١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەم ناکۆکییە سیاسییە لەبەر چی ؟!..

سەرچاوە: KDP.info

د. سالار عوسمان

پرسیارێکی گرنگ، ئایا ڕەوشی سیاسیی کوردستان بۆ وا ئاڵۆز و ناکۆکە؟!.. ئەو پرسیارەی، کە ھەموومانی دەگەڵ خۆیدا سەرقاڵ کردووە، پرسیارێک، کە ھێندەی دەوروژێنرێت، نیو ھێندە بە دوای وەڵامەکەیدا، یا باشتر بڵێین بە دوای ھۆکارەکانیدا ناگەڕێین، کە ئەمەیش بۆ خۆی بابەتێکی تری قسەھەڵگرە، ئەو بابەتەی:(مرۆڤ پتر کائینێکی پرسیارییە نەک وەڵامی)، دیارە ئەم بابەتە جێباسی ئێرە نییە و ھەڵیدەگرین بۆ دەلیڤەیەکی تر. 

دێمەوە سەر ئەسڵی پرسیارەکە، ڕەوشی سیاسیی کوردستان بۆ وا ئاڵۆز و ناکۆکە و گرفتەکان چین؟!.. ڕوون و ڕاست دەمەوێت بڵێم: یەکێ لە گرفتە ھەرە سەرەکییەکانی ژیانی سیاسیی کوردستان، (گرفتی بێ متمانەیی) یە، کە بۆتە ھۆکاری ئەو ئاڵۆزیی و ناکۆکییە سیاسییەی، کە خەریکە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت حوکمڕانی کوردستانیش بەرەو ئاقارێکی خراپ دەبات.

گرفتی بێ متمانەیی، ئەگەر لە بنەڕەتیشدا گرفتێکی سیاسی بووبێت، لێ ئێستا بۆتە گرفتێکی کۆمەڵایەتی، واتە لە بەشەوە بۆتە گشت، گشت بەو مانایەی خەریکە کەس متمانەی بە ئەویتر نامێنێت، بە نموونە ھاوڵاتی بە دامەزراوەکان، کە ئەمەیان خەتەرترینیانە!..

بەر لەوەی بچینە نێو قوڵایی باسەکەوە، دەمەوێت لە پاڵ ئەم گرفتە سەرەکییە، کە (گرفتی بێ متمانەیی) یە، باس لە گرفتێکی تر بکەم، کە ئەویش گرفتی کەمبایەخیی کۆمەڵایەتییانەی سیاسەتە لە کوردستاندا، کەمبایەخیی کۆمەڵایەتی بەو مانایەی، کە حزبەکان کۆمەڵایەتییانە سیاسەت ناکەن، پێیانوایە ژیان، بوون و بوونەوەریش تەنێ بریتیە لە سیاسەت، کە ئەمەیش بۆخۆی ئیشکالیەتێکی زانستییانەیە و دەبێ دوور لە ژاوەژاو و بە مەبەستی چارەسەر لێوەی بدوێین، لێدوانێک، کە سیاسییەکانی کوردستان لەبەردەم ئەو ڕاستییە زانستییە دابنێت، کە کورتکردنەوەی سیاسەت لە خودی سیاسەت خۆیدا ھەڵەیەکی گەورەیە و بەکورتی، بوون بوونێکی کۆمەڵایەتییە و لە نێو ئەو بوونەیشدا سیاسەت پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتییە و مرۆڤیش بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی،  ئەو کاتەیش مرۆڤ: ھاوڵاتی، کە وەک دەنگدەرێک دەچێتە سەر سندوقی ھەڵبژاردن و شانسی حوکمڕانی بە ھەندێ حزب دەبەخشێت و پاشەکشەیش بە ھەندێکیان دەکات، بە تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە دەچێتە سەر سندوقی ھەڵبژاردن، کە پڕە لە مەیل و حەز و خواست و بەرژەوەندیی کۆمەڵایەتی، واتە کۆمەڵایەتییانە حزبێک ھەڵدەبژێرێت،  کۆمەڵایەتییانە سیاسەت دەکات، تەنانەت ئەگەر سەرجەم دروشم و سلۆغان و ڕوانگاکانیشی سیاسی بن، لێ لێکدانەوەکانی کۆمەڵایەتیین، بەکورتی پێیوایە ئەو حزبە ژیان باشتر دەکات، بۆیە دەنگی پێ دەدات، ھەر لەبەر ئەم ھۆیە دەبێ سیاسییەکانی کوردستان، تایبەت ئەو حزبانەی دەچنە نێو شەڕی دیموکراسییانەی ھەڵبژاردنەوە لەو ڕاستییە حاڵی بن، ئەو ڕاستییەی، کە ھاوڵاتی لە بنەڕەتدا کائینێکی کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەی لەو ڕاستییەیش حاڵی بن، دەبێ کۆمەڵاتییانە سیاسەت بکەن و وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییش بەرخورد دەگەڵ ھاوڵاتیدا بکەن!..

تا ئێستا زۆربەی حزبەکان سیاسەت تەنێ لە سیاسەتدا کورت دەکەنەوە، بۆیە زوو تووڕە دەبن، تەنیا یەک ڕووی وێنەکە دەبینن و زوو ھەڵدەچن، لە نێو ھەڵچوونیشدا گفتوگۆ ناکرێت، ئەوەندەی ژاوەژاوی بێ بەرھەم دەبینرێت، ئەوەندە گفتوگۆی بەرھەمھێنی نیشتیمانبین نابینرێت، ئەم ژاوەژاوە پەڕیوەتە نێو سۆشیال میدیایش و تا دێ جنێو، سوکایەتی، ناوزڕاندن و زمانپۆخڵییش لەگەڵیدا ھەڵدەکشێ، ئەوانەی توانای گفتوگۆیان ھەیە کەسە بەھێزەکانن، بە درێژایی مێژوویش ئەگەر دیوارێک ھەڵچنرابێ بەرھەمی گفتوگۆیە و وێرانەییش بەرھەمی بێ گفتوگۆیی!... کەواتە ئێستا ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی ئەخلاقی گەورەداین: ئێمە توانای گفتوگۆمان ھەیە یان نا؟!..

ئەوەی کۆمەڵایەتییانە سیاسەت بکات، لەو ڕاستییە تێدەگات، کە کۆمەڵگا بریتیە لە ئەم و ئەو و ئەویتر و ئەوانیتر، ئەگەر ھەر بەم ڕوانگەیەوە، ڕوانگەی کوردستان ھی ئەم و ئەو و ئەویتر و ئەوانیتر، واتە کوردستان ھی ھەمووانە سیاسەت بکەین، ئەوا ژاوەژاوی گوێنەگرتن لە یەکتر کۆتایی دێت و بە ڕوونی گوێمان لە یەکتر دەبێت، پرۆسەی گفتوگۆی دروست دادەمەزرێت و لە نێو ڕووناکی گفتوگۆیشدا سەرەداوەکانی چارەسەر وەدیار دەکەون و کە چارەسەریشمان دۆزییەوە متمانە دەگەڕێتەوە، بۆ دەڵێم دەگەڕێتەوە، چونکە پێشتر متمانەیەکی قووڵ و بەھێز لە کۆمەڵگەی کوردیدا ھەبوو، تەنانەت لە نێوان حزب و ھاوڵاتی، حکومەت و ھاوڵاتی، دامەزراوەکان و ھاوڵاتی و ... ھتد!

ئەی بۆ وای لێھات ؟  بۆ متمانە کەوت و چی بکەین باشە؟!.....

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار