شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریی لە كۆڕبەندی ئاسایشی وارشۆدا کرد

وارشۆ -KDP.info- چوارشەممە (٢-١٠-٢٠١٩) كۆڕبەندی ساڵانەی ئاسایشی وارشۆ دەستی پێ كرد و شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، كە بەفەرمی بانگهێشت كرابوو بەشداریی لەو کۆڕبەندەدا كرد. هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكایەتیی شاندی پارتی دەكات و لەو كۆڕبەندەدا یەكێك بوو لە پەناڵیستەكان.
دیداری ساڵانەی وارشۆ بە بەشداریی دەیان سەكردە و سیاسەتمەدار و دیپلۆمات و كەسانی دیاری سەربازی و ئاسایشی بەڕێوە دەچێت و باس لە مەترسی و هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی جیهان دەكرێت، چەندین پەناڵیش ڕێك دەخرێن بۆ ئەو كەسانەی كە تایبەتمەندن بەو بوارە و خەڵكی ئەو جێگایانەی كە مەترسی و هەڕەشەی تیرۆریان تێدا زیاترە. بەڕێز هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە یەکێك لە پەناڵەكاندا بەشداریی کرد و باسی لە مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆر لە جیهاندا بەگشتی و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كرد.
هۆشیار سیوەیلی شیكردنەوەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی بۆ سەرهەڵدانی بیری توندڕۆیی، كە هەوێنی تیرۆرە، كرد. بەرپرسی پەیوەندییەكانی پارتی ڕایگەیاند، نەبوونی دامودەزگای نیشتمانی و دادپەروەی و گۆشەگیریی سیاسی و بەشداری پێنەكردنی پێكهاتەكانی كۆمەڵگا لە بڕیار و سیاسەتی دەوڵەتدا یەكێك لە هۆكارە دیار و بەرچاوەكانی سەرهەڵدانی بیری توندڕۆیی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەتانە.
دەربارەی هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان، بەڕێز سیوەیلی ئاماژەی بە ناسەقامگیریی سیاسی و بارودۆخی خراپی ئابووری و شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد، كە بەشێكی زۆری لەسەر بنەمای عەقڵیەتی تایفی و مەزهەبییە و ئەمەش بووەتە هۆكاری تێكچوونی شیرازەی نێوان گەلانی ئەو ناوچەیە.
دەربارەی هەرێمی كوردستان و عێراق، سیوەیلی جەختی لەوە كردەوە، کە بۆ شەڕی تیرۆر پێویستە حكوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگاتە ڕێكکەوتن و لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری تیرۆریستان، كە بوونەتە هەڕەشەری گەورە و سەرەكی، لەو ناوچانەن كە كێشە لەسەرن، دەکرێ بە جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور كۆتاییی پێ بهێندرێت. گوتیشی، پرسی كورد و دەوڵاتان و گەلانی ناوچەكە پێویستی بە تێگەیشتن و ڕێزگرتن لە داخوازی و مافەكانی یەكدی هەیە و ئەگەر ئەمە بكرێتە بنەمای گفتوگۆ، لەو باوەڕەداین نزیكبوونەوەی باشتر بەدی دێت و سەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەكە پەیدا دەبێت. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی سەرمایەیەكی دەڵەمەندی مرۆیی و سروشتییە و بە بەدەستهێنانی ئاسایش و ئارامی دەتوانێت بەرەوپێشەوەچوونی زۆر بەخۆیەوە ببینێت و پێشكەوتنی ئابووری و خوشگوزەرانی بەدی بهێنێت، نەك تەنیا بۆ دانیشتووانی ناوچەكە، بگرە بۆ جیهانیش.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
