سینهماقڕاتی یا سینه‌مای درۆ.. یا قاره‌مانی دروستكراو، له فلیمی (كه‌وتنی به‌رلین)ی سۆڤیه‌تییه‌وه، بۆ فلیمی (ته‌وه‌كل)ی ئێرانی

د.محمد خدر مولود
به‌درێژایی مێژووی له دایك بوون و دامه‌زراندنی سینه‌ماوه، ئه‌و هونه‌ره ئه‌فرێنه‌ره‌ی به هونه‌ری حه‌وته‌م ناوزه‌د كراوه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسیی و ده‌وڵه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له بایه‌خ و ڕۆڵ و كاریگه‌رێتی فلیمی سینه‌مایی تێ ده‌گه‌ن به هه‌موو چه‌شنێك هه‌وڵیان بۆ ئه‌وه بووه ئه‌م هونه‌ره بخه‌نه ژێر رێكێف و هه‌ژموون و داواكاری خۆیان. ده‌سه‌ڵاتداره دیكتاتۆره‌كان كاتێ بایه‌خ به پیشه‌سازی فلیمسازی ده‌ده‌ن كه دیكتاتۆریه‌ت وه‌ك میتۆدی سیاسی و حوكمڕانی پیاده‌بێ و ئه‌م هونه‌ره‌ش ده‌بێته كه‌ره‌سته‌یێك بۆهێنانەدی مه‌رام و مه‌به‌ست هه‌ر ئه‌وسا وه‌ك كارتی سیاسی فلیمسازیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌مۆ ده‌بێ.
سینه‌ما و فلمسازی له‌سه‌رده‌می جۆزیف ستالینی سه‌رۆكی سۆڤیه‌ت به‌تایبه‌تیش له قۆناغی جه‌نگی دووه‌می جیهان و بۆ به‌ره‌ی شه‌ڕ دژی نازیه‌تی هیتله‌ری ئه‌لمانی نموونه‌ی هه‌ره زیندووی پێشه‌نگ و ركابه‌ری سینه‌ماو فلیمسازی ئه‌ڵمانیای نازییه. ئه‌م هونه‌ری حه‌وته‌مه ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی له په‌یامی هونه‌ری خۆی داده‌شۆرێ و ده‌بێته ئامێر‌و ئامرازی میدیایی ریكلامی و پرۆپاگه‌نده‌ی سیاسیی و ده‌وڵه‌ت پاره‌و بودجه‌ی زه‌به‌لاحی بۆته‌رخان ده‌كات و به میتۆد و پلان و به‌رنامه له به‌شی (هوشیاركردنه‌وه‌و ئاراسته‌ی سیاسی) سیناریۆیان بۆ دابرێژرێ و ریژیسۆر و به‌رهه‌م هێن و ده‌رهێنه‌رو ئه‌كته‌ریان بۆ ده‌ست نیشان ده‌كرێ، ته‌نانه‌ت بۆ مه‌رامی تایبه‌تی دیكۆر و باگڕاوه‌ندی ئه‌كشنه‌كانی رووداو و قاره‌مان و جلوبه‌رگ و ئێكسسواریش به نه‌خشه وپلان بۆدارێژاو ده‌بن.
هه‌ر بۆیه له سه‌ردەمی سۆڤیه‌ت و حوكمی ستالین دا ئه‌م هونه‌ره به‌م ده‌سته‌واژه‌یه و ئه‌م زاراوه تازه‌یه ( سینهماقڕاتی – سینه‌مای ده‌سه‌ڵات یا پیاده‌كردنی ده‌سه‌لات به‌هۆی سینه‌ما ) ناوزه‌د ده‌كرێ سینه‌ماو ده‌سه‌ڵه‌ت به جۆرێكی دیكه دێنه ئاراوه و به مانای تازه‌ی سیاسیی، به ڕه‌هه‌ندی تازه خۆیان ده‌ناسرێنن.
