پەستبوونی کورد

كەریم قادر
وەک راستییەک، میللەتێک بەرگەی سیاسەتی تەعریب و جینۆساید و بەسوتماک کردنی خاکی گرتبێت، زۆر بەئاسانیش بەرگەی سیاسەتی بە برسی کردن دەگرێت، بۆیە دەست بردن بۆ بودجە و رزقی خەڵکی کوردستان، هۆسە و گەڕەلاوژێی عەرەبی عێراق نییە، کە پێی دەناسرێنەوە، بەڵکو بەواتای جاردانی شەڕ دێت. ئەگەر عەرەبی عێراق بەزوویی چارەیەک بۆ ئەم پەستبوونەی کورد نەدۆزێتەوە، کەس ناتوانی گەرەنتی ئەوە بدات، کە لەئاستی جەماوەری کاردانەوەی نەخوازراوی لێ ناکەوێتەوە.
وەک ئەوەی سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا، وێرای ئەوەی نیگەرانی خۆی بەرامبەر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەربڕی، ئەوەش بە هەموو کوردستانییەک رادەگەیەنێ، کە "بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە."
هەر پەیوەست بە شێوازی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان، لەم نزیکانە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ تاوتوێکردن و لێکەوتەکانی ئەم پرسە کۆدەبنەوە، بۆ وەرگرتنی بڕیارێکی هاوبەش بۆ پاراستنی كەرامەتی میللەتەكەمان و دانانی سنوورێك بۆ ئەو ڕەفتارانە، كە مەبەست لێی سزادانی گەلی كوردستانە.
ئەمجارە پەستبوونی کورد بە شێوەیەکە، سیاسەتمەدار و خەڵکی کوردستان لە سۆشیال میدیا داوا لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن: "یا پابەندی تەواوی رێککەوتنەکان بن یا لەبەغدا پاشەکشێ بکەن و چیتر بەشێک مەبن لە ماشێنی دەسەلات لە عێراقدا."
هەنگاو و بڕیاری ئازایانە بۆ کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی هەرێمی کوردستان لێدەگەڕێین، کە بێگومان پەستبوونی زۆرینەی کورد و کەرامەتی میللەتەکەیان لەبەرچاو دەگرن. بەڵام ئەگەر ئەوان( لایەنە سیاسییەکانی شیعە و سونەی عێراق) متمانەیان بە گفتوگۆ و رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبایە یا رێزیان لە دەستوور بگرتبایە. هەرگیز لە عێراقی نوێدا، نەدەبوو رێگە بدەن جارێکی دی هێزی سەربازی لە دژی هەرێمی کوردستان بەکار بهێندرێت. ئەوانە هێزگەلێکی ئاڕاستەکراون و خۆیان لەسەرووی حکوومەت دەبینن، شەڕی رێک نەکەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، نایانەوێ لەپێناو سەقامگیری و پێکەوەژیان رێککەوتنی هاوشێوەی رێککەوتنی ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال لە ناوچەی دی دووبارە بێتەوە. کەواتە لەسایەی ئەو خۆ لەسەرووی حکوومەت بینینە، رێککەوتن لەگەڵ ئەوانە هیچ مانایەکی نابێ.
لەم راستییەوە، لە هەر هەنگاوێکدا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەموو رەنگەکانەوە پێویستە ئەوەیان لەبەرچاو بێت، کە ئامانجی ئەوان لەپشت داواکارییە لەبن نەهاتووەکانیان و سیاسەتی بەبرسی کردن، نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. بۆیە لەم دۆخەدا بڕیاری کشانەوە لە ماشێنی دەسەلات لە عێراقدا، کە حکوومەت لە فەرمانبەرێکی ملکەچ بە بڕیاری زۆرینە هیچی دی نییە، زیاتر بە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، نەخاسمە سەرپەرشتکار بۆ شەرعیەتدان بە بوونی خۆی لە عێراقدا لێناگەڕێ ئەوانە بێ شەڕ بن، کە کورد لەم نێوەندە نەبێت، شەڕی یەکدیان پێ دەکات، چونکە لەسایەی ئەم هۆسە و گەڕەلاوژێیەی هەیە، ناکرێ کەس چاوی لەوە بێت عێراق سەقامگیری بەخۆوە ببینێت.




