ئاینده‌یه‌كی مه‌ترسیدار، له په‌لكانه: احنا البدو وین العدو، له‌سلێمانی: سووتاندن و وێرانكردن، له‌په‌ر‌له‌مان: چه‌قه‌نه‌و ته‌پڵ لێدان

د.محمد خدر مولود
ناونیشانی ئه‌م وتاره ،هه‌ر له‌په‌رله‌مانه‌وه تا سلێمانی وگوندی په‌لكانه‌ی سه‌رگه‌ڕان زنجیره دیمه‌نی دراماتیكی تراژیدی ناخ هه‌ژێنن وا یه‌ك له‌دوایی یه‌ك دێن و پشێوی و نائارامی مه‌ترسیدار بۆ كۆمه‌ڵگای كوردستانی به‌دوایی خۆیان به‌جێ دێڵن.
كه سه‌یری ئه‌م سێ كاره‌ساته هه‌نووكه‌ییه ده‌كه‌ین، هه‌موویان خۆكرده‌ن، گه‌ر له‌م ئان وساته‌دا به دیار و نادیارییه‌وه ده‌ستی ده‌ره‌كیی به‌هێزیشیان له پشت بێت بۆ مه‌رامی سیاسیی و هێنانه‌دی و دروستكردنی مۆدێلێكی تازه‌ی كارتی فشار‌و هه‌ژموونه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه، به‌تایبه‌تیش له شاری سلێمانیه‌وه زه‌مینه‌ی بۆ گونجاوه، له خۆرسكبوونی خۆپێشاندان ده‌رچووه‌و ئاماده‌سازی پێشوه‌خته‌ی بۆ كراوه و خه‌ریكه وه‌ك مۆدێلی تازه‌ی ململانێی سیاسیی ناوخۆ و ده‌ره‌كی پێگه‌ی ئه‌م شاره گرنگه‌ی كوردستان (له‌هه‌ڵمه‌ت و قوربانی)یه‌وه بگۆڕێ بۆشاری (سووتاندن و وێرانه‌یی) و (شه‌ڕكردن به سلێمانی) بۆ مه‌رامی سیاسیی ناوخۆ و ناوچه‌یی و هه‌رێمایه‌تی.
له‌كاتێكدا واده‌خوازێ پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چیتر ئه‌م شاره (سلێمانی) نه‌بێته ئامراز و قوربانی.
ئێستا رۆژگار، رۆژگاره ته‌نگه‌تاوه‌كه‌یه ناكرێ پارت و لایه‌نه سییاسییه‌كانی كوردستان پشتیوانی زیاتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ن، كه خۆیان پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی حكومه‌تن چ له ده‌زگایه‌كانی نێوده‌وڵه‌تدا بن یا له په‌رله‌ماندا. هه‌روا ده‌بێ باوه‌ڕی ڕه‌هاشیان به‌وه هه‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له سلێمانی ده‌گوزه‌رێ پشێوی و ئاژاوه‌ی سیاسییه، تێكدان و وێرانكردنه، مه‌به‌ست لێی بچوككردنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه، به هه‌نجه‌ت و پاساوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ژیان و بژێوی هاووڵاتیان و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه رێكخراوه و پیاده‌ده‌كرێ.
ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش به‌سه‌ر چوو، هاووڵاتی چه‌نده باری گوزه‌رانی خراپ بێ، وه‌لێ هوشیاره‌و تێده‌گا چ ده‌ستێ له پشته‌وه یاری به‌و كارتانه و داواكارییه ڕه‌وایه‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه ده‌كات.
كه سه‌یری رۆژه‌ڤی رووداوه‌كان ده‌كه‌ین، هاوكات له‌گه‌ڵ نا ئارامی و پشێوی و سووتان و كوشت و بڕینه‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی، عه‌ره‌بی به‌دو له كه‌ركووكه‌وه هه‌نگاو به هه‌نگاو دێته پێش و وا جارێكی تر په‌لكانه ته‌عریب ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وی و زاری كشتوكالی ناوچه‌كه داده‌گرن و داگیری ده‌كه‌نه‌وه.
په‌لكانه سه‌ربه ناحیه‌ی سه‌ڕگه‌رانه و چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له سه‌ره‌وه‌ی هه‌ولێره له سنوور و ئاقاری ده‌شتی مه‌خموور و قه‌راج چه‌ند سه‌ده‌جۆتێك هێروه‌تره.
په‌لكانه ناونیشانێكی دێرینی ته‌عریبی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو و سه‌رده‌می به‌عس و دوای شه‌ڕی داعش و كاره‌ساتی دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ره.