سینهماقڕاتی یا سینه‌مای ده‌سه‌ڵات به‌واتای ئه‌وه‌وه هات كاتێ ستالین هه‌ژموون و حوكمداریه‌تی وده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به‌رێوه‌بردنی وڵاتانی به هۆو به‌رێگای سینه‌ماوه شۆڕكرده‌وه ناو خه‌ڵك و ناو جه‌ماوه‌ر.
مه‌به‌ست له‌مه‌دا ئه‌مه بوو تا فسس پاڵه‌وانیه‌تی قاره‌مانی دروستكراو و كارتۆنی، لێزانی و شاره‌زایی تاكی نه‌زان و نابه‌له‌د وه‌ك قاره‌مانی راسته‌قینه‌ی فریادره‌س و رزگاركه‌ر و كاریزمایی ببێته دیفاكتۆی به‌زۆر سه‌پێندراوی درۆزنانه و كار له وه‌رگری فریودراو بكا‌و كاره‌كتەرەكه بچێته نێو هزرو دیدو خه‌یاڵی و قاره‌مان و پاڵه‌وانێكی تازه له به‌رگی ئازایی وشاره‌زایی، لێزانی و كاریزمایی هه‌موو هزرو دیدو خه‌یاڵی داگیر بكات و ئاماده‌ی هه‌میشه‌یی له نێو هزری وخه‌یاڵ دا هه‌بێ.
قسه له‌سه‌ر ئه‌و فلیمه تازه‌ییه‌ی سینه‌مایی ئێرانی یه (ته‌وه‌كول)، كه فلیمی ڤیدیۆیی ماوه (هه‌ژده بیست ده‌قیقه‌ی به‌رهه‌می ئه‌م ساڵی 2021 یه. ئه‌و فلیمه، ده‌چێته نێو خانه‌ی فلیمی سینه‌ما سیاسی پرۆپاگه‌نده‌یی ئێرانی. له مێژووی ئه‌م ته‌ره‌زه فلیمانه‌دا به خاپه‌رۆكی فلیمه‌كانی وڵاتانی دراوسێیی ئێران هه‌ژمار ده‌كرێت.
كه ده‌ڵێین خاپه‌رۆك، هه‌موو نووسه‌ران و ره‌خنه‌گران و توێژه‌رانی جیهانی بواری میدیا‌و هونه‌ری سینه‌ما له مه‌به‌ست ومه‌رام و چۆنیه‌تی دروستكردنی (فلیمی پڕۆپاگه‌نده‌ی سیاسی) تێده‌گه‌ن و ئاشنان به باگڕاوه‌ندی دروستكردنی ئه‌م ته‌رزه فلیمانه كه مێژوویان بۆ سه‌رده‌می حوكمداریه‌تی ستالین ده‌گه‌رێته‌وه.
ئاخر ناونیشانی وتاره‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه ده‌گه‌ینێ: سینهماقڕاتی یا سینه‌مای درۆ، یا قاره‌مانی دروستكراو، له فلیمی (كه‌وتنی به‌رلین)ی سۆڤیه‌تی، بۆ فلیمی(ته‌وه‌كول)ی ئێرانی ئه‌وه‌مان بیر دێنێته‌وه كه‌وا جۆزیف ستالین به هۆی لافرێنتی بیریای به‌رپرسی ده‌زگای هه‌وڵگری و وه‌زیری ناوخۆی وڵات كه ركابه‌ری سه‌ره‌كی گۆڵبزی وه‌زیره درۆزنه ناوداره‌كه‌ی (درۆبكه، درۆبكه، درۆبكه ،تا خه‌ڵك پێیت باوه‌ڕده‌كا)ی وه‌زاره‌ته پڕۆپاگه‌نده‌كه‌ی هیتله‌ری ئه‌لمانی بوو.
بیریا له رۆژهه‌ڵات بۆ رۆژئاوا‌و ئه‌مریكا، ستالینی وه‌ك قاره‌مان و پاڵه‌وان و رزگاركه‌رو فریادره‌سی مرۆڤایه‌تی له‌ده‌ست دڕندایه‌تی هیتله‌ر له فلیمی (كه‌وتنی به‌رلین – 1950 - Падене Берлна) پێشانی خه‌ڵك دا له كاتێكدا ستالین وه‌ك له فلیمه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ له به‌رلین له فرۆكه داده‌به‌زێ و وه‌ك پاڵه‌وان و رزگاركه‌ر و فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی به‌ره‌ی شه‌ڕی كه‌وتنی به‌رلین ڕۆڵی بینیووه و به‌رپرسانی هاوپه‌یمانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی له پێشوازی دان كه‌چی له‌راستیدا ستالین تا له ژیاندا بوو له ماوه‌ی جه‌نگدا هه‌ر به‌رلینی نه‌بینیوو.
ئیدی ئه‌وه‌یه سینه‌مای سیاسیی و سینه‌مای پڕۆپاگه‌نده، درۆ بنه‌مایه‌تی، سیناریۆی چه‌واشه‌كار چیرۆكیه‌تی، دروستكردنی قاره‌مان و پاڵه‌وانی كارتۆنی پیشه‌یه‌تی.
خۆ له فلیمی قادسیه - 1981 ی عیراقیش هه‌ر وابوو، عزه‌ت عه‌لائیلی و سوعاد حوسنی قاره‌مان ڕۆڵ و ئه‌ركیان بینران چۆنن وچۆنیش خودی فلیمه‌كه بوو به فلیمی سیاسیی سینه‌مایی پرۆپاگه‌نده‌یی بۆ قادسیه‌ی سه‌دامی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی وێرانكاری نێوان عێراق و ئێران .
له‌كاتێكدا گه‌لی كوردستان چ له باشوورچ له رۆژهه‌ڵات وچ له رۆژئاڤا و باكوره‌وه هوشیاره و تێده‌گا دونیا له‌كوێیدا خه‌راباته، بۆیه فلیمساز و پیشه‌سازی فلیمی ئێرانی به سیناریۆنووس و ئه‌كته‌ره‌كانی نێو فلیمی (ته‌وه‌كل)ه‌وه ئه‌و متمانه‌و باوه‌ڕه‌ی بینه‌ر بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن و ئه‌و ئامانجه‌ی كه فلیمه‌كه‌یان له‌سه‌ر بنیات ناوه نایهێننه‌دی. چونكه نه‌ك هه‌ر كورد، به‌ڵكو ته‌واوی وڵاتانی جیهان، به وڵاتانی ده‌رودراوسێوه‌ش له‌سه‌رده‌می جیهانگیری، سه‌رده‌می به‌قه‌ولی ئێرانییه‌كانه‌وه گوته‌نی (جیهانگه‌رای جامی جه‌م)ه‌وه زۆر باش ئاگادارن و زۆرباش ده‌زانن و پێزانینیی مه‌زنیان هه‌یه كه له واری واقیعی مه‌یدانی وله‌به‌ره‌كانی جه‌نگ و رۆژانی ته‌نگانه‌دا كاریزماوفریادره‌س كێییه .. ؟ قاره‌مانی راسته‌قینه‌ی پاراستنی هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستان به‌گشتی كێیه..؟ و كێیه تێكشكێنه‌ر و كێن تێكشكێنه‌رانی ته‌لیسمی داعش وماعش له مه‌خموور و شنگال و ده‌شتی نه‌ینه‌وا..؟
هه‌روا هه‌مووان به جیهانی رۆژئاوا‌و رۆژهه‌ڵات ده‌زانن كێ بوو به به‌رخودان و خۆ نه‌چه‌ماندنه‌وه به‌وه‌شاندنی گورزی كه‌مه‌رشكێنی مێژوویی له پردێ و مه‌خموور و سحێلا مێژووی مه‌زنی سه‌ركه‌وتنی سه‌رفرازی تۆماركرد.
هه‌ولێر 25-1-2020




