١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

مۆمی یەک ساڵ

سەرچاوە: KDP.info

تەنیا کوردی

نێچیرڤان بارزانی بەبێدەنگی مۆمی ساڵێکی لە سەخترین ساڵی جیھاندا لە حوکمڕانی سەرۆکایەتی ھەرێم، کوژاندەوە.

ساڵێک کە توانی لە وەرزی یەکەمدا، ناوخۆی کوردستان بخوێنێتەوە و کۆدەنگی سیاسی دروست کرد، لە کاتێکدا بەھۆی رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر لە دوای ریفراندۆم ئاستەنگی سەخت ھەبوون ھێزە سیاسییەکان بگەڕێنەوە سەرمێزی گفتوگۆ، بەڵام توانی ئەم بەربەستە سیاسییە بشکێنێ و، بە حزبەکانی حکومڕان و ئۆپۆزسیۆن و پێکھاتەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆی کردنەوە و یەکەم دیمەنی سەرجەم حزبە سیاسییەکانی ھەرێم لە دوای ریفراندۆم بەیەکەوە نیشانی وڵاتانی ناوچەکە درا کە کورد دەتوانێ سەرباری بۆچوونی جیاواز بەڵام کۆدەنگ و یەکریز بێ.

لە ئاستی عێراقدا، توانی کۆدەنگی و پێکەوە بڕیاردان لە نێوان ھێزە سیاسییەکان دروست بکات، بەیەکەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کورد دەنگی لە دژی وەدەرنانی ئەمەریکا لە عێراق نەدا، بەیەکەوە کاندیدی سەرۆکوەزیرانێکیان رەتکردەوە و بەیەکەوەش دەنگیان بۆ مستەفا کازمی بۆ سەرۆکوەزیران داو بەیەکەوەش لەسەر پشکی کورد بۆ پۆستە وەزارییەکان دەنگیان داو بەیەکەوەش لەسەر کارنامەی گفتوگۆی ھەولێر و بەغدا رێککەوتن.

لە ئاستی سووریا سەخترین بەربەستی سیاسی شکاند، توانی بەرەی کورد لەگەڵ کورد لەیەکتری نزیکبکاتەوە، توانی ھەردوو ئەنجومەنی تەڤدەم و ئەنەکەسە بخاتە سەر یەک مێزی گفتوگۆ و، پرۆسەی ئاشتی لەوێ سەربخات کە خەریکە کورد لەوێ کۆدەنگی سیاسی بەدەستدێنێ، ئەمەش کارێکی سەخت بوو، بەڵام دوور لە چاوی مێدیا ئەنجامی داو، بناغەیەکی بۆ یەکریزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دانا، کە داھاتوو و چارەنووسیان بەم یەکریزەوە بەندبوو.

لە ئاستی دەولیشدا توانی لە داڤۆس سەرنجی سەرۆکی ئەمەریکاو وڵاتانی جیھان بۆ سەر ھەرێم رابکێشێ، لەوێ دۆناڵد ترامپ بەبەرچاوی جیھان پێیگوت، جەنگاوەری مەزن لە ناوچەکەدا، کە مەبەست لێی لە ڕوویی دیپلۆماسیەتی ناوچەکەدا توانی رۆڵی سەرەکی ھەبێ لە سووریا و عێراق و ناوچەکە بەبێ ئەوەی کە لەسەر شاشەی مێدیایدا ھیچ کامێک لەم دەستکەوتانە بخاتە ڕوو، بەبێ دەنگی ھاوکێشەکانی حەسم کرد.

سەرباری ئەوەی نەیھێشت بارگرژی سیاسی لەسەر ھەندێ رووداوی وەک زینی وەرتێ، یانیش ھەندێ رووداوی تر ببن بە دەرگایەک بۆ گەڕانەوەی سفر ئیدارە و زۆر شتی تر، بە ھێزی نەرم و دیپلۆماسیەتێکی ورد ئەم دەستکەوتانەی لە ساڵێکدا نەخشاندن، بۆ ئەم ساڵیش بە دڵنیاییەوە دەستکەوتی دیکەی سیاسی بەڕێوەن و، ئەم ھێزە نەرمە بۆ سەقامگیری سیاسی کوردستان لە ناوچەکەدا ھەموو ساڵێک وزەی نوێی ھاوچەرخی کوردستانە و بەم لۆژیکەیش بە دڵنیاییەوە دەستکەوتی گەورەتر بەدەست دێن.

هەواڵی پەیوەندیدار