١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ناشیرینەکانی خۆیان بە باڵای حکوومەت هەڵدەواسن

سەرچاوە: KDP.info

كەریم قادر

نووسینی شەڕئامێز لەگەڵ ئازادی رادەربڕین یا رەخنە دوو شتی لێکجودان، لەیەک خانەدا بەراورد ناپێورێن. نووسینی جدی (راپۆرت، هەڵسەنگاندن، شیکردنەوە، لێکۆڵینەوە) کارێکی سەختە، بەڵام لای هەندێ نووسەری پڕکراو یا فوودراو بووەتە کارگەلێکی منداڵانە( خەتخەتۆکێ)، بەوەی پڕی دەکا لە درۆ و چەواشەکاری، یا لەسەر ئەو مانایەی" بووکێ لەگەڵ تۆمە خەسوو گوێت لێ بێت"رقەکانی لە بەرامبەر هەڵدەڕێژێ. لەم راستەوە، کابینەی نۆیەم بە بەرنامەیەکی تەسەل و هەنگاوی هێژا بەئاڕاستەی بە دامەزراوەکردنی دامەزراوەکان دەست بەکاربوو، کە جێی هومێدی راستەڕی کردنەوەی هەنگاوەکان بوو، بەڵام هەر لەسەرەتاوە لەناوخۆ دژایەتی کردنی دەستی پێکرد، بەتایبەتی لەلایەن حزبە پێکهێنەرانی کابینەکەوە، لەئەنجامی باڵباڵێنی ناو سەرکردایەتیان، ئاستەنگی گەورە لەبەردەم پرۆسەی چاکسازی هەڵچنرا، خۆ ئەگەر دەست کراوەیی سەرۆکی حکوومەت لەناو حزبەکەیدا( پارتی دیموکراتی کوردستان) و پێداگیرییەکانی نەبا، رەنگە تا ئێستاش یاسای ژمارە ٢ی چاکسازی رووناکی نەدیبا و بە دەردی چارەنووسی دەستووریان ببردبا، "تۆزی غەریبی بیدابوا لە رەنگی."

وێڕای ئەو راستییە درەوشاوەیە، بەڵام هەندێ لەو نووسەرە فوودراوانە، کە لەسەر دوو حزبەکەی دی ( یەکێتی و گۆڕان) هەژمار دەکرێن، زاخاوی شەڕی باڵباڵێنی ناوخۆیان بە کابینەی نۆیەم دەڕێژن، هەرچی ناڕێکی و خراپەکاری هەیە هەمووی دەخەنە ئەستۆی سەرۆکی کابینە، کاتێک دەنووسن"ئێستا خاوەنی کابینەی ٩، بۆ راکردن لە قەیرانەکان، وەکو هەمو هێزێکی نا گەلی و نا نیشتمانی، سەرقاڵی هەڵایسانی شەڕی بە وەکالەتی کورد و کوردە." کە پێچەوانەکەی راستە، چونکە سەرۆکی حکوومەت لەسەر رزگارکردنی دەروازە سنوورییەکان لە دەستی مافیاکان و رێگرتن لە دەستوەردانی حزب لەکارەکانی حکوومەت مکوڕە. بەڵام پێویستە ئەو نووسەرە فوودراوانە وەڵامی ئەو پرسیارەش بدەنەوە. ئایا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی سنووری ئیداری خۆی شەڕی هیچ لایەنێکی کوردی کردووە یا ئەوە لایەنی دیکەن بۆ دروستکردنی ئاستەنگ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت لەبەر بەرپاکردنی شەڕی کورد بە کورد و سووتاندنی دامودەزگاکان و تێکدانی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتین؟ 

نووسەرە راستگۆکان، کە بەکامی دڵ نازناویان بۆ داتەشان، ناڵێن حکوومەت کامل موکەمەل و بێ کەموکوڕییە، نەخاسمە هێشتا تۆزی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بەسەر زۆر لە دەزگاکانی ماوە، بەڵام بەشایەدی بەشداران لەم کابینەیە بڕی ئازادی کار بەئاڕاستەی بەرژەوەندی گشتی بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی و بنبڕکردنی گەندەڵی هێندە زۆرە، بەپێچەوانەی فیشاڵی ئەو نووسەرە فوودراوانە، کە دەنووسن" مەرکەزیەتی حوکمەت و سروشتی پۆلیسیانەی کابینەی ٩، لە هەمو کابینەکانی تر زیاتر و بەرچاوترە." خۆ کەس دەستی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیان نەگرتوون، کە بڕیاردەر و جێبەجێکاری بەرنامەی حکوومەتن. ئەگەر ویستوویانە چاکسازی بکەن، بەڵام رێیان لێگیراوە، بۆ نایەن باسی بکەن؟ بەدیوێکی دیکە بۆ بەرگری لەخۆیان ناکەن و وەڵامی ئەو نووسەرانە نادەنەوە، کە لەپەنای باڵباڵێنەوە شەڕ بە کابینەکەیان دەفرۆشن؟ 

لەم سۆنگەوە پەرۆشی و خەمخۆری نییە، بەلکو پۆپۆلیستیانەیە ناشرین و رقەکانی ناو حزبەکەتان بە باڵای حکوومەتێکەوە هەڵواسن، کە تێیدا هاوبەشن تەنها بۆ ئەوەی پارتی پێ ناشرین بکەن، کاتێک دەنووسن" هەر چاودێرێک کەمێ بە وردی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێم بڕوانێ، ئاسان پەی بەو راستی‌یە ئەبا کە، لەم کابینەیە و کابینەکانی تریشا، هەر سەرۆکە بەرزانی‌یەکانی حوکمەت بڕیار بە دەس بون."هەر لەبەرئەوەی لەلایەن خەڵکەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان متمانەی ژمارە یەکی پێدراوە.  

 

هەواڵی پەیوەندیدار