تێپەڕبوونی یەک ساڵ دیبلۆماسیەت و کۆکردنەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لە ژێر یەک چەتر

عیماد تەها
یەک ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر سوێندخواردنی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا توانی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە رەنگ و دەنگی جیاوازیان هەبووە و هەیە لە سەر یەک مێز کۆ بکاتەوە و هەنگاوەکان لەسەر پرسە ستراتیژییەکان لەگەڵ بەغدا و دەوڵەتانی ئیقلیمی بەیەک مەبەست ئاراستە بکرێن. هەرچەندە بەڕێزیان لە قۆناغێکی زۆر سەخت و دژواردا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتییەکە، سەرکەوتوو بوو لەوەی بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنەکان بکات. ولەم میانەیەدا کارنامەیەکی دەوڵەمەند و مەدروسی لەبەردەستدا بوو بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە کەڵەکەبووەکان لە ناوخۆی هەرێم و لەگەڵ بەغدا و دەرەوە و هەروەها برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی، بەڵام دۆخێکی نالەبار و ناهەموار باڵی بەسەر جیهاندا کێشا کە ئەویش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو کە بووە رێگر لەبەردەم هەر چالاکییەکی سیاسی و دبلۆماسی. بە گەواهیی ناوخۆ و دەرەوە بەڕێزیان بەوە ناسراوە کە لە ناوەوە هێمن و لە دەرەوە بەهێزە و کەسایەتییەکی پەسندە و تا ئێستاش کە روو لە هەر گفتوگۆیەک دەکا لایەنی بەرامبەر دەزانێت کە مەبەست لێی گەیشتن بە ئەنجامی ئاشتییانە و سیاسییە.
بە دڵنیاییشەوە لە دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخ و کەمبوونەوەی رێکارەکانی پێشگرتن لە کۆرۆنا دەست دەداتە جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی و ئەمەش رەنگدانەوەی بەرچاوی دەبێت لەسەر پێگە و پایەی هەرێم.




