٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
پەيوەندی گشتی

کونسووڵی گشتیی تورکیا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە هاکان کارچای، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە میانەی ئەو دیدارەدا گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان هەردوولا کرا. گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە بوو، بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠٢٠ دوو ڕێککەوتن لە نیوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بوودجەی ساڵی ٢٠٢١ی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراق و ڕێککەوتنی شنگال کراوە. ئەمە بۆ هەردوولا گونجاو و باش بوو و دەرفەتی دەدا بە هەردوولا کە هەوڵ بدەن چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکانی دیکە بدۆزنەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە سیاسییەكان و پەڕلەمانی فیدراڵ هاوکار نەبون و گرفت بۆ هەردوو ڕێککەوتنەکە دروست دەکرێت. ئەوەی گرنگە ئێمە سوورین لەسەر گفتوگۆ و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراق.

بەڕێز کارچای، کونسووڵی گشتیی تورکیا پەیوەندیی نێوان حکوومەتی وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی بە گرنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند، ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە کە پێویستی بە کاری بەردوەوام و پەرەپێدان هەیە. دەربارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتوگوزاری، بەڕێزیان جەختی لە هەوڵی وڵاتەکەی کردەوە بۆ فراوانکردن و زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی هەموو کەرتەکان و زیاترکردنی دەرفەت و کار بۆ دانیشتووانی هەردوو وڵات.

لەمیانەی ئەو دیدارەدا باس لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و تەنگەژەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بایەخی پەیوەندیی هەردوولا کردەوە بۆ پێکەوەکارکردن و گفتوگۆ بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر بۆ ئەو گرفت و ڕووداوانەی دێنە پێش و هێنانە ئارای کەشێکی ئارام بۆ ئاشتی و دابینکردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی.


 

هەواڵی پەیوەندیدار