١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

یەک ھەڵوێستی پرۆژەیەکی نیشتیمانی

سەرچاوە: KDP.info

بڵند نەورەس

 

یەکڕیزی ئەو چەمکەیە کە لە مێژووی سیاسی کوردستانداو لە ھەموو قۆناغەکاندا باسی سەرەکی بووە، مێژووی سیاسیمان پڕە لە ریز تێکدان، ھەندێکی بۆ خەڵکی کوردستان کەمەر شکێن بوون. 

 

کەواتە کورد نەیتوانیوە یەکڕیزبێت، ھۆکارەکانی ھەرچییەک بێت و بۆ ھەر مەبەستێک بێت ئەمە دەرھاویشتەی دۆخی سیاسی کوردستانە و دەبێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە!

 

خەڵکی کوردستان داوای یەکڕیزی لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن، ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان سەرجەمییان داوای یەکڕیزی دەکەن، دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان بە گشتی باسی گرنگی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان دەکەن، عێراق و وڵاتانی دراوسێ ترسییان لە یەک ریزیمان ھەیە، وڵاتانی ناوچەکە و جیھان داوای یەکڕیزیمان لێ دەکەن، ھاوپەیمانەکانمان و دۆستەکانمان گرەوی مانەوەمانییان بەستۆتەوە بە یەکڕیزیمانەوە ... بەڵام ھێشتا ناتوانین یەکڕیزبین!

 

کە یەکڕیزی خواستێکی گشتی ناوخۆیی و دەرەکییە و ھەموو لایەک بە گرنگییەوە باسی لێوەدەکەن و بە مەرجی سەرکەوتنمانی دەزانن، ئەی بۆ یەکڕیزنین ... گرفتەکە لە کوێدایە...؟

 

ئەزموونی یەکڕیزی بۆیە سەرکەوتوو نەبووەو سەرکەوتوو نابێت، چونکە نەبەستراوەتەوە بە بەرژەوەندی ستراتیژیی دوورمەوداوە، ھەمیشە یەکڕیزی بۆ بەرژەوەندییەکی کاتی و لە قۆناغێکی دیاریکراودا کراوە، بە کۆتاییھاتنی قۆناغەکە یەکڕیزییەکەش ھەڵوەشاوەتەوە، بۆ وێنە قۆناغی بەرەی کوردستانی.

 

ئایا ناتوانین یەکھەڵوێستبین...؟

 

ئێمە ئێستا لە قۆناغێکی فەرمی دانپێدانراوی جیھانیداین، دامەزراوەی یاسایی و شەرعیمان ھەیە، سیستەمی سیاسیمان جێگیر بووە و قەوارەی ھەرێمی کوردستانی لە چوارچێوەی دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا چەسپاوە، گرفتی سەرەکیمان گرفتی ناتەبایی ناوخۆییە لەگەڵ چەندین گرفتی تری سیاسی و ئابووری کە چارەسەرییان بەستراوەتەوە بە یەکدەنگی و ھاوھەڵوێستی ناوخۆییمانەوە، ھەم بۆ ناوخۆ ھەم بەرامبەر بە عێراق.

 

بۆ ئێستامان پێویستیمان بە یەک ھەڵوێستی سیاسی کوردستانی ھەیە، بە جۆرێک کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەژێر سایەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا خواستەکانییان بکەن بە کردار، گفتوگۆی ستراتیژی بۆ ئەمڕۆ و ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکەن، وردوو درشتی کێشەکان تاوتۆی بکەن و رای راشکاوانەی خۆیان بە یەکتر بڵێن و دەست لەسەر برینەکانی یەکتردانێن و سارێژی زام و ناسۆرەکان بکەن و بە بەڵێننامەیەکی نیشتیمانییەوە مژدەی یەکھەڵوێستی بدەن بە خەڵکی کوردستان و پەیامێکی کوردستانیش بدە بە گوێی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا.

 

ئەم ھەنگاوە کاریگەری دەبێت لەسەر دەرونی خەڵک و جوڵاندنی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای کوردستان، ھەروەھا دەبێتە مایەی بەھێزبوونی زیاتری ھەرێمی کوردستان بە رووی دەرەوەدا.

 

لە یەکڕیزیدا لایەنە سیاسییەکان ملییان نەداوە بۆ یەکتری، چونکە بەرژەوەندی خۆیانییان لەو ملدانەدا نەبینیوەتەوە، بەڵام لە یەکھەڵوێستیدا دەبێت بەرژەوەندییەکان یەکبخرێت و رێککەوتن بکرێت لەسەر پەیمانێکی نیشتیمانی دیاریکراو بۆ ئەوەی ھەموو لایەنەکان سەرەڕای بەرژەوەندییە جیاوازەکانییان، خۆیان ببیننەوە لەو پەیمانە گشتگیرە نیشتیمانییەدا کە خۆیان بەشێک دەبن لە داڕشتنی.

 

یەک ھەڵوێستی دەرفەتی ململانێی سیاسی دەھێڵێتەوە بۆ پارتە سیاسییەکان، پابەندییەکان نیشتیمانی دەبن و لەسەر ئاستی بەرژەوەندی باڵای ھەرێمی کوردستان رێککەوتن دەکەن، ئەم مۆدێلەش رزگارمان دەکات لە تۆمەتبارکردنی یەکتری و پاساو ھێنانەوە بۆ کار و کردارەکانمان، بە پێچەوانەوە ھەموو لایەنەکان پابەند دەکات بە گرێبەستێکی نیشتیمانییەوە کە سودەکەی سودێکی گشتی دەبێت و ھەموو لایەک خۆی بە خاوەنی دەزانێت.

 

با یەک ھەڵوێستی بکەین بە پرۆژەیەکی نیشتیمانی کوردستانی و لە ژێر چاودێری بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا دەستبکرێت بەم دیدارە نیشتیمانییە، چونکە ھیچ رێگایەکمان لەبەردەمدا نییە یەک ھەڵوێستی نەبێت، لە کاتێکدا ھەموو خەڵک و لایەنەکان بە چارەسەری دەزانن، کەواتە لەسەر چی راوەستاون و بۆ دەستپێناکەن...؟

 

ئێمە دەبێت واز لە سروشتی مێرولە بھێنین کە یەکڕیزییە، کاتی ئەوەیە بچینە سەر سروشتی ھەنگ کە یەک ھەڵوێستییە.

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار