١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

تروسکایی ئومێد لە ناخی بێ ئومێدی دا

سەرچاوە: KDP.info

كەریم كاوە رایەتی

لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و دەرکەوتنی بزاوتە ناسیۆنالیستەکان و سەرهەڵدانی مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی، گەلی کورد وەک گشت نەتەوەکانی تر کەڵکەڵەی بنیادنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ چووە زیهنیەوە. لە کورستانی باشووری لکێندراو بە عێراق دا، کورد تۆزێک درەنگ وەخۆ کەوت. لە سایکس بیکۆ و لۆزان بێ بەش کرابوو لە دەوڵەت و لە سیڤەریش ئەو بەڵێنانەی پێی درابوون جێبەجێ نەکران، لێ بەشێکی کورد لە خەمی گێرانەوەی خەلافەتی عوسمانی دا بوو، بەشێکیتری  بە هەوای لینینیزم کاس ببوو، کەس بەلای ناسیۆنالیزم دا نەدەچوو. هەموو ئەوانە کەڵەکەبوون تا ئەو کاتەی کۆمەڵێک نەبەرد لە بەغدای پایتەختی غەدر، بە شێوەیەکی نهێنی و لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆ دا و بەر لە ٧٤ ساڵ پارتیان دامەزراند. پێش پارتی و دوای پارتیش حزبی تر هەبوون و لە داهاتووش دا دەبن، بەڵام پارتی جیاوازە لەوانی دی لە زۆر ڕووەوە، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر یەک خاڵی جیاوازی ئەویش (گەشەی بەردوام)ە. پارتی لە سەرەتادا بە ئاڵنگاری زۆر دا تێپەری، ئایدۆلۆژیا سنوورنەناسەکانی وەک ئیسلامگەرایی و کۆمونیزم فەزای تەربەویان داگیر کردبوو، زۆر قورس بوو لەو سەردەمە بڕەو بە هزری ناسیۆنالیستی بدرێ، بەڵام هەرچۆن بێت پارتی نوخبەیەک لە کاسی ڕۆناکبیر و سیاسەتوانی لە خۆی کۆ کردەوە و گەشەی دەست پێ کرد. ڕەنگە گەشەی پارتی لە سەرەتا دا خاو بووبێت، بەڵام بیرمان نەچێت یاسایەک هەیە لە زانستە سیاسیەکان، ئەو بزاوتەی قەبارەکەی زوو هەڵبچێت، بە زوویەش دەپوکێتەوە. پارتی کاری لەسەر چۆنایەتی دەکرد نەک چەندایەتی، قۆناغگەلی زۆری بڕین، هەر لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد بیگرە تا دەگاتە چوونی جەنابی بارزانی بۆ سۆڤیەت و دواتر گەڕانەوەی بۆ وڵات تا دەستپێکی شۆرشی مەزنی ئەیلول. قۆناغی دیبلۆماسی دەرەکی بڕی بوو کاتێک پارتی شۆرشی دەست پێکرد ئەمەش بووە هۆکار کە شۆرشی کورد بە سەرکردایەتی پارتی جیاواز بێت لە شۆرشەکانی تر. بە گشتی شۆرشە ئیدۆلۆژیەکان داخراوبوون بەسەر خۆیان دا، هەمیشە توندئاژۆ و پارانۆید بوون، داخراوبوون بەسەر خۆیان دا و دەرگای گفتوگۆیان ئاوەڵا نەبوو، ئەیلول جیاواز بوو. ڕۆژنامەوانانی بیانی بە ئاسانی دەیانتوانی سەرکردایەتی کورد ببینن و واقعی ئەوکات دۆکومێنت بکەن، ئەوە زیاتر