بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی

د. ڤیان سلێمان
شانزەی ئاب ڕۆژێکی جیاوازە لە مێژووی کوردستان، لەو ڕۆژەدا خۆری بەختی نەتەوەی کورد سەری لەکەل دەرهێنا و مژدەی دامەزراندنی پارتی ڕاگەیانرا، حەفتا و چوار ساڵ بەر لەمڕۆ لەلایەن باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد (بارزانی نەمر) پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، پارتی لەگەڵ دامەزراندنیدا چەندین وەرچەرخانی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد هێنایەکایەوە؛ تێکۆشانی گەلی کوردستانی یەکخست، تاکە پەرش و بڵاوەکانی نەتەوەی کوردی کۆکردەوە، پێکهاتە ئایینی و ئیتنییە جیاوازەکانی یەکخست و هەموانی لە ژێر شوناسی کوردستان و دروشمی کوردستان یان نەمان کۆکردەوە.
پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە ئامانجی گەورە و دوورمەودای بۆ کوردستان لەئەستۆگرت، ئەو ئامانجانە لەو پرەنسیبانەوە سەرچاوەیان دەگرت کە کاریزمای نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) بروای پێیان هەبووە لە ئازادیخوازی و دادپەروەری و فرەیی دوور لە ڕەگەزپەرستی و توندڕەوی ئایینی و ئایدۆلۆژی، بروای تەواو بەوەی؛ بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد دەبێت هیچ تایبەتمەندییەکی توندڕەوی و تۆڵەسەندنەوە و پەراوێزخستنی نەبێ؛ سەرباری ئەمەش پارتی بڕوای تەواوی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی ئافرەت هەبوو، ئەو بروایەش سەرچاوەی لە پرەنسیبەکانی ڕێبازی بارزانی وەرگرتبوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێشوتر دەبینین کە هەر لە سەرەتای سەدەی بیست لە ناوچەی بارزان کۆمەڵێک چاکسازی کۆمەڵایەتی ئەنجامدراون و لەگەڵ بەرپابوونی شۆرشی ئەیلولیش لە سنوری قەڵەمڕەوی شۆڕش چەندین بڕیار بە مەبەستی چاكسازی كۆمەڵایەتی و بەرجەستەكردنی مافەكانی ئافرەت دراون. پارتی تەحەدای سترەکتۆر و باوەڕی باوی کۆمەڵایەتی کرد و ئافرەتی هێنایە ڕیزەکانی تا ئاستی سەرکردایەتی و دواتریش دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بۆ لەخۆگرتنی خواست و داواکاری ئافرەتان.
بەو پێیەش دەتوانین بڵێین؛ پارتی یەکەم پارتی سیاسی بوو کە بە هەموو مانایەک نوێنەرایەتی سەرجەم کوردستانیان و ماف و خواست و داخوازییەکانیانی دەکرد. پارتی وەرچەرخانی لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورددا خولقاند و نوێنەرایەتی کوردستانی بە دەنگ و ڕەنگ و ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە کرد و جیاوازییەکانی ناوچەگەری و نەژادی و ڕەگەزی و ئایینی تێپەڕاند، لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک (مەسعود بارزانی) لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت " دامەزراندنی پارتی بۆ ڕێکخستن ویەکخستنی ھێز و تواناکانی گەلی کوردستان بوو لەسەر ڕێبازێکی نیشتیمانپەروەرانەی پێشکەوتنخواز، خەباتی پارتی کۆکەرەوەی ھەوڵ و تێکۆشانی ھەموو چین وتوێژەکانی گەلەکەمان بوو بۆ ڕزگاریی نیشتیمانی و نەتەوەیی. پارتی خاوەنی ئەو شانازییەیە کە دانەری بناغەی ڕێکخستنی خەباتی سەرتاسەریی نەتەوەیی کورد وگەلی کوردستانە".
پارتی وەک هێزێکی جەماوەری و سیاسی خاوەن پرۆژەی مەزن و حیزبێکی خاوەن بنەما و ئەزموونی دەوڵەتداری و خاوەن فیکر و ڕوانگە بۆ ئێستا و ئایندە، پارتی وەک پارتێکی نیشتمانی پارێزگاری لە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە کوردستان کردووەو بەرگریکاری مافی پێکهاتە جیاوازەکان بووە، هەر ئەمەش تایبەتمەندی پێشکەوتوخوازی و پلۆرال و مەدەنیبوونی بە پارتی داوە و پارتی جیاواز لە حیزبەکانی تر دەرخستووە، سەرباری کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکە کە توانای خۆنوێکردنەوە و بەردەوامی و گەیشتن بە گۆڕانکارییەکانی بەم حیزبە بەخشیوە.
لەمڕؤشدا کە کوردستان لەژێر چەندین جۆر فشاردایە و چەندین قەیران بەدەر لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بەرۆکی کوردستانی گرتووە، دەبینین هەموو لایەنەکانی تر خۆیان لە بەرپرسیاریەتی لادەدەن و هەندێکیان ئاستەنگیش دروست دەکەن، ڕووی داوایان لە پارتییە بۆ دەربازکردنی کوردستان لە قەیرانەکان، هاونیشتمانیانی کوردستانیش چاویان لە هەنگاوەکانی پارتییە و بەغدا و وڵاتانی ناوچە و جیهانیش لە هەڵوێستی پارتی دەڕوانن و چاوەڕێی ئەجیندای پارتی دەکەن و دەزانن؛ کە بەبێ پارتی هیچ دۆسیەیەک یەکلایی ناکرێتەوە و پارتی نوێنەری ڕاستەقینەی خواست و داواکاری کوردستانیان و تاکە بەرگریکاری قەوارەی هەرێمی کوردستانە، هەمیشەش ئاڕاستەی تیری ئەوانەی چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایە ڕووی لە پارتییە، پرۆژەی نەیارانی کورد دژ بە پارتی دادەڕێژرێت و جێبەجێ دەکرێت، لە هەموان زیاتر پارتی هێرش دەکرێتە سەری و ئەزیەت دەدرێ!. بەڵام پارتی خۆڕاگر و بەهێز و پیشەنگ دەمێنێتەوە، هەربۆیە ئەرکی پارتی قورسە و پارتی مەزنترە لەوەی تەنها پارتێکی سیاسی بێت!.
لەم ساڵیادە پڕ شکۆیەدا؛ شانازی بە پارتی بوونمان دەکەین و وەک هەمیشە جێبەجێکاری بەرنامە و ئەجیندای پارتی و ڕوانگە و سیاسەتی حەکیمانەی ڕابەری نەتەوەییمان (سەرۆک بارزانی) دەبین.




