لە وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا پێشوازی لە شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرا

وارشۆ-KDP.info- شاندێکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئەمیر جەرگیس، بەرپرسی دێسکی ئەوروپا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، کە بە بانگهێشتی فەرمیی کۆڕبەندی ئاسایشی ٢٠١٩ لە وارشۆ، سەردانی وارشۆی پایتەختی پۆلۆنیایان کردووە و، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی سیاسی لەگەڵ دامەزراوە حکوومی و هزری و ستراتیژی و ئەمنی و ئەکادێمییەکانی کۆماری پۆلۆنیا دەکەن.
شاندەکەی پارتی لە یەکەمین دیدار و چالاکییاندا لە لایەن دکتۆر ماچێی لانگ، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا و بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئاسایشی وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا لە ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بەڕێز بارتۆش گرۆداتسکی، بەرپرسی فەرمانگەی کاروباری کونسووڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوە و ستێفان هەینۆڤیچ، ڕاوێژکاری جێگری وەزیری دەرەوە بە گەرمی پێشوازی کران. هەروەها شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە جیا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا لە لایەن هەریەک لە بەڕێزان پژێمێسواڤ بۆباک، بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوە و جێگری دووەمی فەرمانگەی ناوبراو، هۆبێرت شڤێنتێک، پشوازییان لێ کرا.
لە دیدارێکی سیاسیدا، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و شاندی یاوەری چەندین بابەتی گرنگیان لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا تاوتوێ کرد و، لەسەر گرنگیی بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆلۆنیا و ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا بە سەرۆکایەتیی جێگری وەزیری دەرەوە بۆ هەولێر لە کۆتاییی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا و پرسی بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی کۆماری پۆلۆنیا بۆ کونسووڵگەریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و، برەودان بە پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و بازرگانی و کەلتووری و ئەکادێمییەکان و چەندین لایەنی تری جێی بایەخ لە نێوان کوردستان و پۆلۆنیا و، شیکردنەوەی دواپێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە لە دوای نەمانی داعش و ڕەهەندەکانی دیالۆگی لێکتێکگەێشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ماددەی ١٤٠ی دەستوور بۆ ئاساییکردنەوەی بارۆدۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بەهۆی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لە ئەنجامی سەرهەڵدانەوەی داعش بەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە پرسی ئاسایشی ناوچەکەدا ڕووبەڕووی خەڵکی سڤیلی ئەم ناوچانە بووەتەوە و هێزەکانی سوپای فیدراڵی عێراق و هێزە ئەمنی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی توانای پاراستنی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعشیان بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە نەماوە و بەبێ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر نابێت.
هەر لە دیدارەکە باس لەوە کرا کە پەیوەندیی ئیتیحادی لە نێوان هەولێر و بەغدا و ئاڵۆگۆڕی شاند لە نێوان هەردوو لا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە دەستوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و پرسی بودجە و هاوکاریی ئەمنی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و چەندین لایەنی تری نێوان هەردوو لا پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆست و لە نێویانیشدا کۆماری پۆلۆنیا و وڵاتانی تری یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاریی هەردوو لا بکەن، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی و دەستوورییەکان لە ڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانەوە بۆ بنیادنانی ئاشتی و سەقامگیری و هاوکاری و پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا.
بەرپرسی فەرمانگەی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) بۆ وارشۆی پایتەخت، ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەسەر پرسە گەرمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و عێراق، بەتایبەت بنبڕکردنی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکەدا، پێشکەوتنە سیاسی و دیموکراتییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە و کەلتووری بەرزی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ڕایانگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیا گرنگییەکی زیاتر بە فراوانکردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات و پێشبینی دەکەن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاستی پەیوەندییەکانی کۆنسووڵی خۆیان لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆنسووڵگەریی گشتی بەرز بکەنەوە و وەک هاوبەشێکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و ئاشتی و دیمۆکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان جێی بایەخی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری پۆلۆنیایە و بە هەمان شێوە لە نزیکەوە لەگەڵ عێراق کار دەکەن و لە هەر پێشڤەچوونێک لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا لەگەڵ عێراقدا گرنگی بە هەرێمی کوردستانیش دەدەن و لە ئایندەدا شاندی تری پۆلۆنی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بەشداریکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیاکانی کۆماری پۆلۆنیا لە پێشانگای نێودەوڵەتی و بازرگانیی هەولێری پایتەخت لە کۆتاییی مانگی ئەیلوولدا بە سەرەتایەکی باش بەرەو گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆلۆنیا دەزانن.

__2024_04_30_h19m28s8__HK.jpg)

__2024_04_07_h16m10s32__ER.jpg)
