ئەو ڕۆژەی میللەتێك خەمبار بوو

هاودەنگ فاروق
ئەمڕۆ یادی پڕئازاری کۆچی مستەفا بارزانیی نەمرە، ئەو ڕۆژەی میللەتێك بە چیا و كوێستان و شۆڕش و سەنگەری بەرخودانەوە خەمبار بوو، ڕێبەرێک، كە بە عیشقی خاكەوە فرچكی گرت و قەت لەسەر بستێكی نیشتمان سازشی نەكرد، بارزانی ڕەمزی كوردناسی و هاوارێکی ژانگرتووی لەناخ هەڵقوڵاوی ڕاستەقینەی گەلەكەی خۆی بوو، جوانترین پێناسی كوردبوون و بەجیهانیكردنی دۆزی میللەتەکەی بوو.
شۆڕشەكانی بارزانی لە ناو هزرو سایکۆلۆژیای تاکی کورددا، گەشەیان بە فکری ناسیۆنالیزمی کوردی دا، شكۆ و باوەڕبەخۆبوون و ناسنامەی كوردبوونی بۆ میللەتەکەی گێڕایەوە ..
مستەفا بارزانی، هاواری ڕابوون و هەستانەوە و كەوتنەوە سەرپێی میللەتەكەی و بێهیواكردنی دوژمنانی گەلەکەی بوو.. چەخماخەیەك لە قووڵایی ئەنگوستەچاودا، ڕێژنەی بارانی هیوا لە هەڕەتی بێهیواییدا، لەدایكبوونەوەیەكی نوێ و تینوگوڕێكی بێ بڕانەوە و تاهەتایی.
شۆڕشەکانی بارزانی نیگابەخشی خاوەندارێتی کورد بوون لە خاکی میدیا. بارزانی گوتی: نابێ کورد ژێردەستەبێت. نابێ نەتەوەیەک شانوباهوی لە یٔارارات و سەفین چەقی بێت، شانەخواری نەتەوەکانی دەوروبەر بێت. نەتەوەیەک هەیاهوی شێرەکانی مادو ئیمپراتۆریای کەیخوسرەوی لەپشتەوە بێت، هەڵەی مێژووە بکرێتە پلە دوو.. بارزانی بە جەبەروتی مێژووی گوت: بوەستە! کوا کورد بە ژێردەستەیی ڕازی دەبێت. کورد یان خاوەن بڕیاری خۆی دەبێت، یان ئاوی ئاراس شەق دەکات و پڕ پڕ باوەش بە ئازادیدا دەکات.. بارزانی نەیهێشت هەڵە گەورەکەی مێژوو بەبێ باج تێپەڕێت. بارزانی مێژووی مرۆڤایەتی لە میزۆپۆتامیادا ڕاست کردەوە.
یادی بەرزوبەخێر بێت.




