حوزەیران… مانگی قوربانیدان

سەلام عەبدوڵڵا
لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963دا، كە پێرێ یادی بوو، سوپای عێراقی لە سلێمانی تاوانێكی گەورەی دەرهەق بە خەڵكی سلێمانی ئەنجامدا، وەك تۆڵەسەندنەوەیەك لەو شكستانەی دەرخواردی سوپای عێراقی لەلایەن پێشمەرگەكانی شوڕشی ئەیلوولەوە دەدراو بەو پێیە زۆرینەی خەڵكی سڤیلی سلێمانی بە جیاوازی پیشە و كار و تەمەنەوە ڕەشبگیر كراو خرانە نێو سەربازگەی ناسراو بە (حامیەی سلێمانی) و كۆمەڵێكی تێدا زیندەبەچاڵ و شەهید كرا.
حكوومەت بەو كارە قێزەونەی وای دەزانی ورەی خەڵكی قارەمانی سلێمانی لەو تاوانە دادەتەپێنێ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوكارە هەمەجیانەیان زیاتر ورەی خەڵكی بڵندكرد و سەدان شوڕشگێڕی تری خوڵقاند و ڕەوانەی نێو شۆڕش كرد.
هەر لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 1985 دا، دوای شكستە یەك لەدوای یەكەكانی سوپای عێراقی بەرامبەر سوپای ئێرانی، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، چونكە نەیاندەتوانی تۆڵەی خۆیان لە سوپای ئێرانی بكەنەوە لەباتی ئەوە پەلاماری (ئۆردوگای زێوەی)یان دا، كە تەنیا پەنابەرانی كوردی هەڵاتوو لە دەست ڕژێمی فاشی و دڕندەی بەعس تێیدا نیشتەجێ بوو، كە لەئەنجامدا 150 شەهیدی لێكەوتەوە، كە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بەوەش حكوومەتی عێراقی تاوانێكی تری خستەسەر مێژووی دوورودرێژی تاوانەكانی. هەر لە مانگی حوزەیراندا لە ساڵی 1994 دا، پۆلێك لە بەشداربووانی ڕێپێوانی 13 ی حوزەیران خەڵتانی خوێن كران كە تەنیا تاوانیان بەشداری لەڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەهیدان بوو.
هەر لەم مانگەدا لە نۆزدەی حوزەیرانی ساڵی 1947 چوار ئەفسەری قارەمانی بەشداربووی كۆماری مەهاباد لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە لە سێدارەدران هەزاران دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی حوزەیران، كە بەهۆیانەوە پلانی لەناوبردن و قڕكردنی گەلەكەمانی لە گۆڕنا.




