بۆ هەولێر تێکی نادات...!!

غازی حەسەن
هەولێر پتر لەهەموو شارێک غەدری لێ دەکرێت، کاتێک تاوانباری دەکەن بۆ خەڵکەکەی خۆپیشاندان ناکەن. لە دەساڵی ڕابردوودا ئەو لایەن و گروپ و کەسانەی هانی خۆپیشاندان و سوتاندن و ئاژاوە و بڵاوکردنەوەی ڕقوکینە دەدەن، هەولێر بەوە تاوانبار دەکەن، کە دژی دەسەڵات (بەدیاریی کراویی پارتی دیموکراتی کوردستان و خانەوادەی بارزانی) ناجووڵێت.! بە کوردییەکەی بۆ هەولێر تێکی نادات. ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن، یان ئەوەتا تەنیا پارتی لە کوردستان بە دەسەڵاتدار و حزبی حوکمڕان دەزانن، یان ئەوەتا بەڕاستی و بەکردەوە خۆیان خەڵک ئاراستە دەکەن، بەئامانجی ئاژاوە و چەواشەکاریی و خۆ دەربازکردن لەبەرپرسیاریەتی.
هەولێر قوربانی زۆری داوە، بۆ ئازادی، بۆیە ئامادەش نییە ئەو کیان و دەسەڵات و حوکمڕانییەی کە خەڵک دروستی کردووە، لەداخی حزبەکان بەرەو هەڵدێر ببات، لەسەر سینییەکی زێڕین، ڕادەستی هیچ هێزێکی بیانی و دەوڵەت و بەغداشی بکات. هەولێر شارێکە تەنیا و تەنیا لەژێر دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی هێزی کوردیی دایە، ئەم بیرکردنەوە و حوکمڕانییە و پەیوەندییە پتەوە خۆماڵییە کوردییە، پەیوەستە بەڕەسانەیەتی. بۆیە دەکرێت بڵێن هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت هەولێر وەکو ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان بکات، پێ ناچێت باش دیراسەی دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هەولێریان کردبێت. لەتەک ئەوەشدا هەولێر ئەزموونێکی خراپی لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) هەیە، شارێکی میانڕەوە مەیلی بەرەو توندڕەویی کۆمۆنیستی و ئیسلامی و نەتەوەیی و سۆسیال دیموکراتی نییە.
پێویستە بڵێم هەولێر لەهەموو شارەکانی دیکە پتر دژی گەندەڵکارییە، کار بۆ چەسپاندنی یاسا و گەشەکردن و پێشکەوتن دەکات لەڕووی (ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، بیناکردن، سیاسی، دیپلۆماسی و ڕۆشنبیری و پێکەوەژیان)، هەولێر باش دەزانێت چاکسازیی بەخۆپیشاندان ناکرێت، ئەوانەی هانی خۆپیشاندان دەدەن، دەیانەوێت خۆیان لەچاکسازی هەقیقی بدزنەوە، ئەو لایەن و گروپ و ئەندام پەرلەمانتارانەی هانی خۆپیشاندان و توندوتیژی و ئاژاوە دەدەن، بەکردەوە دەیانەوێت خۆپیشاندان ببرێتە هەولێریش، ڕەگێکی توندییان بە گەندەڵییەوە هەیە، هەندێکیشیان ئامانجیان تێکدانی سەرتاپای دەسەڵات و هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستانە. بۆیە هاوسەنگ و هاوکار و هەماهەنگ لەگەڵ ئەو لایەنە شیعی و عەرەبی و هەرێمایەتیانەی بەکردەوە دژایەتی هەرێمی کوردستان، یان هاوکارن، یان بەناڕاستەوخۆیی یەک ئامانج بەدی دەهێنن.
هەولێر پتر لەشارەکانی دیکە باج دەداتە حکوومەت، موچەخۆرەکانی وەکو شارەکانی دیکە موچەیان بڕاوە، ئازاری هەولێرییەکان ئەگەر لە هاووڵاتیانی شارەکانی دیکەش پتر نەبێت، کەمتر نییە. لەشەڕی تێکشکاندنی داعش سەدان شەهیدیان دا، لە (داستانی پردێ) هاوسەنگی هێز و ستراتیژی پیلانە شومەکانی (کوردی- حەشد- ئێرانیان) تێکشکاند.
هەر حزبێک لە کوردستاندا بەپێی ژمارە و قەبارەی خۆی بەشدارە لەگەندەڵکاریی و دامەزراندنی کەسانی ناشایستە وەکو وەزیر و بەرپرسی ئیداریی و پەرلەمانتار و ڕاوێژکار و چی و چی. بەدەیانیشیان تەقاویتن لەسەر حیسابی یاسا، توخوا پێم مەڵێن ئێمە تێکۆشەری شاخین و پێشمەرگە بووین، چونکە ئەمە شەرعیەت دانە بە گەندەڵکاریی و کاری نایاسایی، ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی خەڵک ناڕازیی بێت.
