کونسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد

هەولێر-KDP.info- بەڕێز ئۆلێگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لە لایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبەوە پێشوازی کرا. بەڕێز سیوەیلی سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستان و سەرکردایەتیی پارتیی ئاراستەی سەروککۆمار و وەزیری دەرەوە و خەڵکی ڕووسیا لە ڕێگای جەنابیانەوە کرد و ڕایگەیاند، کە مێژووی پەیوەندییەکانیانی ڕووسیا و گەلی کوردستان بۆ چەندین سەدە دەگەڕێتەوە و چەندین قۆناغی بڕیوە تاکو بە ئێستا گەیشتووە.
لەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی باسی لە ڕەوشی ئێستای عێراق بۆ شاندی میوان کرد و ڕایگەیاند، کە ئێمە نیگەرانین لە شیوازی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپێشاندەران و پاڵپشتیی تەواو لە داواکارییەکانیان دەکەین و بە ڕەوا و شەرعییان دەزانین. دانیشتووانی عێراق تەواو بێئومێد بوون لە سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و بەتایبەتی لە لایەن ئەوانەی کە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا بەپرسیاریەتیی حکوومەتی فیدراڵیان لەئەستۆ بووە، خراپیی خزمەتگوزاری و گەندەڵی و ڕەوشی خراپی ژیانی خەڵک و بێکاری وای کردووە دانیشتووانی عێراق تووڕە بوونە و ئەمەش مافی سەرەتاییی هەموو کەسێکە.
تەوەرێکی دیکەی ئەو دانیشنە گفتوگۆ بوو لەسەر ڕەوشی ڕۆژئاوای کوردستان، بەڕێز سیوەیلی جەختی لە هەڵوێستی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، کە نیگەرانییە لە بارودۆخی ڕۆژئاوا و هێرشی سەربازیی تورکیا بۆ سەر ناوچەکان و ئاوارەبوونی هەزاران کەس و ئاڵۆزبوونی ئاسایش و تێکچوونی ئارامی، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ناوچەکە هەمووی دروست دەکات.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی داوای لە بەڕێز ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین کرد، کە پاڵپشتیی گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن لە کاتی دانوستان و نووسینی دەستووری سووریا و دانوستانەکانی ئاستانە. بەڕێز کونسوڵی گشتی، سوپاسی ئەو دەرفەتی کرد و ڕاگەیاند، کە حکوومەتی وڵاتەکەی هەڵوێستی خۆی دەربارەی مافی گەلی کورد خستووەتە ڕوو و هەوڵی تەواویش دەدات بۆ دەستەبەرکردنیان.
کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ڕایگەیاند، پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ڕووسیا لە ئاستێکی بەرزدایە و هەوڵی زیاتر بەهێزبوونی دەدەن لە هەموو بوارەکاندا و بۆ ئەمە هەنگاوی باشیان ناوە. دەربارەی باردۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە بەڕێزیان دووپاتی کردەوە، کە پێویستە حکوومەت و گەلانی ناوچەکە کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکەن و ئەوانیش چییان پێ بکرێت وەکو هاوکاری و لێکنزیککردنەوەیان دەیکەن، گرنگە گەلانی ناوچەکە یەکتر قبووڵ بکەنە و جیاوازییەکان وەلا بنێن، کە دەبێتە هۆکاری لێکترازان و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەکە.


__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
