شاندی پارتی بەشداری لە كۆنفڕانسی ڕێكخراوی پارتە سیاسییەكانی ئاسیادا كرد

هەولێر-KDP.info- کۆنفرانسی ساڵانەی ڕێکخراوی پارتە سیاسیەکانی ئاسیا ناسراو بە ئایکاپپ لە تێراگانو ئەنجامدرا، تێراگانۆ هەرێمێکی سەڵتەنەتە و یەکێکە لە ١٣ هەرێمەکەی مالیزیای فیدراڵ ژمارەی دانیشتوانی ملیون و نیوێکە، خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆر سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز و دارستانە و یەکێکە لە هەرێمە دەوڵەمەند و سەرنجڕاکێشەکانی ئەو وڵاتە.
ئایکاپپ ساڵانە چەند کۆنفرانسێک لە بوارە جیاوازەکان کە کاریگەریان لەسەر ژیان و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی وڵاتانی ئاسیا هەیە ساز دەکات بە ئامانجی نزیک بوونەوە و بەهێزکردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی نیوان پارتە سیاسی و حکومەتەكان. جێگای باسە ئایکاپپ پێکدێت لە زیاتر لە ٣٠٠ پارتی سیاسی هەموو وڵاتانی ئاسیا کە خاوەن چەندین بۆچوون و ڕوئیا و ئایدۆلۆژیای جیاوازن، جیاواز لە ڕێکخراوەکانی تری جیهان وەک خۆی خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیەک نیە، بەڵکوو چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی پارتە سیاسیەکانی ئاسیا. ئەم کۆنفرانسە کە دواین کۆنفرانسی ٢٠١٩ ئایکاپپە لە هەرێمی تێراگانۆی مالیزیا بەڕێوەچوو بە چاودێری و بەشداری حکومەت و سەرۆک وەزیرانی تێراگانو. شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگهێشت کرا، لە میانەی ئەو کۆنفرانسە چاویان بە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەڕلەمانی تێراگانۆ کەوت.
کۆنفرانسی ئەمساڵ بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەڕلەمانی هەرێمی تێراگانۆ، نوێنەری پارتی سیاسی و حکوومەت لە ٢٥ وڵات تێدا بەشداربوون، گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی شار و گەلان و وڵاتانی ئاسیا لەڕێگای گەشتوگۆزار، بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە پارتە سیاسیەکانی ئەندام لە ئایکاپپ و بەشداربووان دەکات هاوکاربن لە نزیک کردنەوەی وڵاتانی ئاسیا و دروستکردنی هەماهەنگی لەنیوان شارەکان هاندانی خەڵکی بۆ گەشەپێدانی سێکتەری گەشتوگوزار. بابەتێکی دیکەی ئەو کۆنفرانسە قسەکردن بوو لەسەر هەلی کار و سەرچاوەی مرۆیی وڵاتانی ئاسیا و بەکارهێنانی بۆ گەشەسەندنی ئابووری و ئارامی لە ئاسیادا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتبوو لە بەڕێزان عەبدولسەلام عەبدوڵڵا بەرپرسی دیسکی ئۆراسیا و جەنگیز ئاوەکەڵەیی بەرپرسی ڕاگەیاندن و کۆمیونیکەیشنی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، وتاری پارتی لەلایەن بەڕێز عەبدولسەلام عەبدوڵڵاوە خۆیندرایەوە، باسی لە ئارامی و ئاسایش و گونجاوی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتوگوزار و ئاماژەی دا کە کوردستان خاوەنی دەیان جێگای دینی و مێژوویی و جێگای سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیاری کە جێگای بایەخی گەشتیارانە. لە میانەی ئەو کونفرانسەدا شاندی پارتی چاویان کەوت بە ڕێزدار ئەحمەد سامسوری موختار سەرۆک وەزیران تێراگانۆ و ڕێزدار داتۆ حاجی یەحیائەلی سەرۆکی پەڕلەمانی تێراگانۆ، لە هەردوو دیدار شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کورتی باسیان لە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و بەرچاو ڕونیەکی زیاتریان پێدان لەسەر پێگە و گەشەی هەرێمی کوردستان و گرنگی پێدانی حکومەت بە سێکتەری گەشتوگوزار و ئارامی و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی نێۆخۆی و دەرەکی.
هەردوو سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بە ئامادەبوونی شاندی پارتی، گوتیان ئەمە یەکەم جارە شاندی هەرێمی کوردستان بە فەرمی سەردانی هەرێمی تێراگانۆ بکات، هەردوولا هیوایان خواست کە ئەم کۆنفرانسە سەرەتایەکی باش بێت و بتوانیت پەرە بە پەیوەندیی وڵاتان و هەرێمە بەشداربووەکان بدات. لە میانەی ئەو دیداردا بەڕێز دکتور ئەحمەد سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند کە گەشتوگوزار کرانەوە و ئاشنا بوونی میللەتان و نەتەوە و وڵاتانە بە یەکتری و ئومێدی خواست ئەمە سەرەتایەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و وڵاتانی بەشدار لەگەڵ هەرێمی تێراگانو بێت

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
