هەرێمی كوردستان بە گەرمی پێشوازی لە قەداسەتی پاپای ڤاتیکان دەكات

دکتۆر سامان سۆرانی
چاوەڕوان دەکرێت هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی شارستانیەتێکی دێرینی مرۆڤایەتی و لانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و ئایینە جیاجیاکانە، لە 7ی ئاداری 2021 بە گەرمی پێشوازی لە خۆرخێ مارییۆ بێرگۆلیۆ (پاپا فرنسیس) دووسەدوشەست و شەشەمین پاپای ڤاتیکان بکات.
ئەم سەردانە مێژووییەی پاپا، کە یەکەم گەشتی پاپایە بۆ دەرەوە لەپاش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید 19) هەڵگری پەیامی ئاشتیە بۆ کوردستان و عیراق و ناوچەکە بەگشتی.
هەرێم لەسایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردایەتی كوردستان و بەهۆکاری هەبوونی سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوام دەیان ساڵە بووە بە پەناگەو شوێنی ئارامی کریستیانەکان و ئایین و ئاینزاکانی تر. کاتێ کریستیانەکانی موسڵ و دەشتی نەینەوا لە هاوینی 2014 کەوتنە بەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، شارەکانی هەرێمی کوردستان باوەشیان بۆیانکردەوەو لە ئامێزیگرتن.
ئەم هەڵوێستەی سەرکردایەتی سیاسی و حکومەت و گەلی كوردستان لەلایەن کریستیانەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرزنرخێنراوە و دەستخۆشی لێکرا.
لەگەڵ هاتنی داعش و ئەنجامدانی هێرشی نامرۆڤانە بۆسەر ناوچە کریستیان نشینەکان زیاتر لە 400 هەزار کریستیان بەرەو دەرەوە کۆچیان کرد، نزیکەی 200 هەزاری دیکەیشیان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد.
حکومەتی هەرێم لە پێناو قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەیی لە هەرێم و ناوچەکە لە هەموو ڕوویەکەوە هەوڵی داوە ناوچەکانی کریستیانەکان، کە بە هۆکاری ئەو هێرشانە تێکدراون و خاپورکراون، ئاسایشیان بۆ بگەڕێتەوە، لەهەمان کاتدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بەمەبەستی دووبارە ئاوەدانکردنەوەیان.
پێویستە مافەکانی کریستیانەکان وەکو چۆن لە هەرێمی كوردستان زامنکراوە و پاڕێزراوە لە عیراقی فیدڕال، کە زێدی باو بابیرانیانە، دووبارە دەستەبەربکرێت و سەروماڵ و ژیانیان بپارێزرێت، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە دەستور و جێ بەجێکردنی ئەو ماددانە دەبێت، کە پەیوەستن بە کەسانی سەر بە ئایین و ئاینزاکان.
پێویستە لە عیراق بە هەمان شێوەی هەرێمی کوردستان کار بکرێت بۆ گۆڕینی ئەو وێنە نەرێنیە لەسەر کریستیانەکان، ئەوەی پەیوەستە بە مافەکانیان و نەهێشتنی ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەی، کە ئێستاش لە لایەن هێزە میلیشیاکانی سەر بە حەشد دژیان ئەنجام دەدرێت، تاوەکو کریستیانەکان هەست بە جیاکاری نەکەن وهیوایان بۆ بگەڕێتەوە، کەوا بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی ئەگەری هەیە جارێکی تر لەناو کۆمەڵگە بچەسپێت و ئەوان ئیتر دووچاری هێرش و دەربەدەرکردن نابنەوە.
پێویستە واقیعی گەردوونی نوێ بە ووردی بخوێنینەوە، هێز و هەژموون و مۆنۆپۆڵکردن و پێکدادان و هێرشکاری هەرگیز ئاسایش لەگەڵ خۆیان ناهێنن و ئاشتی درووست ناکەن و شوناسێك ناپارێزن، ئەزموونەکان و قەیرانە بەردەوامەکان لە ناوچەکە گەواهی ئەوە دەدەن.
جەنگ و تیرۆر و توندوتیژی تەنها کارەسات و نەهامەتی و دۆزەخ لەگەڵ خۆیان دەهێنن و سەروەری مرۆڤەکان زیندەبەچاڵ دەکەن.
پێویستە لە سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن لە زمانی ئاشنابوون بە یەکتر نەترسین، وڵاتمان بە دەستەواژەکانی فرەیی و دیالۆگ و هاوبەشی و دەستاودەستکردنی دەسەلات و ئاڵوگۆڕ و چالاکبوون لە داهێنان و پێکەوەگرێدان و وەرچەرخان دەوڵەمەند بکەین. بیرۆکەی پێگەییو و بەرهەمدار دەتوانێت ژیان و ئازادی و شکۆمەندی و پەرەپێدان و گەشەسەندن لەگەڵ خۆی بهێنێت، کۆمەڵگەی هاوچەرخ بە عەقڵ و نموونە و دراوی باو و ماوەبەسەرچوو بەڕێوە ناچێت.
گرینگە هەموو لایەك سەردانەکەی پاپا فرنسیس بۆ هەرێم و عیراق بە دەرفەتێ ببینن بۆ قووڵکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ڕێزگرتنی پێکهاتە جیاجیاکان لە یەکتر.
ئەم سەردانە دەکرێت ببێت بە هەوێنی دیالۆگی نێوان ئایینەکان و شارستانییەکان و دەسپێکی پرۆژەیەکی گەورەتربێت لە ژێر ناوی گەڕانەوە بۆ بەها مرۆییەکان و ئاشتیەکی هەمیشەیی.




