شەڕ راگرن

ئاریان فەرەج
سیناتۆرێكی ئەمریكایی بە ترەمپ دەڵێ: ئەوانەی پارەی كاش دەدەن، سەربازانی ئەمریكایان بۆ بەكوشت دەدەی، بەڵام كورد خوێن دەدەن كەچی بەجێیان دەهێڵی.
ئەم هاوكێشە نائەخلاقییە زەنگی مەترسیی گەڕانەوەی هەمەجیەت و بێ نرخبوونی بەهای بەرزی مرۆڤە، كاتێ پارە و چەك لە خوێن بەنرختر بێت، كەواتە جیهان لە قەیرانێكی ئەخلاقیی قوڵ و ترسناكدایە، تێكۆشانی سەدان ساڵەی بەشەرییەت بۆ ئەوە نەبوو بەم ئەنجامە ئابڕوووبەرە بگات، مرۆڤایەتی مومكین نییە بەم داڕوخانە مۆڕاڵییە قایل بێت.
كورد لە جیاتی هەموو جیهان سەرسەختترین دوژمنی مرۆڤایەتی تێكشكاند، كەچی لە جیاتی پاداشت و پێزانین، بە بەرچاوی جیهانەوە تۆڵەی لەناوبردنی داعشی لێدەكرێتەوە و بێكەس كوژ دەكرێت. بە پشتی قاعیدە و جەبهەی نوسرە و تیرۆریستانی هاوكوفی داعش خاكی زەوت دەكرێ و ئاوارە دەكرێ و دیمۆگرافیای خاكەكەی دەشێوێندرێ.
كێشەی توركیا لەگەڵ حزبێكی رۆژئاوا، شەرعیەت بە شەڕی لەنێوبردنی میلەتێك و وێرانكردنی خاك و تێكدانی سەقامگیریی و ئاساییشی كۆی ناوچەكە نادات، دواجاریش ئەو شەڕ و لەشكركێشی و وێرانكارییە بەهیچ جۆرێك كێشە چارەسەر ناكات و تەنیا ماڵوێرانی و رقەبەرایەتی و گرفتی گەورەتر دەنێتەوە.
ئەركی لەدواخستن نەهاتووی كورد و كوردستانییان لەم ساتەوەختە كارەساتبارەدا، یەكخستنی هەموو توانا و هەوڵەكانە بۆ رێگری و هەرچی زووتر راوەستاندنی ئەم (كانی خوێن)یە، رای گشتی جیهان و هەموو ئەوانەی ویژدانیان زیندووە، ئەو شەڕ و پەلامارە رەت دەكەنەوە، ئەو شەپۆلە مەزنەی ناڕەزایی جیهانی، دەبێ ببێتە فشارێكی نێودەوڵەتیی یەكلاكەرەوە و ئەم شەڕە رابگرێ، لەگەڵ رزگاركردنی كورد، بەهاكانی مرۆڤایەتی و ئابڕووی لەكەداربووی بەشەریەتیش بكڕێتەوە.