دۆزەکەی بە دنیای دەرەوە ناساند و هاوسۆزی نێودەوڵەتیمان بۆ درووست بوو. دواتر قۆناغی مفاوەزات هاتە گۆڕێ، پارتی چونکە کادری خۆی لەسەر ڕقئاوەری و تۆڵەسەندن ڕانەهێنابوو، میزاجی گشتی حزب لەگەڵ ئاشتی بوو، تەنانەت ئەو سەربازە عێراقیانەی بە دیل دەگیران، دوای حەواندنەوەیان بەڕێ دەکرانەوە ناو کەسوکاریان. پارتی بە شێوەیەک کوردی نیشان دا، هەموو ڕاگەیاندنی حکومەتی مەرکەزی نەیدەتوانی ناشرینی بکا، بە چەشنێک کە مەرجەعی باڵای شیعە (حەکیم) شەری کورد حەرام کرد و داوای لە خەلکی خۆی کرد کەسیان چەک هەل نەگرن لە ڕیزەکانی سوپا بۆ شەڕی کورد. لە ئاشتیش دا پارتی دووبارە سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد و پەیماننامەی یازدەی ئازاری لێ بەرهەم هات و پارتی چووە قۆناغی ئیدارەدانی شار. چەند ساڵێک بەو جۆرە حزب مایەوە تا حکومەتی عێراقی فاشی بەردەوام بوو لە موماتەلە کردن و دواجار بە سەرپەرشتی هێنری کیسنجەر (وەزیری دەرەوەی ئەمریکا) و هاواری بومیدیان (سەرۆکی جەزائیر) عێراق و ئێران ڕێكکەوتننامەی شومی جەزائیریان مۆر کرد و نسکۆیان بەسەر کورد هێنا. لێرەدا پارتی دووبارە دەگەڕێتەوە قۆناغی شۆرش و شکست بە شکست دەهێنێت و شۆڕشی گوڵان دەست پێ دەکات. لەو هەموو هەڵبەزە و دابەزەیا دا، پارتی نەک نەکەوت بەڵکو هەمیشە لە گەشەی بەردەوام دا بووە. شۆرش بەردەوام دەبێت و بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی بەرەی کوردستانی درووست دەبێت، ڕاپەڕینی لێ شین بوو و پارتی جارێکیتر لە قۆناغی شۆرشەوە دێتەوە قۆناغی حوکمداری و ئیدارەی شار، مخابن شەڕی ناوخۆ ڕێگر بوو لەوەی بەو ئیمکانیەتە سنووردارەی ئەوسای کوردستان ئاوەدانیەکی ئەوتۆ بکرێت، لێ دوای بەدەستەوە گرتنی ئیدارەی هەولێر و دهۆک، بە چەند ساڵەکی کەم جێ پەنجەی پارتی جیاوازی لە ئیدارەدان دەرکەوت و پارتی کوردی تا کەناری خۆشگوزەرانی گەیاند. لە ماوەی ٧٤ ساڵ دا ئەو هەموو هەوراز و نشێوەی دیوە پارتی، کەچی ڕۆژ تا ڕۆژ متمانەی زیاتری خەڵک وەچنگ دەخات، بە پێچەوانەی هەندێک حزب کە لە هەورازەکاندا قەرەبالغی زۆریان بەدەوری دایە و لە نشێوەکان دا کەسیان بەبەرەوە نامێنێت و دەچنە ئەرشیفی مێژووەوە و قەبارەیان بووەتە پێنج یەکی پارتی. مەبەستم بوو زۆر بە پوختی چاوێک بە مێژووی پارتی دا بخشێنین و پیرۆزبایی ١٦ی ئاب هەر بە شێوەیەکی تەقلیدی بەڕێ نەکەین، کادر و جەماوەرمان دڵنیا بکەینەوە هاوکێشەکان و دۆخەکان هەرچۆن بن، حیکمەتی سەرکردایەتی پارتی زاڵترە و ئێستا هی پارتیە و ئایندەش هەر بۆ پارتی دەبێت. بەرز و پیرۆز بێت ئەو یادە مەزنەمان.

هەواڵی پەیوەندیدار