با بگەڕێینەوە سەر مەسەلە سەرەکییەکە بۆ هەولێر لەنێو گێژاوی خۆپیشاندان و هاندان و بانگەشە و ڕاگەیاندن و جموجۆڵ، تاکو دەگاتە ئاستی ئیهانە و جوێندان بە هەولێرەییەکان وەسفکردنیان وەکو (ترسنۆک، خەوتوو، پیاویان تێدا نییە.. چی چی). من دەزانم لە شاخیشدا جۆرێک لەم بۆچوون و عەقڵیەتە لای هەندێک هەبوو.
نامەوێت باسی ڕۆڵی بەعس لە دروستکردنی شارچیەتی و ناوچەگەریی و جیاوازیی و سوکایەتیی بکەم، لە دوای ڕاپەڕین ئەم سیاسەتە زۆر بە خراپ لە لایەن حزبی کوردییەوە بەکاردەهێنرێت. بۆ هەولێر خۆپیشاندان ناکات، بەڕای من چەند هۆکارێک هەیە، لەوانە:
یەکەم: هەولێر چەند ساڵێکی خراپی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی لەسەرەتای ڕاپەڕین تاکو ٣١ ئاب ئەزموناند، ڕاستاندنی ئەم واقیعە وەکو هاوڕێیەکی سلێمانیم گوتی "شیراتۆن" باشترین نموونەیە. واتە هەولێر نایەوێت جارێکی دیکە ببێتەوە قوربانی حزبایەتییەکی ناتەندروست و دوور لەئارامی، کە پشت ئەستورە بە عەقڵیەت و شێوازی شاخ و پارتیزانی.
دووەم: هەولێر لە سایەی حوکمڕانی حکومەتی هەرێم و هەروەها لەدوای ٣١ ئابدا لە سایەی دەسەڵات و حوکمڕانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندێکی لەبیرکراوی کاولکراو، بووە شارێکی گەشەکردووی ڕازاوە، ئەمە بۆ هەولێر هەمیشە وەکو هەنگاوێکی ئەرێنی و متمانەدار وایە. ئەزمونی تاقیکراوە، تاقی ناکاتەوە.
سێیەم: هەولێر پایتەختە هێندەی شاری هەولێرییەکانە، بەقەد ئەوەش شاری ئارامی هەموو هاووڵاتیانی شار و بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە. پایتەخت لەگەڵ هەر فیکە و نوقرچە و زەختەیەک ناجووڵێت. پێگەی مەدەنی شار جیایە لەپێکهاتەی حزباندنی شار.
چوارەم: هەولێر شارێکە بەدەیان قونسلخانەی وڵاتە زلهێزەکانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەن بڕیاری تێدایە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە سەنتەری حوکمڕانی لەم شارەدا پێویستی بە پاراستنی ئاسایش و ئارامی و پەنا بردنە بەر عەقڵ و ویژدان دەبێت.
پێنجەم: هەولێر بە سروشت شارێکی ئارامە، کەم هەڵدەچێت و کەم بانگەشەی پێشەنگایەتی دەکات، حەز لە بیری ڕادیکالی و توندڕەویی ناکات، ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی هەولێر لەڕووی دەروونییەوە لە شێواز و هەڵسوکەوت و ڕێبازی بیرکردنەوەی پارتی نزیکتر بێت.
شەشەم: هەولێر شاری پێکهاتە جیاوازەکانە، ئەم پێکەوەژیان و ڕێزگرتنەی لەم شارەدا هەیە، هۆکارێکە بۆ ئەوەی بە کۆمەڵ بیربکاتەوە و بە کۆمەڵ بڕیار بدات، دیارە عەقڵی بە کۆمەڵیش کەمتر توڕە و هەڵچوو دەبێت، لە کاتێکدا عەقڵی تاکڕەویی بەیەک ئاراستەدا دەچێت و لە هەڵچوون و کاردانەوەدا خێراترە.
حەوتەم: هەولێر ناوەندی کار و بازاڕ و گەشەکردنە، لە هەر شوێنێک ئەم بنەما ئابووریانە هەبێت، ئارامی و ئاسایش و هێمنیش پتر دەبێت.
