیاجیاکاندا و تا بە ئەمڕۆ دەگات بەوپەڕی ئازادی و بە سەربەستی و شکۆمەندانەوە ژیاون و کەلتور و ناسنامەیان وەک خۆی پارێزراوە و خاوەنی سەدان پەرستگای تایبەت بە ئایینی خۆیان و سەدان قوتابخانەو فێرگەی زانستین بە زمانی دایکیان. 

پەیوەندی و دۆستایەتی کورد و کەمە نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کەلتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا براو ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە.

لە کۆمەڵێک دێھاتی کوردستان سەدان ساڵە کریستیان و ئیسلام لەتەک یەکتری دەژین، مزگەوت و دێر لە پاڵ یەکتری ساڵەھایە بوونەتە ژوانی خوا پەرستی و ڕەمزی برایەتی کریستیان و موسڵمانەکان.

کریستیانەکانی کوردستان ڕۆڵ و پێگەی دیار و بەرچاویان ھەبووە لەسەرجەم قۆناغه‌کانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان لە شاخ و شاردا.

کۆمەڵێک کاراکتەری دیاری کریستیانەکان لە شۆڕشەکانی بارزان وشۆڕشی ئەیلول و گۆڵاندا بەشداری کارا و کاریگەریان ھەبووە و لە تەک برا کوردە موسڵمانەکانیان جەنگاون لە پێناو بەدەستھێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و دروستکردنی کیانی سەربەخۆ بۆ کوردستان، نموونەی ئەم شۆڕشگێڕانە ( فرەنسۆ ھەریری، ڕێبوار یەڵدا، ئەدوەر جەبەلی ) و دەیانی تر.

لەسەردەمی شار و دەسەڵاتداری کوردیدا لە ئەزموونی سیاسی و ئیداری ھەرێمی کوردستاندا ڕۆڵ و پێگەی دیاریان ھەبووە و خاوەنی وەزارەت و لیستی تایبەت و سەربەخۆن لە پەرلەمانی کوردستان و جگە لە بوونی کاراکتەری کریستیان لە دەیان فەرمانگەی میری و پارتی سیاسی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.

لە ڕووی موڵکداری و پێگەی جوگرافییەوە، کریستیانەکان خاوەنی موڵک و ماڵ و سەروەت و سامان و بازرگانی خۆیانن و ھەموو مافێکی خاوەندارێتی و ئابوورییان پارێزراوە، دەیان نموونەی بازرگانی سەرکەوتوو و دیاری کریستیان لە کوردستاندا ھەن.

لێرەدا پێویستە بە ئەمانەتەوە باسێک لە ڕۆڵی (مستەفا بارزانی) سەرکردە و ڕەمزی کوردستانیان بکەین، لە گرنگیدان و ھاندانی گیانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لە کوردستاندا، باوەڕی قوڵی بارزانی بە ئەرک و مافی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، بەتەواوی ڕەنگی داوەتەوە لە ڕێباز و فەلسەفەی بارزانی و پارتیدا، بەھەمان شێوە لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا سەرۆک (مسعودبارزانی) درێژەپێدەری ھەمان ڕێچکە و ڕێبازی مستەفا بارزانییە و بەڵکو بە گرنگییەکی زیاتر و تێڕوانینێکی تازە و سەردەمیانەوە وەک پارێزەرێک ھەمیشە داکۆکیاری سەرسەختی مافەکانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگای کوردستان بووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار