١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە خزمەت باڵادەستی ملیشیاکان

سەرچاوە: KDP.info

کەریم قادر

بەگوێرەی جریوە و هەواڵەکان بێت، لەئەنجامی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی عەسایب بە تاوانی سەرپەرشتی کردنی بۆردومان کردنی بالیۆزخانەی ئەمەریکا لە گرینلاندی بەغدا بە هەشت مووشەکی پێشکەوتوو، دۆخی بەغدا لە لێواری تەقینەوە دایە، کە لە ٢٠٠٦ بەولاوە هیچ کاتێک ئاسایی نەبووە. ئەمجارە بەهۆی نزیک کەوتنەوە لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکیەوە، هەرەها بەهۆی باڵادەستی ملیشیاکان و لاوازی حکوومەت و هۆشداری و هەڕەشەکانی سەدر، کە خۆی بەخاوەنی شەقامی عێراق دەزانێ، دۆخەکە نائاساییتر دێتە بەرچاو یا خۆی دەنوێنێ.

حکوومەتێک جورئەت نەکات، کارەکە بە کاری تیرۆریستی ناو ببات، لەبری ئەوە دەستەواژەی لە یاسا دەرچووان بەکار بهێنێ، کە بە کوردەواری ئەشقیای پێ دەگوترێ، ئەوە روونادات، کە چاوەڕوان دەکرێ، بڕیاری پێکدادان یا روبەڕووبونەوە نییە و نەدراوە، یا هیچ لایەک نە حکوومەت نە ملیشیاکان نایانەوێ شەڕی مەیدانی یەکدی بکەن. بە مەزەندە و لەبەرچاوگرتنی پانی و درێژی دۆخەکە، ئەوەی هەیە زیاتر لە "هۆسەی شیعان" دەچێ، کە دواجار لەبەر یەک هۆی سادە بە قازانجی ملیشیاکان تەواو دەبێ.

ئاخر، هەموو ئەوانەی لە بەغدا چەکیان بەدەستە بە حکوومەت و ملیشیاوە، وەک دەڵێن" مێرووی یەک کونن" یەک فەرمان جێبەجێ دەکەن، لە یەک کۆڵیش دەخۆنەوە. واتە وەکو جاری پێشوو بەپاساوی پاراستنی دۆخەکە و سەرەوژێر نەبوونی یەکجارەکی لە سیناریۆیەکدا دەستگیرکراوەکە وەک پاڵەوان دەهێنرێتە دەرەوە، نەخاسمە ناوبژیوانیش بۆ دارهێنان بە بارە نائاساییەکە دەست بەکارە. 

ئەوەش هەیە: 

ئەگەر حکوومەت لە جێبەجێ کردنی هەڕەشەی ماوە دیاریکراوەکەی عەسائیب دایناوە خاوی یا بێ بەڵێنی بکات، رەنگە بۆ گوشار هێزی راو و رووت دەست بۆ تاڵانکردنی چەند فەرمانگەیەکی لاچەپ ببەن. لەم سیناریۆیەشدا، ئەگەر حکوومەت بچێتە ژێرباری هەڕەشەکە، هەیبەتی زیاتر دادەبەزێ، ملیشیاکانیش دەست کراوەتر دەبن. واتە لەمە بەدوا کەس ناتوانێ باس لە پاک کردنەوەی عێراق لە ملیشیاکان بکات، تا لە دەرفەتێکی دیکەدا بەناوێک و بە فەتوایەک هەر گرووپێکیان لە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت جێ دەگرن. ئەگەر ئەوە ئامانج نییە، دەبوو دوای راگەیاندی سەرکەوتن بەسەر داعش، ئەو هێزە چەکدارەش بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بدرا بایێ، چونکە بەپاساوی پاراستنی عێراق لە داعش بە فەتوای باڵا دامەزراوە. 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار