شرۆڤەیەکی یاسایی بۆ یاسای چاکسازی

پارێزەری ڕاوێژکار- نەوزاد سابیر خۆشناو
یاسای چاکسازی ھێز بە یاسا بەرکارەکانی تر دەدات، یاساو بنەما یاساییەکان بۆ رێکخستنی ھەڵسوکەوتی تاکە لە نێو کۆمەڵگەدا. ئامانج لە دەرچوونی یاسا لە لایەن دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنی لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن، رێکخستنی کاروباری ژیان و پەیوەندی نێوان دامەزراوە یاساییەکان و کۆمەڵگایە.
ھێزی یاساکان لە جێبەجێکردنیانە وە بە ھۆی بارودۆخی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق و بە تایبەت لە ھەرێمی کوردستان، سستی و لاوازیی لە تەواوی سیستم و سێکتەرە جیاوازەکان و دروستبوونی کۆمەڵیک قەیران رۆلی یاسا و بنەما یاساییەکان بە شێوەیەک لاواز و پەک خست.
جێبەجێنەکردنی بەشێک لە دەقە یاساییەکان و پەکخستنی یاساکان لە لایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دامەزراوەکان و خودی ھاوڵاتیانیش بووە ھۆکاری ھێنانەدی بریاری ناتەندروست و پەرتەوازەیی لە کاری ئیداری و نارێکی لە دەرچوونی ھەندێ بڕیار، لە ئەنجامدا کۆمەڵێک لە بڕیار و رێککارەکان بەدەر لە یاساکان جێبەجێکران و کارە نایاساییەکان نا دادپەروەری و نا یەکسانی لە بەشێک لە سێکتەرەکان لە ھەرێمی کوردستان بووە بارگرانی بە سەر بودجە و لە دەرەنجامیشدا بووە ھۆکاری خراپیی باری ئابووری و ئیدارە لە ھەرێم.
لە گەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییە پێکھێنەرەکانی کابینەکە کۆکبوون لە سەر کۆتاییھێنان بەو بارودۆخە وە شاندانە بەر چاکسازی، بە ئامانجی دەربازکردنی ھەرێمی کوردستان لە بارودۆخی خراپی دارایی و ھێنانەدیی دادپەروەری.
لە کابینەی نۆیەم، خودی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کارەکتەرێکی سەرەکی بوو لە ئامادەکردنی پرۆژەی چاکسازی و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسندکردنی وە کۆ دەنگی زۆربەی لایەن و فڕاکسیۆنەکان و تێروانینی ئەرێنیان بۆ چاکسازی، ھۆکار بوو بۆ ئەوەی چاکسازی لە پرۆژەوە ببێت بە یاسا و لە ژێر ناوی (یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین وئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان -عێراق).
یاساکە لە پێناو رێکخستنەوەی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و ھێنانەدی دادپەروەری و یەکسانی لە خەرجکردنی مووچە و دەرماڵە وئیمتیازاتە داراییە گشتیەکان دەرکرا.
ھۆکارێکی دیکەی دەرچوونی ئەم یاسایە رێگریکردنە لە سوود وەرگرتن بەناڕەوایی و نایاسایی لە بودجەی گشتی .
وە لە لایەکی تر ناوەڕۆک و بڕگەو ماددەکانی یاسای چاکسازی دەبێتە ھۆکارێک بۆ جێبەجێکردنی ھەندێ لە یاسا کار پێکراو و بەرکارەکان لە ھەرێمی کوردستان وە ھێز دەداتەوە بەو یاسایانە کە بریتین لە :-
١ - یاسای خانەنشینی کارپێکراو ژمارە (٢٧)ی ساڵی ٢٠٠٦.
٢- یاسای ئیمتیازاتی زیندانی کراو و گیراوی سیاسی کوردستان ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠١١.
٣- یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەھید و ئەنفالکراوەکان لە ھەرێمی کوردستان ژمارە (٩ )ی ساڵی ٢٠٠٧.
٤- یاسای ژمارە ١٩ ی ساڵی ٢٠٠٧ یاسای ( وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان ).
٥- یاسای خانەنشینی کەمئەندامانی پێشمەرگە (زێرەڤانی) لە ھەرێمی کوردستان ژمارە(٣٤)ی ٢٠٠٧.
٦- یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە( ٢٥ )ی ساڵی ١٩٦٠ی ھەموار کراو.
٧- یاسای ژمارە ٣٣ ی ساڵی ٢٠٠٧ (یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان)
٨- یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان .
٩- یاسای ڕاژەو خانەنشینی پێشمەرگە (زێرەڤانی) ھەرێمی کوردستان ژمارە ٣٦ی ساڵی ٢٠٠٧.
جگە لە ھێز دانەوە بەو یاسایانە، لە حوکمە کۆتاییەکانی یاسای چاکسازی ڕۆڵ بە دامەزراوە یاسایی و تایبەتمەندو چاودێرییەکان وەکو دیوانی چاودێری دارایی، دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان و داواکاری گشتی لە ھەرێمی کوردستان دەداتەوە وە پێگەیان بە ھێزتر دەکاتەوە .