هەشتەم: لە هەموو خاڵێک گرنگتر ئەوەیە، من هیچ هەولێرییەکم نەبینوە سەد لەسەد لە دەسەڵات و ئیدارە و شێوازی بیرکردنەوەی سیاسی هیچ لایەنێک بە (پارتی)یشەوە ڕازی بێت، ڕەخنەش دەگرێت و ناڕازیشە، بەڵام توڕە و هەڵچوو نییە، بەپێی گۆڕانی کەشوهەوا، لەسەر داوا و فشاری هیچ لایەنێکی بیانی سنوورە سروشتییەکان نابەزێنێت. بە جۆرێکی دیکە دەتوانم بڵێم هەولێر وابەستەی فکری حزبایەتی نییە.
نۆیەم: ئاماژە بە خاڵێک دەکەم، ڕەنگە گشتگیر بێت، ئەویش پەیوەندی بە پێگە و دەسەڵاتی حزبەکانەوە هەیە. لە هەولێردا حکوومەت فەرمانڕەوایە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەیە، لە حزبەکانیشدا (پارتی دیموکراتی کوردستان) زۆرینەی دەسەڵات و بڕیاری بەدەستەوەیە. ئەمە پێچەوانەی ناوچە (گڕگرتووەکان)ی پارێزگای سلێمانی، کە بۆتە قوربانی حزبایەتی خراپ، پێم وایە یەکێتی بەرپرسیاریەتی یەکەمی لە ئەستۆیە و ئینجا گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان.
سەرباری ئەوەش نابێت ئەوە بشارینەوە لە هەر زۆنێک کە حوکمڕانی تێدا ناوەندی نەبێت، ئەو فرە حزبییەی هەیەتی دەگۆڕێت بۆ فرە دەسەڵاتیی و گروپ و کانتۆن، گروپەکانیش کار بۆ دروستکردنی پێگە و بەرژەوەندی و دابەشکردنی دەستکەوت و دەسەڵاتەکان دەکەن. ئەمە لەنێو خۆپیشاندانەکانی سلێمانی بەزەقی دیارە. لە پەکەکەی نامۆ بە حکومڕانی هەرێمی کوردستان بگرە، تا گوتاری جیاوازیی لایەنەکان. پێچەوانەی ئەوەش حوکمڕانی پارتی وایکردووە، ئەم دابەشبوون و کانتۆن و حزب حزبانێ و گروپ و گروپ کارییە دروست نەبێت. واتە هەولێر بەیەک ئاراستەدا دەڕوات و بیر دەکاتەوە و خۆی تووشی ئاژاوەی فکری و سیاسی نەکردووە.
بەگشتی هەولێر، باش باش دەزانێت گەندەڵی نادادپەروەریی و کێشەی ئیداریی یەکجار زۆر هەیە، بەدەیان کەس لە شوێنی هەولێرییەکان پێگە و دەسەڵات و پۆستی ئیداریان پێدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەبۆتە هۆکار بۆ ئەوەی ڕق و بوغزاندن و دەستەبەندی دروست بێت. ئەمڕۆ هەولێر لە هەموو کاتێک بەئاگاترە، بەجدی پاڵپشتی چاکسازیی و دادپەروەریی دەکات. لە هەمان کاتدا باش باش دەزانێت پیلانێکی مەترسیدار لەڕێگەی (بڕینی موچە لە بەغدا، بە ئاشکرا خیانەت و دەستێوەردانی هەرێمایەتی و چەکدار سەپاندنی هەندێک گروپی کوردی و حزبە شیعییەکان و ڕەنگە مەیلدارییەکی شاراوەی هەندێک بیانیش) لە گۆڕێیە، هەولێر باش دەزانێت لە ڕێگەی ئەم جۆرە خۆپیشاندانە مافی هاووڵاتیان بەدەست نایەت، (خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاژاوە و توندوتیژی) لێکجاوازن، لە هەمان گاڤدا هەموو کیان و دەسەڵات و ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون لە ئەنجامی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی دۆخەکە لەناو دەچن.
هەولێر، یەک کات ڕادەپەڕێت، کە هیچ دەرفەتێک لە بەردەمئ دادپەروەریی و نیشتیمانپەروەریی و ئازادی نەمێنێت.
لەدیماهیدا دەلێم، ئەو لایەن و گروپانەی لە دژی پارتی دژایەتی هەولێر دەکەن، وایانکردووە هەولێر و پارتی پتر و پتر هاوکاری یەکتر بن، ئەگەر هەولێر دژی گەندەڵی و نایەکسانیش بێت، بەڵام بڕوا ناکەم لە بەر شێوازی دیماگۆگی و ناوچەگەریی و شێوازی تێڕوانی ئەو گروپانە بۆ سیاسیەت و دواڕۆژی هەرێمی کوردستان بتوانن متمانەی هەولێر بەدەست بهێنن. دوژمنەکانی پارتی ڕۆژ بەڕۆژ هەولێر دەکەنە سەنگەرێکی بەهێزتری پارتی دیموکراتی کوردستان.




