فیلمى توکل

سوورێن ئەکرەم
تیۆرى فەنکشۆناڵیزم لە کۆمەڵناسیدا تایبەتە بە شیکردنەوەى سیناریۆکانی پشتى ڕووداوەکان، لەو ڕوانگەیەوە دەکرێت ئەم چەند دیمەنەى ناو فیلمەکە شیبکرێتەوە:
1- لە تەواوى دیمەنەکان، ئاڵاى کوردستان و جلى کوردی هەیە نەک ئاڵاى پارتێکی سیاسى، کەواتا خەمی گەلێک لەو فیلمەدا نمایش کراوە نەک پارتێک و کەسایەتییەکی سیاسى.
2- لەو فیلمەدا بەتەواوی بەرخودان و خوێنی شەهیدان و برینداران پشتگوێ خراوە؛ لە بەهایان کەم کراوەتەوە، پێشمەرگەى کوردستان نەک هیى کەسایەتی و پارتێکی سیاسى، پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێت هەندێک لایەن ئەوەندە بە تامەزرۆییەوە چێژ ببینین لە بچوک بینینی پێشمەرگە؟
3- دوژمنایەتی و دۆستایەتی بارزانى لەگەڵ ئێران لەبەر بەرژەوەندی کوردستانە نەک هیچ مەبەستێکی تایبەت و خودی، هەرکات ئێران ئامادەبێت خزمەتی کوردستان بکات بارزانی ئامادەیە ئامێزیان بۆ بکاتەوە.
4- سیاسەتى باڵا بریتییە لە بەکارهێنانی بەرامبەر نەک ڕێگە بدەى بەرامبەر بەکارت بهێنێت، لەم فیلمەدا بارزانی توانی ئێران بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی کوردستان.
5- بۆ پاراستنی کوردستان، بارزانی پەیوەندی بە زۆربەى وڵاتان و هاوپەیمانان دەکات؛ بەڵام بێ وەڵام و هەڵوێست دەبن، ئەمە پێمان دەڵێت: کورد دەبـێت خۆى خەمی خۆى بخوات و ماڵى خۆى یەک بخات؛ چونکە ئەگەر دوژمن بە هەر هۆکار و مەبەستێکیش یارمەتیمان بدات؛ دواجار دەیکاتە خاڵێکی لاواز دژ بە کورد و بەکارى دەهێنـتەوە دژمان.
6- بارزانی لە فیلمەکەدا بە ڕۆژ و شەو کارى دەکرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو مەترسى و دۆخە، هەواڵى لە بەرەکانی جەنگەوە پێ دەگەشت و هەموو هەواڵەکان لەسەر کوردستان بوو نەک لەسەر پارتەکەى و بنەماڵە و ناوچەیەکی جوگرافى.
7- لەم فیلمەدا ململانێى مەزهەبى تۆخ کراوەتەوە و لەگەڵ قاسم سلێمانی، ئەبو مەهدی موهەندیس دەردەکەوێت لەکاتێکدا ئەوکات حشدی شعبى بوونی نەبوو!!!
8- هیچ کات بەغدا لەگەڵ ئازار وخەمەکانی کوردستان نەبووە و بەبەشێکی لەخۆى نەزانیوە.
9- پرسیار ئەوەیە ئەگەر نەنگییە بۆ بارزانی خەم بۆ کوردستان بخوات ئەى کوردپەروەرەکان لەکوێ بوون؟ بۆ ئەوان هاوپەیمانیان نەدۆزییەوە و ئەم ڕۆڵەیان وەرنەگرت؟
10- پەرێشانی و پەشێوى بارزانی لەو فیلمەدا زەق کراوەتەوە، ئەمەش نیشانەى هەموو سەرکردەیەکە کە بەڕاستى لە خەمی گەلەکەیدایە.




