١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رێگەچارەی پاراستنی شکۆی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

کەریم قادر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندنی کوردستان و بیانی، دۆخی سیاسی و دارایی هەرێمی کوردستانی وەک هەیە، شیکردەوە، باسی لە دروستبوونی دوو بەرە "به‌ره‌ی پارێزه‌رانی كوردستان و به‌ره‌ی ناحه‌زانی قه‌واره‌ی‌ كوردستان " کرد. 

ئەگەر خەباتی خۆشەویستی و ئازادی نیشتمان بە بنەما وەربگرین، بەسەدەما هۆکارگەلێک، کە بۆ هەموو کوردستانییەک ئاشکران، تێدەگەین رێی کاروانی هەرێمی کوردستان پڕ ئاستەنگە، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەزموونەکانی بەری و سرووشتی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان، بڕینی ئەو رێیەش مەحاڵ نییە. ئەوەی مەبەستمە لە پەراوێزی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی بکەم، دۆخە دارییەکەیە، کە لەپەنایەوە خەڵکانێک هەوڵی گەیشتن بە مەرامی گڵاویان دەدەن، ئەویش تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. 

لۆ خۆم تا ئەندازەیەک بڕوام بە قسەگەلێکی میللی گەلەکەم هەیە، کە بە ئەزموون پێی گەیشتووە، یەکێک لەو قسانە ئەوەیە، کە دەگوترێ" رەنگ نییە بە عارەب بڵێی مەرحەبا، هەم دەخوا هەم دەبا"

ئەمە رێک لەسەر ئێستای بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەبێت، هەرچەندەکی هەرێمی کوردستان دەچیتە پێش، لەولاوە بیانوویەکی نوێت پێدەگرێ. واتە هەرێمی کوردستان لەلای خۆیەوە نەرمییەکی زۆری نواندووە، بەڵام ئەوە بەغدایە وەک بەشێک لە عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات. کەواتە جگە لەرێککەوتنێکی نابەرامبەر لەنێوان هەولێر و بەغدا( تەسلیمبوون)، کە بەرەی تێکدەر پێداگیری لەسەر دەکات، رێگەچارەی دیکەی شەرەفمەندانە لەبەردەم هەولێر هەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخە داراییەکە.

لەم سۆنگەوە بەئاراستەی پاراستنی شکۆی کوردستانیان لە بەرامبەر ئەو بەرە نەفرەتییەی، دەیەوێ لەپەنای دواکەوتنی مووچە، دەستی داگیرکار بەسەر هەرێمی کوردستان زاڵ بکاتەوە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە زۆرینەی خەڵکی لەگەڵ دایە، لە هەنگاوە چاکسازییەکانی بەردەوام بێت بۆ رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی تەواوی داهاتەکانی لە خەزێنەی حکوومەتدا، بۆئەوەی لەمە بەدوا مانگانە بە رێژەیەکی دیاریکراو لەو داهاتەی لەدەستی دایە، مووچە دابەش بکات. دیسان بە حوکمی هۆکارگەلێك لەوە بێ خەمین، مووچەخۆرانی راستەقینەی هەرێمی کوردستان لەپێناو پاراستنی شکۆی قەوارەکەیان بەجۆشی شۆڕشگێڕییەوە ئەم رێکارەی حکوومەت قبوڵ دەکەن، چونکە دەزانن و ئاگادارن چ لە پشت نیاز و مەبەستی تێکدەران دەگوزەرێ، واتە لەبری ئەوەی لەلایەن تێکدەران، خەڵک لەدژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێ، خەڵک دەبنە هێزێکی پاڵپشتی کاریگەر لە حکوومەت بۆ گوشار دروستکردن لەسەر بەغدا، بەمەش بەغدا ناچار دەبێت لە هەرێمی کوردستان بێتە پێشەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار