١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

دۆسیەی پرساندنی ترامپ و ئایندەی حزبی کۆمارییەکان

سەرچاوە: KDP.info

دکتۆر سامان سۆرانی 

ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لایەنگرانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران. 

بە هۆی ڕووداوەکانی ئەم هەڵکوتانە بۆ سەر کاپیتۆل پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و ئەندامانی کۆنگرێس و جێگری سەرۆك ناچارکران لە شوێنە نهێنیەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران خۆیان حەشاربدەن. 

ئەمەش بوو بە کۆستێکی گەورە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیهان. هەر ئەو کاتە زۆرینەی ئەندامانی حزبی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای ئامادەکارییان کرد بۆ پەراوێزخستنی ترامپ، گوایە ئەو ڕۆڵی گێڕاوە لە هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی لەو وڵاتە. 

لە ئێستادا بە پێی ماددەی یەکەم، بڕگەی ٣ ، بەندی ٥ی دەستوری ئەمریکا لە ٨ی شوباتی ٢٠٢١ کار بۆ لێپرسینەوەیەکی خێرای ترامپ دەکەن لە ئەنجومەنی پیران، تاوەکو بەتەواوی پەڕاوێز بخرێت لە هەر کارێك و پۆستێکی فیدڕاڵی فەرمی لە ئایندەدا. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستیان بە ١٧ دەنگی کۆماریخوازەکانی ئەنجومەنی پیرانە. 

جاك شومەر، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی پیران پێی وایە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەم کارەدا زۆر ئەستەم دەبێت، چونکە ئەم دادگایی کردنە شەرماوەر و مێژووییە دژ بە بانگخوازی جۆ بایدنە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی یەکڕیزی لە ئەمریکا. لای خۆیەوە جۆ بایدن پێی وانیە لە ٨ی شوبات پێویستە بێجگە لە دەنگی پەنجا ئەندامانی دیموکراتەکان دەنگی ١٧ ئەندامی کۆماری بەدەستبهێنرێت بۆ تاوانبارکردنی ترامپ. 

ئەگەر ئەم کارە بەڕێوەبچێت ئەوا ترامپ یەکەم سەرۆک دەبێت، کە ئەنجومەن دووجار هەوڵی پەراوێزخستنی بدات. 

پێشووتر ترامپ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و پاش ئەو فشارە ئابڕوبەرانەی بۆ سەر سەرۆکی ئۆکرانیا بەمەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە جۆ بایدنی ڕکابەر و کوڕی جۆ بایدن، بە تومەتی گەندەڵی، بەڵام کاتی خۆی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران ئەم هەوڵەی دیموکراتەکان بۆ پەراویزخستنی ترامپ شکست پێهێنا.  

ڕاستە لە دیدی ژمارەیەك لە ئەندامانی کۆمارییەکان ترامپ لە ڕابردوو توانیوە پێگەی حزبەکەی لەناو چینی کرێکار بەهێزتر بکات، پاش ئەوەی ڕیکلامێکی زۆر باشی بۆ ئەجیندای دەستەبەرکردنی هەلی کار و کەمکردنەوەی باج کرد. ئەوان پێیان وابوو ئەجیندای ترامپ و سیاسەتەکانی پەیوەست بە باج و کۆچ هاوکاری حزبی کۆمارییەکان دەبن بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی دەنگدەران لە شارۆچکە و شارەدێیەکان، کە پێشووتر بە هۆکاری ڕەفتاری کەسی و سیاسەتەکانی ترامپ خۆیان لەو حزبە بەدوورگرتبوو.  

هەندێ لایەن پێیان وایە ترامپ، وەکو کاردانەوەیەك بۆ پاڵپشتی نەکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمارییەکان بە تەواوی بۆ سەرخستنی ئەو تۆماتانەی بەرزی کردبۆوە لە بەکارهێنانی ساختەکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، هەوڵی دامەزراندنی حزبێکی نوێ دەدا لە ژێر ناوی "پاتریۆت" و بەو کارەی ترازان لەناو حزبی کۆمارییەکان درووست دەبێت. 

بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەوە جۆرێكە لە بەکارهێنانی کارتی فشار بۆ سەر ئەندامانی ئەنجومەنی پیران، تا دەنگ نەدەن بە دادگایی کردنی ترامپ بەمەبەستی پەراوێزخستنی لە هەر پۆستێکی فیدڕاڵی لە ئایندەدا. 

دۆناڵد ترامپ وەکو ناو لە ناو سیاسەتی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە، چونکە ئەو لەناو لایەندارانی کۆمارییەکان و بەشێکی زۆر لە لایەندارانی ڕەوتی ئایینی کۆنپارێز جەماوری هەیە.  

هۆکاری درووستبوونی پەرتەوازەیی لەناو کۆمارییەکان زۆرە، لەوانە هەبوونی ژمارەیەك لە کەسانی لیبراڵ و ئینجیلی و داکۆکیکارانی مافی دەوڵەتەکان و ڕەگەزپەرستەکان، کە ماوەیەكە سەرەڕای جیاوازی لە دیدیان بۆ بابەتەکان یەکڕیزی خۆیان پاراستبوو، بەڵام دوو هۆکاری گرینگ ئەو حزبەی خستە ناو قەیرانی ئەم ساڵانەی دوایی. 

یەکەم، جەنگی عیراق و قەیرانی دارایی جیهانی کە پشتی ئەو حزبەیان شکاند و دەرگایان بۆ ترامپ واڵا کرد، لە ڕێگەی وتاری پۆپۆلیستی سەرنجی جەماوەری ئەو حزبە بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. 

دووەم، هەست پێکردنی سەرانی ئەو حزبەیە بەو ڕاستیەی، کە دەڵێ کۆمارییەکان حزبی زۆرینە نیە. 

کاندیدەکانی ئەو حزبە لە ڕابردوودا لە هەشت هەڵبژاردن تەنها یەکجار لە ساڵی ٢٠٠٤ بە هۆکاری هێرشەکانی ١١ی ئەیلولی ٢٠٠١ و جەنگی عیراق دەنگی زۆرینەی جەماوەریان بەدەستهێنا. 

وەکو چۆن لە ئێستادا ترامپ جەماوەری خۆی لە دەستدا، بەو شێوەیە حزبەکەش جەماوەری لەدەست دەدات. 

ئەگەر ئەم ڕوانگەیە ڕاست دەربچێت، ئەوا حزبی کۆمارییەکان لە ئایندەدا لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت بە حزبی کەمینە.  

 

هەواڵی پەیوەندیدار