هه‌رله‌و ناوچه‌یه بوو، دوێنێ دوێنێی نزیك ساڵی 1963 عه‌ره‌بی به‌دووی ئه‌و ناوچانه‌ی خواروو و ئه‌ودیوی دبس بوون به پشتیوانی (حه‌ره‌س قه‌ومی) هاتنه پێش و دروشم و هوتافیان لێده‌داو به‌ڕاوه‌شاندنی عه‌قاڵ و تفه‌نگی ده‌ستیان به هاتوهاوار و هه‌ڵهۆڵه ده‌یانگوت:
(احنا البدو، وین العدو)، وا ئێستاش نه‌وه‌ی ئه‌وان به پشتیوانی (حه‌شدی شه‌عبی) و قۆستنه‌وه‌ی ئه‌و باره نائاسایی و نایاساییه‌ی پارێزگای كه‌ركووك تێیكه‌وتووه هه‌مان هه‌ڵهۆڵه‌ی جارانیانه، له‌كاتێكدا چه‌ند رۆژێك به‌ر له ئه‌مرۆ راكان جبووری پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت و پێكهاته‌ی كۆمه‌لگای كه‌ركووك به حزب و لایه‌نی ناو شاره‌وه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان چووبوونه به‌غدا و لای به‌رێز سه‌رۆك كۆماری عێراق بوون..!!
رۆژه‌ڤه‌كانی ئه‌م حه‌فته‌یه له‌رۆژی 2-12-2020 وه تا 10-12-2020 زۆر سه‌یر و پڕ له دیمه‌نی ناخ هه‌ژێنن، وا گوزه‌ر ده‌كه‌ن به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ئاراسته‌یان گرتووه.
هه‌ر له چه‌قه‌نه و ته‌پڵ لێدانی نێو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه تا كوشتن و خوێنرشتنی گه‌نج و كادیری پارت و حكومه‌ت و سوتاندنی باره‌گا و دیكۆمێنتی ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و تاڵان و بڕۆوه تا پێشاندانی روخساری جوانی سلێمانی به ناشیرینی و به‌جواب هاتن و خه‌مبار بوون و دڵگرانی نوێنه‌ری رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (یۆنامی) له‌و دیارده‌یه‌ی سووتاندن و وێرانكردنه‌ی خه‌ریكه ده‌بێته كلتوور و مۆده‌ی تازه‌ی سیاسیی.
ئه‌وه چ دیمه‌نێكه ئه‌و كورده خۆشی له‌خۆ نه‌دیتووه وا بۆته به‌دبه‌ختی ده‌ستی ئه‌و و ئه‌و..؟ ئه‌وه چ پیلان و نه‌خشه‌یێكه مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و مێرگه ئارامه به‌پیته بۆ نێو زۆنگاوی عێراق بباته‌وه.
پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش، له دڵمانگران بێت و گران نه‌بێ وا هه‌موو دونیا ئێمه‌ی بینی له په‌رله‌مان له جیاتی بریاردان له‌سه‌ر (ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان) چه‌قه‌نه‌مان لێدا، ده‌ستور، ئه‌و بابه‌ته هه‌رە گرنگ و هه‌ستیار و پێویسته‌ی چه‌ندین ساڵه خه‌ونی له‌مێژینه‌یه و وا سێ خووله له په‌رله‌مانه، دوای گفتوگۆی چه‌ندین جاره‌و بڵاوكردنه‌وی له میدیاكان و سازدانی چه‌ندین كۆڕ و سمیناری جه‌ماوه‌ری و ده‌سته‌بژێری كۆمه‌لگا كه‌چی له‌سه‌ر ره‌فه‌كانی په‌رله‌مان تۆزی له بیر چوونه‌وه‌ی له‌سه‌ر نیشتووه‌و بۆ ته‌پڵ لێده‌رانیش ده‌چنه ناو چاوی زوومی كامیری میدیاكان.
له‌كاتێكدا په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی ئه‌و دووساڵه و شته‌ی ته‌مه‌نی دا له دووسێ بریار بترازێ هیچی تری به بڕیار نه‌كردووه، ئه‌ی ئه‌م چه‌قه‌نه لێدانه‌ت له‌چی..!! له‌كاتێكدا وا له به‌غدا په‌رله‌مانی ئه‌وێ به بڕیاری زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتارانی نه‌یار و دوژمن موچه و بودجه‌ت لێ ده‌بڕێ و زه‌لیل و سه‌فیلت ده‌كات سزای سیاسییت ده‌دا، ئێوه‌ش ته‌پڵ و چه‌قه‌نه لێده‌ده‌ن ..!!
پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش وا خه‌ریكه له سلێمانییه ناشیرین‌ترین وێنه‌ی كوردستان پێشانی جیهان ده‌ده‌ین. وا خه‌ریكه ته‌عریب وه‌ك جاری جاران له په‌لكانه‌وه كه چه‌ند سه‌ده جۆته‌ك له هه‌ولێره‌وه دووره به هه‌ڵهۆڵه و عه‌قال و تفه‌نگ ڕاوه‌شاندنه‌وه لێت دێته پێش به لچ و لێوی كه‌فكردووی ده‌ڵێ :
احنا البدو، وین العدو.
كوردستان و كوردستانیان، ئاگاتان لێیه ئه‌و حه‌فته‌یه لێره، له‌نێو ئه‌و مێرگه ئاوه‌دان و ره‌نگینه‌ی كه‌لای بیانییان، كوردستان و هه‌ولێر (عێراقی دیكه) بوو،
چ كاره‌ساتێ ده‌گوزه‌رێت..؟




